لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 40:8-53

لۆقا 40:8-53 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

كاتێ ئیشۆع گه‌ڕایه‌وه‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌ پێشوازییان لێكرد، چونكه‌ هه‌موو چاوه‌ڕێیان ده‌كرد. پیاوێک ناوی یایرۆس بوو پێشه‌وای كه‌نیشت بوو، هات و له‌به‌رپێی ئیشۆعدا كه‌وت، له‌به‌ری پاڕایه‌وه‌ تاكو بچێته‌ ماڵه‌كه‌ی، چونكه‌ تاقه‌ كچه‌كه‌ی كه‌ نزیكه‌ی دوازده‌ ساڵان بوو له‌ سه‌ره‌مه‌رگدابوو. كاتێ ئیشۆع ده‌ڕۆیشت خه‌ڵكه‌كه‌ پاڵه‌په‌ستۆیان ده‌كرد. ژنێک دوازده‌ ساڵ خوێنبه‌ربوونی هه‌بوو، هه‌موو ماڵه‌كه‌ی له‌ پزیشک دابوو، كه‌سیش نه‌یتوانی چاكی بكاته‌وه‌. جا له‌ دواوه‌ هات و ده‌ستی له‌ چمكی كراسه‌كه‌ی دا، یه‌كسه‌ر خوێنبه‌ربوونه‌كه‌ی وه‌ستا. ئیشۆع فه‌رمووی: “كێ بوو ده‌ستی لێدام؟” كه‌ هه‌موو نكۆڵییان كرد، په‌تڕۆس و ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵیدا بوون وتیان: “ڕابی كۆمه‌ڵانه‌كه‌ له‌ ده‌وروپشتتن و پاڵه‌په‌ستۆ ده‌كه‌ن، تۆ ده‌پرسیت كێ بوو ده‌ستی لێدام؟”. ئیشۆع فه‌رمووی: “یه‌كێک ده‌ستی لێدام، چونكه‌ ده‌زانم هێزێک لێم ده‌رچوو”. ژنه‌كه‌ بینی ناشاردرێته‌وه‌، به‌ له‌رزه‌وه‌ هات و كه‌وته‌ به‌رپێی، له‌به‌رچاوی گه‌له‌كه‌دا ڕایگه‌یاند كه‌ بۆچی ده‌ستی لێداوه‌ و چۆن یه‌كسه‌ر چاكبووه‌ته‌وه‌. ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “متمانه‌ت هه‌بێ كچم، باوه‌ڕت چاكیكردیته‌وه‌، به‌ ئاشتی بڕۆ”. هێشتا ئیشۆع قسه‌ی ده‌كرد، یه‌كێک له‌ ماڵی پێشه‌وای كه‌نیشته‌وه‌ هات و وتی: “كچه‌كه‌ت مرد، ئیتر ڕابی ماندوو مه‌كه‌”. ئیشۆعیش ئه‌مه‌ی بیست و وه‌ڵامی دایه‌وه و فه‌رمووی: “مه‌ترسه‌! ته‌نها باوه‌ڕت هه‌بێت، چاكده‌بێته‌وه‌”. كاتێ گه‌یشته‌ ماڵه‌كه‌، نه‌یهێشت كه‌س له‌گه‌ڵی بچێته‌ ژووره‌وه‌، په‌تڕۆس و یوخه‌ننه‌ن و یاقوو و دایک و باوكی كچه‌كه‌ نه‌بێت. هه‌موو ده‌گریان و شیوه‌نیان بۆ ده‌گێڕا، ئه‌ویش فه‌رمووی: “مه‌گریێن. نه‌مردووه‌، به‌ڵكو نووستووه‌”. جا‌ پێی پێكه‌نین، چونكه‌ ده‌یانزانی مردووه‌.

هاوبەشی بکە
لۆقا 8 بخوێنەوە

لۆقا 40:8-53 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

کاتێک عیسا گەڕایەوە خەڵکەکە پێشوازییان لێکرد، چونکە هەموو چاوەڕێیان دەکرد. پیاوێک کە ناوی یایرۆس و پێشەوای کەنیشت بوو، هات و لەبەرپێی عیسادا کەوت، لێی پاڕایەوە تاکو بچێتە ماڵەکەی، چونکە کچە تاقانەکەی کە تەمەنی نزیکەی دوازدە ساڵ بوو لە سەرەمەرگدا بوو. کاتێک عیسا دەڕۆیشت خەڵکەکە پاڵەپەستۆیان دەخستە سەری. ژنێک لەوێ بوو کە دوازدە ساڵ خوێنبەربوونی هەبوو، هەموو ئەوەی هەیبوو دابووی بە پزیشک، کەسیش نەیتوانیبوو چاکی بکاتەوە. جا لە دواوە هات و دەستی لە چمکی کراسەکەی عیسا دا، دەستبەجێ خوێن لەبەرڕۆیشتنەکەی وەستا. عیسا فەرمووی: «کێ بوو دەستی لێدام؟» کە هەموو نکۆڵییان کرد، پەترۆس گوتی: «گەورەم، خەڵکەکە لە دەوروپشتتن و پاڵەپەستۆ دەکەن.» بەڵام عیسا فەرمووی: «یەکێک دەستی لێدام، چونکە هەستم بە هێزێک کرد لێم چووە دەرەوە.» ژنەکە بینی ئەوەی کردی ناشاردرێتەوە، بە لەرزەوە هات و کەوتە بەرپێی، لەبەرچاوی هەمووان ڕایگەیاند کە بۆچی دەستی لێداوە و چۆن دەستبەجێ چاک بووەتەوە. عیساش پێی فەرموو: «کچم، باوەڕەکەت تۆی چاککردەوە، بڕۆ بە سەلامەت.» هێشتا عیسا قسەی دەکرد، یەکێک لە ماڵی پێشەوای کەنیشتەوە هات و گوتی: «کچەکەت مرد، ئیتر ئەزیەت مەخەرە بەر مامۆستا.» عیساش ئەمەی بیست و وەڵامی دایەوە: «مەترسە، تەنها باوەڕت هەبێت ئەو چاکدەبێتەوە.» کاتێک گەیشتە ماڵەکە، نەیهێشت کەس لەگەڵی بچێتە ژوورەوە، پەترۆس و یۆحەنا و یاقوب و دایک و باوکی منداڵەکە نەبێت. هەموو دەگریان و شینیان بۆ دەگێڕا، ئەویش فەرمووی: «مەگریێن نەمردووە، بەڵکو نوستووە.» خەڵکەکە پێی پێکەنین، چونکە دەیانزانی مردووە.

هاوبەشی بکە
لۆقا 8 بخوێنەوە