لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مه‌رقوس 1:15-26

مه‌رقوس 1:15-26 PNTZS

هه‌ر به‌یانی زوو، كاهینانی باڵا و پیران و ته‌وراتزانه‌كان و هه‌موو سه‌نهه‌دریم ڕاوێژیان كرد. ئیشۆعیان په‌لبه‌ست كرد و بردییان، ڕاده‌ستی پیڵاتوسیان كرد. پیڵاتوس لێی پرسی: “تۆ پاشای جووی؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموو: “تۆ ده‌ڵێیت”. كاهینانی باڵا سكاڵای زۆریان لێ ده‌كرد. پیڵاتوس لێی پرسییه‌وه‌: “ئایا هیچ وه‌ڵام ناده‌یته‌وه‌؟ بزانه‌ چه‌ند گه‌واهی دژت ده‌ده‌ن”. به‌ڵام ئیشۆع هیچ وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه‌، ته‌ناته‌ت پیڵاتوس سه‌رسام بوو. له‌ هه‌موو جه‌ژنێک به‌ندكراوێكی بۆ ئازاد ده‌كردن، ئه‌وه‌ی داوایان بكردایه‌. به‌ڕئه‌ببا ناوێک له‌گه‌ڵ ئاژاوه‌گێڕان گیرابوو، له‌ ئاژاوه‌دا كوشتاریان كردبوو. ئینجا كۆمه‌ڵه‌كه‌ هاواریان كرد و داوایان كرد ئه‌وه‌ی هه‌میشه‌ ده‌یكرد بۆیان بكات. پیڵاتوسیش وه‌ڵامی دانه‌وه‌: “ده‌تانه‌وێ پاشای جووتان بۆ ئازاد بكه‌م؟” چونكه‌ زانی كاهینانی باڵا له‌ ئیره‌ییان ڕاده‌ستیان كردووه‌. جا كاهینانی باڵا كۆمه‌ڵه‌كه‌یان جۆش دا كه‌ به‌ڕئه‌ببایان بۆ ئازاد بكات. دیسان پیڵاتۆس وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی وتن: “ئه‌ی باشه‌ ده‌تانه‌وێ چی له‌وه‌ بكه‌م كه‌ پێی ده‌ڵێن، پاشای جوو؟” دیسان هاواریان كرد: “له‌خاچی بده‌!” پیڵاتوس پێی وتن: “باشه‌ چ خراپه‌یه‌كی كردووه‌؟” زیاتر هاواریان كرد: “له‌خاچی بده‌!” پیڵاتوسیش ده‌یویست كۆمه‌ڵه‌كه‌ ڕازی بكات، به‌ڕئه‌ببای بۆ ئازادكردن. له‌دوای به‌قامچی لێدانی، ئیشۆعی بۆ له‌خاچدان ڕاده‌ستكرد. سه‌ربازه‌كان بردییانه‌ كۆشكه‌كه‌، كۆشكی فه‌رمانڕه‌وا و هه‌موو تیپه‌كه‌یان كۆكرده‌وه‌. كراسێكی مۆریان له‌به‌ركرد، تاجێكیان له‌ دڕک چنی و له‌سه‌ریان نا. سڵاویان لێ ده‌كرد و ده‌یانووت: “سڵاو، ئه‌ی پاشای جوو!” به‌ قامیش له‌سه‌ریان ده‌دا و تفیان لێی ده‌كرد، چۆكیان داده‌دا و له‌به‌رده‌می كڕنۆشیان ده‌برد. دوای ئه‌وه‌ی گاڵته‌یان پێكرد، كراسه‌ مۆره‌كه‌یان له‌به‌ردا داكه‌ند و جلی خۆیان له‌به‌ر كرده‌وه‌ و بۆ له‌خاچدان بردییانه‌ ده‌ره‌وه‌. ڕێبوارێک له‌ كێڵگه‌ ده‌هاته‌وه‌، ناوی شیمعونی قه‌ورینێییی بوو، باوكی ئسكه‌نده‌ر و ڕۆپۆس، ناچاریان كرد خاچه‌كه‌ی هه‌ڵبگرێت. ئینجا بردیانه‌ شوێنی گاغولتا، واتا “كاسه‌سه‌ر”. مه‌یی تێكه‌ڵكراو به‌ موڕیان پێ دا بیخواته‌وه‌، به‌ڵام نه‌یخوارده‌وه‌. كاتێ له‌خاچیاندا، كراسه‌كه‌یان دابه‌شكرد، تیروپشكیان له‌سه‌ركرد، هه‌ریه‌كه‌یان چی به‌رده‌كه‌وێت. كاژێر سێ بوو له‌خاچیاندا، ناونیشانی تاوانه‌كه‌شی نووسرابوو: “پاشای جوو”.

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان