لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مەتا 11:27-31

مەتا 11:27-31 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

ئیشۆعیش له‌به‌رده‌م فه‌رمانڕه‌وا ڕاوه‌ستا، فه‌رمانڕه‌وا لێی پرسی، وتی: “ئایا تۆ پاشای جووی؟” ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “خۆت ده‌ڵێیت”. كاتێ كاهینانی باڵا و پیران سكاڵایان لێی ده‌كرد، هیچ وه‌ڵامی نه‌ده‌دایه‌وه‌. پیڵاتوس پێی وت: “گوێت لێ نییه‌ چه‌ند گه‌واهیت له‌سه‌ر ده‌ده‌ن؟” به‌ڵام ئیشۆع ته‌نانه‌ت به‌ وشه‌یه‌كیش وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه‌، فه‌رمانڕه‌واش زۆر سه‌رسام بوو. له‌ جه‌ژندا فه‌رمانڕه‌وا كردبوویه‌ نه‌ریت، گیراوێک بۆ خه‌ڵكه‌كه‌ ئازاد بكات، ئه‌وه‌ی بیانه‌وێت. له‌و كاته‌دا گیراوێكی به‌ناوبانگیان هه‌بوو، ناوی به‌ڕئه‌ببا بوو. جا كاتێ كۆببوونه‌وه‌، پیڵاتوس پێی وتن: “كێتان ده‌وێ بۆتانی به‌ربده‌م؟ به‌ڕئه‌ببا یان ئیشۆع، ئه‌وه‌ی پێی ده‌ووترێ مه‌سیح؟” چونكه‌ زانی له‌ به‌ر ئیره‌یی ئیشۆعیان ڕاده‌ست كردبوو. كاتێ له‌سه‌ر ته‌ختی دادگایی دانیشتبوو، ژنه‌كه‌ی هه‌واڵی بۆ نارد و وتی: “نه‌كه‌ی شتێک له‌و بێتاوانه‌ بكه‌ی، چونكه‌ ئه‌مڕۆ له‌ خه‌وندا له‌به‌ر ئه‌و زۆر ئازارم چێژتووه‌”. به‌ڵام كاهینانی باڵا و پیران كۆمه‌ڵانه‌كه‌یان جۆش دا كه‌ داوای به‌ڕئه‌ببا بكه‌ن و ئیشۆع له‌ناوببه‌ن. فه‌رمانڕه‌وا وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و پێی وتن: “له‌م دووانه‌ كامه‌تان ده‌وێ بۆتان ئازاد بكه‌م؟” وتیان: “به‌ڕئه‌ببا!”. پیڵاتوس پێی وتن: “ئه‌ی چی له‌ ئیشۆع بكه‌م، ئه‌وه‌ی پێی ده‌ووترێ مه‌سیح؟” هه‌موو وتیان: “با له‌خاچ بدرێت!” ئه‌ویش وتی: “بۆ؟ چ خراپه‌یه‌كی كردووه‌؟” به‌ڵام زیاتر هاواریان ده‌كرد و ده‌یانووت: “با له‌خاچ بدرێت!” پیڵاتوس بینی سوودی نییه‌ و خه‌ریكه‌ ئاژاوه‌ ڕووده‌دات، ئاوی هێنا و له‌به‌رده‌م كۆمه‌ڵه‌كه‌ ده‌ستی شوشت و وتی: “من بێتاوانم له‌ خوێنی ئه‌م بێتاوانه‌! له‌ ئه‌ستۆی ئێوه‌یه‌!” گه‌ل هه‌موو وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: “با خوێنی له‌ ئه‌ستۆی ئێمه‌ و منداڵمان بێت” ئه‌وسا به‌ڕئه‌ببای بۆ ئازاد كردن، به‌ڵام ئیشۆعی دایه‌ به‌ر قامچی و ڕاده‌ستی كرد بۆ له‌خاچدان. سه‌ربازه‌كانی فه‌رمانڕه‌وا ئیشۆعیان بۆ كۆشكی فه‌رمانڕه‌وا برد و ته‌واوی تیپه‌كه‌یان لێ كۆكرده‌وه‌. ڕووتیان كرده‌وه‌ و عه‌بایه‌كی سووریان له‌به‌ركرد. هه‌روه‌ها تاجێكی دڕكیان هۆنییه‌وه‌ و له‌ سه‌ریان كرد، قامیشێكیان دایه‌ ده‌ستی ڕاستی، له‌به‌رده‌می چۆكیان دادا و گاڵته‌یان پێ كرد و ده‌یانووت: “سڵاو ئه‌ی پاشای جوو!” تفیان لێكرد، قامیشه‌كه‌یان برد و به‌سه‌ریاندا كێشا. دوای ئه‌وه‌ی گاڵته‌یان پێكرد، عه‌بایه‌كه‌یان له‌به‌ر داكه‌ند و كراسه‌كه‌ی خۆیان له‌به‌ركرده‌وه‌، بۆ له‌خاچدانیان برد.

هاوبەشی بکە
مەتا 27 بخوێنەوە

مەتا 11:27-31 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

عیساش لەبەردەم پیلاتۆسی فەرمانڕەوا ڕاوەستا، فەرمانڕەواش لێی پرسی و گوتی: «ئایا تۆ پاشای جولەکەی؟» عیساش فەرمووی: «خۆت گوتت.» کاتێک کاهینانی باڵا و پیران سکاڵایان لێی دەکرد، هیچ وەڵامی نەدەدایەوە. پیلاتۆس پێی گوت: «ئایا گوێت لێ نییە چەند شایەتیت لەسەر دەدەن؟» بەڵام عیسا تەنانەت بە وشەیەکیش وەڵامی نەدایەوە، فەرمانڕەواش زۆر سەرسام بوو. لە هەر جەژنێکدا فەرمانڕەوا کردبوویە نەریت بەگوێرەی خواستی خەڵکەکە بەندکراوێک ئازاد بکات. لەو کاتەدا گیراوێکی بەناوبانگیان هەبوو کە ناوی باراباس بوو. لەبەر ئەوە کاتێک کۆببوونەوە، پیلاتۆس لێی پرسین: «دەتانەوێت کێتان بۆ ئازاد بکەم، باراباس یان عیسا، ئەوەی پێی دەگوترێ مەسیح؟» چونکە زانی لەبەر ئیرەیی عیسایان بە گرتن دابوو. کاتێک پیلاتۆس لەسەر کورسی دادوەری دانیشتبوو، ژنەکەی هەواڵی بۆ نارد: «هیچ لەو بێتاوانە مەکە، چونکە ئەمڕۆ لە خەوندا لەبەر ئەو زۆر ئازارم چێژت.» بەڵام کاهینانی باڵا و پیران خەڵکەکەیان جۆشدا کە داوا بکەن باراباس ئازاد بکرێ و عیسا لەناو ببردرێت. فەرمانڕەوا وەڵامی دانەوە: «لەم دووانە کامەتان دەوێ بۆتان ئازاد بکەم؟» گوتیان: «باراباس.» پیلاتۆس لێی پرسین: «ئەی چی لە عیسا بکەم، ئەوەی پێی دەگوترێ مەسیح؟» هەموو گوتیان: «با لە خاچ بدرێت!» ئەویش گوتی: «بۆ؟ چ خراپەیەکی کردووە؟» بەڵام ئەوان زیاتر هاواریان دەکرد: «با لە خاچ بدرێت!» پیلاتۆس بینی سوودی نییە و خەریکە ئاژاوە ڕوودەدات، ئاوی هێنا و لەبەردەم خەڵکەکە دەستی شوشت و گوتی: «لە خوێنی ئەمە بێتاوانم! لە ئەستۆی ئێوەیە!» گەل هەموو وەڵامیان دایەوە: «با خوێنی لە ئەستۆی ئێمە و منداڵمان بێت!» ئەوسا باراباسی بۆ ئازاد کردن، بەڵام فەرمانی دا کە عیسا بدرێتە بەر قامچی و پاشان لە خاچ بدرێت. سەربازەکانی فەرمانڕەوا عیسایان بۆ کۆشکی فەرمانڕەوا برد و تەواوی سەربازەکان لە دەوری کۆبوونەوە. ڕووتیان کردەوە و کەوایەکی سووریان لەبەرکرد. هەروەها تاجێکیان لە دڕک دروستکرد و لە سەریان کرد، قامیشێکیان دایە دەستی ڕاستی، لەبەردەمی چۆکیان دادا و گاڵتەیان پێ دەکرد و دەیانگوت: «سڵاو ئەی پاشای جولەکە!» تفیان لێکرد، قامیشەکەیان برد و بە سەریاندا کێشا. دوای ئەوەی گاڵتەیان پێکرد، کەواکەیان لەبەر داکەند و کراسەکەی خۆیان لەبەرکردەوە، بردیان تاوەکو لە خاچی بدەن.

هاوبەشی بکە
مەتا 27 بخوێنەوە