لۆقا 1:7-30
لۆقا 1:7-30 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)
كه ئیشۆع هه‌موو فه‌رمووده‌كانی له گوێی گه‌له‌كه‌دا ته‌واو كرد، چووه نێو كپه‌ڕناخوم. سه‌رپه‌لێک كۆیله‌یه‌كی هه‌بوو زۆری خۆشده‌ویست، نه‌خۆش بوو و له‌سه‌ره‌مه‌رگدا بوو. كاتێ به ئیشۆعی بیست، پیرانی جووی نارده لای و داوای لێ‌كرد بێت تا كۆیله‌كه‌ی چاكبكاته‌وه. كاتێ هاتنه لای ئیشۆع، زۆر لێی پاڕانه‌وه و وتیان: “شایانی ئه‌وه‌یه كه ئه‌مه‌ی بۆ بكه‌یت، چونكه نه‌ته‌وه‌ی ئێمه‌ی خۆشده‌وێت و كه‌نیشتی بۆمان بنیاد نا”. ئیشۆعیش له‌گه‌ڵیان چوو. كاتێ له ماڵه‌كه دوور نه‌بوو، سه‌رپه‌له‌كه براده‌رانی نارد پێی بڵێن: “گه‌وره‌م، خۆت ماندوو مه‌كه، چونكه من شایانی ئه‌وه نیم بێیته ژێر بنمیچه‌كه‌م، له‌به‌ر ئه‌وه خۆم دانه‌نا كه شایانی ئه‌وه بم بێمه لات. به‌ڵام وشه‌یه‌ک بفه‌رموو، ڕاژه‌وانه‌كه‌م چاكده‌بێته‌وه. چونكه منیش مرۆڤێكی له ژێر ده‌سه‌ڵاتم، سه‌ربازیش له ژێر ده‌ستم هه‌یه، به‌مه ده‌ڵێم بڕۆ! ده‌ڕوات، به‌وی دیكه‌ش وه‌ره! دێت، به كۆیله‌كه‌شم ئه‌مه بكه! ده‌یكات”. كاتێ ئیشۆع گوێی له‌مه بوو، لێی سه‌رسام بوو، ئینجا ئاوڕی له‌و كۆمه‌ڵه دایه‌وه كه دوای كه‌وتبوون و فه‌رمووی: “پێتان ده‌ڵێم: له ئیسڕائیلیشدا باوه‌ڕێكی ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌مه‌م نه‌دیوه!”. ئه‌وانه‌ی نێردرابوون گه‌ڕانه‌وه ماڵه‌كه، بینییان كۆیله‌كه له‌شساغه. بۆ ڕۆژی پاشتر، ئیشۆع بۆ شارێک چوو ناوی نایین بوو، زۆر له قوتابییه‌كانی و كۆمه‌ڵانێكی زۆر له‌گه‌ڵی چوون. كاتێ له ده‌روازه‌ی شاره‌كه نزیک بووه‌وه، ته‌رمێک به‌سه‌ر شانه‌وه بوو، تاقانه‌ی دایكی بوو كه بێوه‌ژنه، كۆمه‌ڵێكی زۆری شاره‌كه‌ی له‌گه‌ڵ بوو. كاتێ په‌روه‌ردگار بینی، دڵی پێی سووتا و پێی فه‌رموو: “مه‌گریێ”. ئینجا هاته پێشه‌وه و ده‌ستی له داره‌بازه‌كه دا، هه‌ڵگرانی ڕاوه‌ستان. فه‌رمووی: “گه‌نجه‌كه، پێت ده‌ڵێم: هه‌سته!” مردووه‌كه دانیشت و ده‌ستیكرد به قسه‌كردن، ئیشۆعیش دایه‌وه ده‌ست دایكی. هه‌موو ترسیان لێ نیشت، خودایان شكۆدار كرد، وتیان: “له نێوماندا پێغه‌مبه‌رێكی مه‌زن هه‌ستاوه، خودا‌ش گه‌له‌كه‌ی خۆی به‌سه‌ركرده‌وه”. ئه‌م هه‌واڵه‌ی ئه‌و له هه‌موو ئیهوود و هه‌موو ده‌ڤه‌ره‌كانی ده‌وروپشت بڵاو بووه‌وه. قوتابییه‌كانی یوخه‌ننه‌ن هه‌موو ئه‌مانه‌یان به یوخه‌ننه‌ن ڕاگه‌یاند. ئه‌ویش دووان له قوتابییه‌كانی بانگ‌كرد و بۆ ئیشۆعی نارد، ده‌یووت: “تۆی ئه‌وه‌ی دێیت، یان چاوه‌ڕێی یه‌كێكی دیكه بكه‌ین؟” كاتێ پیاوه‌كان هاتنه لای ئیشۆع، وتیان: “یوخه‌ننه‌نی عه‌مادكار ئێمه‌ی بۆ لات ناردووه، ده‌ڵێت: تۆی ئه‌وه‌ی دێیت، یان چاوه‌ڕێی یه‌كێكی دیكه بكه‌ین؟” له‌و كاته‌دا زۆر كه‌سی له نه‌خۆشی و ده‌رد و ڕووحی گڵاو چاككرده‌وه، بۆ زۆر كوێریش بینینی به‌خشی. ئینجا ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه و پێی فه‌رموون: “بڕۆن چیتان بینی و بیستتان به یوخه‌ننه‌نی ڕابگه‌یه‌نن: كوێره‌كان ده‌بینن و شه‌له‌كان ڕێ ده‌كه‌ن و گوله‌كان بێگه‌رد ده‌بنه‌وه و كه‌ڕه‌كان ده‌بیستن و مردووه‌كان هه‌ڵده‌ستن و هه‌ژاره‌كان موژده‌یان ده‌درێتێ. به‌خته‌وه‌ریش بۆ ئه‌و كه‌سه‌ی كه ساتمه‌م لێ ناكات”. كه په‌یامنێرانی یوخه‌ننه‌ن ڕۆیشتن، ئیشۆع ده‌رباره‌ی یوخه‌ننه‌ن بۆ كۆمه‌ڵه‌كه‌ی فه‌رموو: “بۆ بینینی چی ده‌رچوونه ده‌شتوده‌ر؟ قامیشێک كه با ده‌یهه‌ژێنێ؟ ئه‌ی بۆ بینینی چی ده‌رچوون؟ مرۆڤێک كه به‌رگی نه‌رمی پۆشیوه؟ ئه‌وه‌تا ئه‌وانه‌ی به‌رگیان نایابه و سه‌ڵته‌نه‌ت لێده‌ده‌ن وا له كۆشكی پاشاكانن. كه‌واته ده‌رچوون چی ببینن؟ پێغه‌مبه‌رێک؟ به‌ڵێ پێتان ده‌ڵێم له پێغه‌مبه‌ریش باشتر! ئه‌مه ئه‌وه‌یه كه ده‌رباره‌ی نووسراوه: {ئه‌وه‌تا فریشته‌ی خۆم له‌پێشته‌وه ده‌نێرم، ئه‌وه‌ی ڕێگات بۆ ئاماده ده‌كات!} چونكه پێتان ده‌ڵێم: له‌نێو له ژنبوواندا هیچ پێغه‌مبه‌رێک له یوخه‌ننه‌ن مه‌زنتر نییه، به‌ڵام بچووكترینی پاشایه‌تیی خودا له‌و مه‌زنتره”. هه‌موو گه‌ل كه گوێیان لێ‌بوو، ته‌نانه‌ت باجگرانیش دانیان نا به دادپه‌روه‌ریی خودا، چونكه به عه‌مادكردنی یوخه‌ننه‌ن عه‌مادكرابوون. به‌ڵام په‌ڕیشی و ته‌وراتزانه‌كان خواستی خودایان ده‌رهه‌ق به خۆیان ڕه‌تكرده‌وه، چونكه له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و عه‌ماد نه‌كرابوون.
لۆقا 1:7-30 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)
لەدوای ئەوەی عیسا لە وتەکانی بووەوە بۆ ئەو خەڵکەی کە گوێیان لێدەگرت، چووە ناو کەفەرناحوم. سەرپەلێک کۆیلەیەکی هەبوو زۆری خۆشدەویست، نەخۆش بوو و لە سەرەمەرگدا بوو. کاتێک سەرپەلەکە هەواڵی عیسای بیست، پیرانی جولەکەی ناردە لای بۆ ئەوەی داوای لێ بکەن کە بێت و کۆیلەکەی چاک بکاتەوە. ئەوانیش هاتنە لای عیسا و بە دڵ لێی پاڕانەوە و گوتیان: «شایانی ئەوەیە کە ئەمەی بۆ بکەیت، چونکە گەلی ئێمەی خۆشدەوێت و کەنیشتی بۆمان دروستکردووە.» عیساش لەگەڵیان چوو. بەڵام زۆری نەمابوو بگاتە ماڵەکە کە سەرپەلەکە هاوڕێکانی نارد پێی بڵێن: «گەورەم، ئەزیەت مەکێشە، شایانی ئەوە نیم خۆت بێیتە ماڵەکەم، لەبەر ئەوە خۆمم بە شایانی ئەوە نەزانی کە بێمە لات. تەنها وشەیەک بفەرموو، خزمەتکارەکەم چاکدەبێتەوە، چونکە منیش خۆم کەسێکم لەژێر فەرماندام، سەربازیشم لەژێر دەستدایە. بەمە دەڵێم: ”بڕۆ،“ دەڕوات؛ بەوی دیکەش دەڵێم: ”وەرە،“ دێت؛ بە کۆیلەکەشم دەڵێم: ”ئەمە بکە،“ دەیکات.» کاتێک عیسا گوێی لەمە بوو، پێی سەرسام بوو، ئینجا ئاوڕی لەو خەڵکە دایەوە کە دوای کەوتبوون، فەرمووی: «پێتان دەڵێم، لە ئیسرائیل‌دا باوەڕێکی بەهێزی ئاوام نەدیوە.» ئەوانەی نێردرابوون گەڕانەوە ماڵەکە، بینییان کۆیلەکە چاک بووەتەوە. بۆ ڕۆژی پاشتر، عیسا بۆ شارێک چوو ناوی نایین بوو، قوتابییەکانی و خەڵکێکی زۆری لەگەڵ چوون. کاتێک لە دەروازەی شارەکە نزیک بووەوە، تەرمێکی بینی بەسەر شانی خەڵکەوە، ئەویش کوڕە تاقانەی بێوەژنێک بوو، خەڵکێکی زۆری شارەکەی لەگەڵ بوو. کاتێک مەسیح ژنەکەی بینی، دڵی پێی سووتا و پێی فەرموو: «مەگریێ.» ئینجا هاتە پێشەوە و دەستی لە دارەمەیتەکە دا، هەڵگرانی ڕاوەستان. فەرمووی: «ئەی کوڕی گەنج، پێت دەڵێم، هەستە!» مردووەکە ڕاستبووەوە و دەستی کرد بە قسەکردن، عیساش دایەوە دەست دایکی. هەموو ترسیان لێ نیشت، ستایشی خودایان کرد و گوتیان: «لەناوماندا پێغەمبەرێکی مەزن دەرکەوتووە، خودا‌ش گەلەکەی خۆی بەسەرکردەوە!» ئەم هەواڵەی ئەو لە هەموو یەهودیا و هەموو ناوچەکانی دەوروپشت بڵاو بووەوە. قوتابییەکانی یەحیا هەموو ئەمانەیان بە یەحیا ڕاگەیاند. ئەویش دووان لە قوتابییەکانی بانگکرد و ناردنی بۆ لای مەسیحی خاوەن شکۆ بۆ ئەوەی لێی بپرسن: «ئایا تۆی ئەوەی کە دێت، یان چاوەڕێی یەکێکی دیکە بکەین؟» پیاوەکان هاتنە لای عیسا و گوتیان: «یەحیای لەئاوهەڵکێش ئێمەی بۆ لات ناردووە، دەڵێت: ”ئایا تۆی ئەوەی کە دێت، یان چاوەڕێی یەکێکی دیکە بکەین؟“» لەو کاتەدا عیسا زۆر کەسی لە نەخۆشی و دەرد و ڕۆحە پیسەکان چاککردەوە، بینایی بە چاوی زۆر لە کوێرەکان بەخشی. ئینجا لە وەڵامدا پێی فەرموون: «بڕۆن چیتان بینی و بیستتان بە یەحیای ڕابگەیەنن، کوێر دەبینێت، شەل دەڕوات، گەڕوگول پاک دەبێتەوە، کەڕ دەبیستێت، مردوو هەڵدەستێتەوە و هەژار مزگێنی پێدەدرێت. خۆزگە دەخوازرێ بەوەی گومانم لێ ناکات.» کاتێک نێردراوانی یەحیا ڕۆیشتن، عیسا ڕووی لە خەڵکەکە کرد و سەبارەت بە یەحیا فەرمووی: «بۆ بینینی چی چوونە چۆڵەوانی؟ قامیشێک کە با دەیجوڵێنێتەوە؟ ئەی بۆ بینینی چی چوون؟ مرۆڤێک کە جلوبەرگی گرانبەهای پۆشیوە؟ نەخێر، ئەوانەی جلوبەرگی گرانبەها دەپۆشن و خۆش ڕادەبوێرن لە کۆشکەکان دەژین. ئەی بۆ بینینی چی چوون؟ پێغەمبەرێک؟ بەڵێ، پێتان دەڵێم، لە پێغەمبەریش مەزنتر. یەحیا ئەو کەسەیە کە دەربارەی نووسراوە: «﴿من نێردراوی خۆم لەپێشتەوە دەنێرم، ئەوەی ڕێگات بۆ ئامادە دەکات.﴾ من پێتان دەڵێم: لەنێو ئەوانەی لە ژن لەدایک بوون، کەس لە یەحیا پایەبەرزتر نییە، بەڵام بچووکترینی ئەوەی لە شانشینی خودایە لەو پایەبەرزترە.» هەموو ئەوانەی گوێیان لێ‌بوو، تەنانەت باجگرانیش دانیان بە دادپەروەری خودا نا، چونکە بە دەستی یەحیا لە ئاو هەڵکێشرا بوون. بەڵام فەریسی و تەوراتناس خواستی خودایان دەرهەق بە خۆیان ڕەتکردەوە، چونکە لەسەر دەستی ئەو لە ئاو هەڵنەکێشرابوون.