لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مەرقۆس 1:15-26

مەرقۆس 1:15-26 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

هه‌ر به‌یانی زوو، كاهینانی باڵا و پیران و ته‌وراتزانه‌كان و هه‌موو سه‌نهه‌دریم ڕاوێژیان كرد. ئیشۆعیان په‌لبه‌ست كرد و بردییان، ڕاده‌ستی پیڵاتوسیان كرد. پیڵاتوس لێی پرسی: “تۆ پاشای جووی؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموو: “تۆ ده‌ڵێیت”. كاهینانی باڵا سكاڵای زۆریان لێ ده‌كرد. پیڵاتوس لێی پرسییه‌وه‌: “ئایا هیچ وه‌ڵام ناده‌یته‌وه‌؟ بزانه‌ چه‌ند گه‌واهی دژت ده‌ده‌ن”. به‌ڵام ئیشۆع هیچ وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه‌، ته‌ناته‌ت پیڵاتوس سه‌رسام بوو. له‌ هه‌موو جه‌ژنێک به‌ندكراوێكی بۆ ئازاد ده‌كردن، ئه‌وه‌ی داوایان بكردایه‌. به‌ڕئه‌ببا ناوێک له‌گه‌ڵ ئاژاوه‌گێڕان گیرابوو، له‌ ئاژاوه‌دا كوشتاریان كردبوو. ئینجا كۆمه‌ڵه‌كه‌ هاواریان كرد و داوایان كرد ئه‌وه‌ی هه‌میشه‌ ده‌یكرد بۆیان بكات. پیڵاتوسیش وه‌ڵامی دانه‌وه‌: “ده‌تانه‌وێ پاشای جووتان بۆ ئازاد بكه‌م؟” چونكه‌ زانی كاهینانی باڵا له‌ ئیره‌ییان ڕاده‌ستیان كردووه‌. جا كاهینانی باڵا كۆمه‌ڵه‌كه‌یان جۆش دا كه‌ به‌ڕئه‌ببایان بۆ ئازاد بكات. دیسان پیڵاتۆس وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی وتن: “ئه‌ی باشه‌ ده‌تانه‌وێ چی له‌وه‌ بكه‌م كه‌ پێی ده‌ڵێن، پاشای جوو؟” دیسان هاواریان كرد: “له‌خاچی بده‌!” پیڵاتوس پێی وتن: “باشه‌ چ خراپه‌یه‌كی كردووه‌؟” زیاتر هاواریان كرد: “له‌خاچی بده‌!” پیڵاتوسیش ده‌یویست كۆمه‌ڵه‌كه‌ ڕازی بكات، به‌ڕئه‌ببای بۆ ئازادكردن. له‌دوای به‌قامچی لێدانی، ئیشۆعی بۆ له‌خاچدان ڕاده‌ستكرد. سه‌ربازه‌كان بردییانه‌ كۆشكه‌كه‌، كۆشكی فه‌رمانڕه‌وا و هه‌موو تیپه‌كه‌یان كۆكرده‌وه‌. كراسێكی مۆریان له‌به‌ركرد، تاجێكیان له‌ دڕک چنی و له‌سه‌ریان نا. سڵاویان لێ ده‌كرد و ده‌یانووت: “سڵاو، ئه‌ی پاشای جوو!” به‌ قامیش له‌سه‌ریان ده‌دا و تفیان لێی ده‌كرد، چۆكیان داده‌دا و له‌به‌رده‌می كڕنۆشیان ده‌برد. دوای ئه‌وه‌ی گاڵته‌یان پێكرد، كراسه‌ مۆره‌كه‌یان له‌به‌ردا داكه‌ند و جلی خۆیان له‌به‌ر كرده‌وه‌ و بۆ له‌خاچدان بردییانه‌ ده‌ره‌وه‌. ڕێبوارێک له‌ كێڵگه‌ ده‌هاته‌وه‌، ناوی شیمعونی قه‌ورینێییی بوو، باوكی ئسكه‌نده‌ر و ڕۆپۆس، ناچاریان كرد خاچه‌كه‌ی هه‌ڵبگرێت. ئینجا بردیانه‌ شوێنی گاغولتا، واتا “كاسه‌سه‌ر”. مه‌یی تێكه‌ڵكراو به‌ موڕیان پێ دا بیخواته‌وه‌، به‌ڵام نه‌یخوارده‌وه‌. كاتێ له‌خاچیاندا، كراسه‌كه‌یان دابه‌شكرد، تیروپشكیان له‌سه‌ركرد، هه‌ریه‌كه‌یان چی به‌رده‌كه‌وێت. كاژێر سێ بوو له‌خاچیاندا، ناونیشانی تاوانه‌كه‌شی نووسرابوو: “پاشای جوو”.

مەرقۆس 1:15-26 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

هەر بەیانی زوو، کاهینانی باڵا و پیران و مامۆستایانی تەورات و هەموو ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای جولەکە ڕاوێژیان کرد. عیسایان قۆڵبەست کرد و بردیان و دایانە دەست پیلاتۆس. پیلاتۆس لێی پرسی: «تۆ پاشای جولەکەی؟» عیسا وەڵامی دایەوە: «خۆت گوتت.» کاهینانی باڵا سکاڵای زۆریان لێ دەکرد. پیلاتۆس لێی پرسییەوە: «ئایا هیچ وەڵام نادەیتەوە؟ بزانە چەند سکاڵات لێدەکەن.» بەڵام عیسا هیچ وەڵامێکی نەدایەوە و پیلاتۆسیش بەمە سەرسام بوو. لە هەر جەژنێکدا فەرمانڕەوا بەگوێرەی داواکاری خەڵکەکە بەندکراوێکی ئازاد دەکرد. پیاوێک بە ناوی باراباس لەگەڵ یاخیبووان گیرابوو کە لە ڕاپەڕینەکەدا کوشتاریان کردبوو. ئینجا خەڵکەکە هاتن و داوایان کرد ئەوەیان بۆ بکات کە هەمیشە دەیکرد بۆیان. پیلاتۆسیش لێی پرسین: «دەتانەوێ پاشای جولەکەتان بۆ ئازاد بکەم؟» چونکە دەیزانی کاهینانی باڵا لە ئیرەییدا عیسایان بە گرتن دابوو. بەڵام کاهینانی باڵا خەڵکەکەیان جۆشدا کە باراباسیان بۆ ئازاد بکات. پیلاتۆس دیسان لێی پرسین: «ئەی باشە چی لەوە بکەم کە پێی دەڵێن، ”پاشای جولەکە“؟» هاواریان کرد: «لە خاچی بدە!» پیلاتۆس لێی پرسین: «بۆ؟ چ خراپەیەکی کردووە؟» بەڵام ئەوان زیاتر هاواریان دەکرد: «لە خاچی بدە!» پیلاتۆسیش دەیویست خەڵکەکە ڕازی بکات، لەبەر ئەوە باراباسی بۆ ئازاد کردن، بەڵام فەرمانی دا کە عیسا بدرێتە بەر قامچی و پاشان لە خاچ بدرێت. سەربازەکان عیسایان بردە کۆشکی فەرمانڕەوا و تەواوی سەربازەکانیان کۆکردەوە. کەوایەکی ئەرخەوانییان لەبەرکرد، تاجێکیان لە دڕک هۆنییەوە و لەسەریان نا. دەستیان کرد بە سڵاو لێکردنی و دەیانگوت: «سڵاو، ئەی پاشای جولەکە!» بە قامیش لەسەریان دەدا و تفیان لێی دەکرد، چۆکیان دادەدا و لەبەردەمی کڕنۆشیان دەبرد. کاتێک گاڵتەیان پێ کرد، کراسە ئەرخەوانییەکەیان لەبەر داکەند و جلەکەی خۆیان لەبەرکردەوە و بۆ لەخاچدان بردیانە دەرەوە. ڕێبوارێک لە کێڵگە دەهاتەوە، ناوی شیمۆنی کورێنی بوو، باوکی ئەسکەندەر و ڕوفوس، ناچاریان کرد خاچەکەی ئەو هەڵبگرێت. ئینجا عیسایان بردە شوێنێک کە پێی دەگوترا گولگۆسا، واتا «شوێنی کاسەسەر». شەرابی تێکەڵ بە موڕیان پێدا، بەڵام نەیخواردەوە. لە خاچیان دا و جلەکانیان دابەش کرد، تیروپشکیان لەسەر کرد، بۆ ئەوەی بزانن هەریەکەیان چی بەردەکەوێت. کاتێک لە خاچیان دا کاتژمێر نۆی بەیانی بوو، ناونیشانی تاوانەکەشی نووسرابوو: پاشای جولەکە.