دوو دزیشیان لەگەڵی لە خاچ دا، یەکێک لەلای ڕاستی و ئەوەی دیکەش لەلای چەپی. [ نووسراوە پیرۆزەکە هاتە دی کە دەڵێت: ﴿لەگەڵ یاخیبووان ژمێردرا.﴾] ئەوانەی بەوێدا تێدەپەڕین، جنێویان پێی دەدا و سەریان بادەدا و دەیانگوت: «ها! ئەی ڕووخێنەری پەرستگا و بنیادنەرەوەی لە سێ ڕۆژدا، خۆت ڕزگار بکە و لە خاچەکە دابەزە.» بە هەمان شێوە کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات گاڵتەیان دەکرد و بە یەکتریان دەگوت: «خەڵکی دیکەی ڕزگار کرد، بەڵام ناتوانێ خۆی ڕزگار بکات! با ئێستا مەسیحی پاشای ئیسرائیل لە خاچەکە دابەزێت، تاکو ببینین و باوەڕ بهێنین.» ئەوانەش کە لەگەڵی لە خاچ دەدران قسەیان پێ دەگوت. کە بووە کاتژمێر دوازدە تاریکی باڵی بەسەر هەموو زەویدا کێشا هەتا کاتژمێر سێ. لە کاتژمێر سێ، عیسا بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «﴿ئێلی، ئێلی، لەما شەبەقتانی؟﴾» کە بە واتای ﴿خودای من، خودای من، بۆ وازت لێ هێنام؟﴾ دێت. کاتێک هەندێک لەوانەی لەوێ ڕاوەستابوون گوێیان لێی بوو، گوتیان: «ئەوە بانگی ئەلیاس دەکات.» یەکێک ڕایکرد و ئیسفەنجێکی لە سرکە هەڵکێشا و بەسەر قامیشێکەوە پێیدا تاکو بیخواتەوە و گوتی: «لێگەڕێن، با بزانین ئەلیاس دێت دایبگرێت؟» عیساش بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد و گیانی سپارد. پەردەی پەرستگاش لە سەرەوە هەتا خوارەوە شەق بوو و بوو بە دوو پارچەوە. ئەو سەرپەلەی بەرامبەر عیسا ڕاوەستابوو، گوێی لە هاواری بوو و بینی چۆن گیانی سپارد، گوتی: «بەڕاستی ئەم کەسە کوڕی خودا بوو!» چەند ژنێک لە دوورەوە تەماشایان دەکرد، لەنێوانیاندا مریەمی مەجدەلی و مریەمی دایکی یاقوبی بچووک و یوسی و سالومە دەبینران. ئەمانە لە جەلیلەوە دوای عیسا کەوتبوون و خزمەتیان دەکرد، زۆری دیکەش لەگەڵی هاتبوونە ئۆرشەلیم. ئێوارە داهات، ڕۆژی خۆ ئامادەکردن بوو، واتا ڕۆژی پێش شەممە، یوسفی خەڵکی ڕامە ئەندامێکی بەرزی ئەنجومەن بوو، ئەویش چاوەڕێی شانشینی خودای دەکرد، وێرای و چوو بۆ لای پیلاتۆس و داوای تەرمەکەی عیسای کرد. پیلاتۆس سەرسام بوو ئاوا بە زوویی عیسا مردووە، سەرپەلەکەی بانگکرد و لێی پرسی ئاخۆ دەمێکە مردووە. کاتێک لە سەرپەلەکەوە زانی، تەرمەکەی دایە یوسف. ئەویش کەتانی کڕی، دایگرت و بە کەتان کفنی کرد، لە گۆڕێکدا ناشتی کە لە تاشەبەرد هەڵکەنرابوو. ئینجا بەردێکی گلۆر کردەوە سەر دەرگای گۆڕەکە. مریەمی مەجدەلی و مریەمی دایکی یاقوب، بینییان لەکوێ نێژرا.
مەرقۆس 15 بخوێنەوە
گوێگرتن لە مەرقۆس 15
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: مەرقۆس 27:15-47
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان