لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مەتا 1:5-20

مەتا 1:5-20 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

كاتێ كۆمه‌ڵانه‌كه‌ی بینی، چووه‌ سه‌ر چیاكه‌، كه‌ دانیشت، قوتابییه‌كانی لێی هاتنه‌ پێشه‌وه‌، زاری كرده‌وه‌، فێری كردن و فه‌رمووی: “به‌خته‌وه‌ری‌ بۆ هه‌ژاران له‌ڕووح، چونكه‌ پاشایه‌تیی ئاسمانان هی ئه‌وانه‌. به‌خته‌وه‌ری بۆ په‌ژاره‌داران، چونكه‌ دڵنه‌وایی ده‌كرێن. به‌خته‌وه‌ری بۆ دڵنه‌رمه‌كان، چونكه‌ ده‌بن به‌ میراتگری زه‌ویه‌كه‌. به‌خته‌وه‌ری بۆ برسی و تینووه‌كان بۆ خوداناسی، چونكه‌ تێر ده‌كرێن. به‌خته‌وه‌ری بۆ به‌زه‌ییداران، چونكه‌ به‌ر به‌زه‌یی ده‌كه‌ون. به‌خته‌وه‌ری بۆ دڵپاكه‌كان، چونكه‌ خودا ده‌بینن. به‌خته‌وه‌ری بۆ دروستگه‌رانی ئاشتی، چونكه‌ به‌ ڕۆڵه‌كانی خودا ناوده‌برێن. به‌خته‌وه‌ری بۆ قاودراوان له‌ پێناوی خوداناسی، چونكه‌ پاشایه‌تیی ئاسمان هی ئه‌وانه‌. به‌خته‌وه‌ری بۆ ئێوه‌، ئه‌گه‌ر سووكایه‌تیتان پێبكه‌ن و قاوتان بده‌ن، له‌پێناوی من به‌ درۆ هه‌ر قسه‌یه‌كی به‌دتان پێ بڵێن. دڵخۆش و شادمان بن، چونكه‌ پاداشتتان گه‌وره‌یه‌ له‌ ئاسمانان. چونكه‌ هه‌ر وه‌هاش پێغه‌مبه‌رانیان پێش ئێوه‌ قاوداوه‌‌. ئێوه‌ن خوێی زه‌وی، به‌ڵام ئه‌گه‌ر خوێ سوێرییه‌كه‌ی نه‌ما، به‌ چی سوێر ده‌كرێته‌وه‌؟ ئیتر به‌كه‌ڵكی هیچ نایه‌ت، ته‌نها فڕێبدرێته‌ ده‌ره‌وه‌ و خه‌ڵكی پێشێلی بكه‌ن. ئێوه‌ن ڕووناكیی جیهان، شارێک له‌سه‌ر شاخ دامه‌زرابێت ناشاردرێته‌وه‌. چراش هه‌ڵناكرێت تا بیخه‌نه‌ ژێر ته‌شته‌وه‌، به‌ڵكو له‌سه‌ر چرادان دایده‌نێن تا ڕووناكی بداته‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ ماڵه‌كه‌دان. با ئێوه‌ش ئاوا ڕووناكیتان بۆ خه‌ڵک بدره‌وشێته‌وه‌، تاكو كرده‌وه‌‌ باشه‌كانتان ببینن و شكۆمه‌ندیی باوكتان بكه‌ن وا له‌ ئاسماناندایه‌. وا بیر نه‌كه‌نه‌وه‌ من هاتووم ته‌ورات یان پێغه‌مبه‌ران پووچه‌ڵ بكه‌مه‌وه‌، نه‌هاتووم بۆ پووچه‌ڵكردنه‌وه‌، به‌ڵكو بۆ ته‌واوكردن. ڕه‌واتان پێ ده‌ڵێم: تا زه‌وی و ئاسمان له‌ناوده‌چن، پیتێک یان خاڵێكی ته‌ورات له‌ناوناچێت، تاكو هه‌مووی دێته‌ دی. بۆیه‌ هه‌ركه‌سێک بچووكترینی ئه‌م ڕاسپاردانه‌ بشكێنێت و ئاواش فێر بكات، له‌ پاشایه‌تیی ئاسماناندا به‌ بچووكترین ناوده‌بردرێت. به‌ڵام هه‌ركه‌سێک په‌یڕه‌وی بكات و فێر بكات، له ‌پاشایه‌تیی ئاسماناندا به‌ مه‌زن ناوده‌بردرێت. من پێتان ده‌ڵێم: ئه‌گه‌ر خوداناسیتان له‌ ته‌وراتزانان و په‌ڕیشییه‌كان زیاتر نه‌بێت، هه‌رگیز ناچنه‌ نێو پاشایه‌تیی ئاسمانانه‌وه‌.

هاوبەشی بکە
مەتا 5 بخوێنەوە

مەتا 1:5-20 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

کاتێک عیسا خەڵکەکەی بینی، چووە سەر چیا، ئینجا دانیشت و قوتابییەکانی هاتنە لای، دەستی کرد بە فێرکردنیان و فەرمووی: «خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی کە بە ڕۆح هەژارن، چونکە شانشینی ئاسمان بۆ ئەوانە. خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی کە ماتەمدارن، چونکە دڵنەوایی دەکرێن. خۆزگە دەخوازرێت بە دڵنەرمەکان، چونکە زەوییان بە میراتیی بۆ دەمێنێتەوە. خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی کە برسی و تینوون بۆ ڕاستودروستی، چونکە تێر دەکرێن. خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی کە دڵیان پڕ لە بەزەییە، چونکە بەر بەزەیی دەکەون. خۆزگە دەخوازرێت بە دڵپاکەکان، چونکە خودا دەبینن. خۆزگە دەخوازرێت بە ئاشتیخوازان، چونکە بە ڕۆڵەی خودا ناودەبردرێن. خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی لە پێناوی ڕاستودروستی دەچەوسێنرێنەوە، چونکە شانشینی ئاسمان بۆ ئەوانە. «خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە کاتێک خەڵکی جنێوتان پێدەدەن‏ و دەتانچەوسێننەوە، لەبەر من هەموو جۆرە بوختانێکتان بۆ هەڵدەبەستن. دڵخۆش و شادمان بن، لەبەر ئەوەی لە ئاسمان پاداشتتان گەورەیە، چونکە پێش ئێوە پێغەمبەرانیشیان ئاوا چەوساندووەتەوە. «ئێوە خوێی زەوین، بەڵام ئەگەر خوێ سوێرییەکەی نەما، چۆن تامە سوێرەکەی بۆ دەگەڕێندرێتەوە؟ ئیتر بەکەڵکی هیچ نایەت، ئەوە نەبێ فڕێبدرێتە دەرەوە و خەڵکی پێشێلی بکەن. «ئێوە ڕووناکی جیهانن، شارێک لەسەر شاخ دروست‏کرابێت ناتوانرێت بشاردرێتەوە. هەروەها خەڵکی چرا هەڵناکەن تاکو بیخەنە ژێر تەشتەوە، بەڵکو لەسەر چرادان دایدەنێن بۆ ئەوەی ڕووناکی بداتە هەموو ئەوانەی لە ماڵەکەدان. بە هەمان شێوە، با ئێوەش ڕووناکیتان بۆ خەڵک بدرەوشێتەوە، تاکو کردارە باشەکانتان ببینن و ستایشی باوکتان بکەن کە لە ئاسمانە. «وا بیر نەکەنەوە من هاتووم تەورات یان نووسراوی پێغەمبەران بسڕمەوە، نەهاتووم بۆ سڕینەوەیان، بەڵکو هاتووم بۆ تەواوکردنیان. ڕاستیتان پێ دەڵێم: هەتا زەوی و ئاسمان لەئارادا بێت، پیتێک یان خاڵێک لە تەورات لەناو ناچێت، هەتا هەمووی دێتە دی. بۆیە ئەوەی بچووکترینی ئەم ڕاسپاردانە بشکێنێت و خەڵکیش ئاوا فێر بکات، لە شانشینی ئاسمان بە بچووکترین ناودەبردرێت. بەڵام ئەوەی پەیڕەویان بکات و خەڵکی فێر بکات، لە شانشینی ئاسمان بە مەزن ناودەبردرێت. ئیتر پێتان دەڵێم: ئەگەر ڕاستودروستیتان لە مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان زیاتر نەبێت، هەرگیز ناچنە ناو شانشینی ئاسمانەوە.

هاوبەشی بکە
مەتا 5 بخوێنەوە