لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 1:7-30

لۆقا 1:7-30 PNTZS

كه‌ ئیشۆع هه‌موو فه‌رمووده‌كانی له‌ گوێی گه‌له‌كه‌دا ته‌واو كرد، چووه‌ نێو كپه‌ڕناخوم. سه‌رپه‌لێک كۆیله‌یه‌كی هه‌بوو زۆری خۆشده‌ویست، نه‌خۆش بوو و له‌سه‌ره‌مه‌رگدا بوو. كاتێ به‌ ئیشۆعی بیست، پیرانی جووی نارده‌ لای و داوای لێكرد بێت تا كۆیله‌كه‌ی چاكبكاته‌وه‌. كاتێ هاتنه‌ لای ئیشۆع، زۆر لێی پاڕانه‌وه‌ و وتیان: “شایانی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌مه‌ی بۆ بكه‌یت، چونكه‌ نه‌ته‌وه‌ی ئێمه‌ی خۆشده‌وێت و كه‌نیشتی بۆمان بنیاد نا”. ئیشۆعیش له‌گه‌ڵیان چوو. كاتێ له‌ ماڵه‌كه‌ دوور نه‌بوو، سه‌رپه‌له‌كه‌ براده‌رانی نارد پێی بڵێن: “گه‌وره‌م، خۆت ماندوو مه‌كه‌، چونكه‌ من شایانی ئه‌وه‌ نیم بێیته‌ ژێر بنمیچه‌كه‌م، له‌به‌ر ئه‌وه‌ خۆم دانه‌نا كه‌ شایانی ئه‌وه‌ بم بێمه‌ لات. به‌ڵام وشه‌یه‌ک بفه‌رموو، ڕاژه‌وانه‌كه‌م چاكده‌بێته‌وه‌. چونكه‌ منیش مرۆڤێكی له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتم، سه‌ربازیش له‌ ژێر ده‌ستم هه‌یه‌، به‌مه‌ ده‌ڵێم بڕۆ! ده‌ڕوات، به‌وی دیكه‌ش وه‌ره‌! دێت، به‌ كۆیله‌كه‌شم ئه‌مه‌ بكه‌! ده‌یكات”. كاتێ ئیشۆع گوێی له‌مه‌ بوو، لێی سه‌رسام بوو، ئینجا ئاوڕی له‌و كۆمه‌ڵه‌ دایه‌وه‌ كه‌ دوای كه‌وتبوون و فه‌رمووی: “پێتان ده‌ڵێم: له‌ ئیسڕائیلیشدا باوه‌ڕێكی ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌مه‌م نه‌دیوه‌!”. ئه‌وانه‌ی نێردرابوون گه‌ڕانه‌وه‌ ماڵه‌كه‌، بینییان كۆیله‌كه‌ له‌شساغه‌. بۆ ڕۆژی پاشتر، ئیشۆع بۆ شارێک چوو ناوی نایین بوو، زۆر له‌ قوتابییه‌كانی و كۆمه‌ڵانێكی زۆر له‌گه‌ڵی چوون. كاتێ له‌ ده‌روازه‌ی شاره‌كه‌ نزیک بووه‌وه‌، ته‌رمێک به‌سه‌ر شانه‌وه‌ بوو، تاقانه‌ی دایكی بوو كه‌ بێوه‌ژنه‌، كۆمه‌ڵێكی زۆری شاره‌كه‌ی له‌گه‌ڵ بوو. كاتێ په‌روه‌ردگار بینی، دڵی پێی سووتا و پێی فه‌رموو: “مه‌گریێ”. ئینجا هاته‌ پێشه‌وه‌ و ده‌ستی له‌ داره‌بازه‌كه‌ دا، هه‌ڵگرانی ڕاوه‌ستان. فه‌رمووی: “گه‌نجه‌كه‌، پێت ده‌ڵێم: هه‌سته‌!” مردووه‌كه‌ دانیشت و ده‌ستیكرد به‌ قسه‌كردن، ئیشۆعیش دایه‌وه‌ ده‌ست دایكی. هه‌موو ترسیان لێ نیشت، خودایان شكۆدار كرد، وتیان: “له‌ نێوماندا پێغه‌مبه‌رێكی مه‌زن هه‌ستاوه‌، خوداش گه‌له‌كه‌ی خۆی به‌سه‌ركرده‌وه‌”. ئه‌م هه‌واڵه‌ی ئه‌و له‌ هه‌موو ئیهوود و هه‌موو ده‌ڤه‌ره‌كانی ده‌وروپشت بڵاو بووه‌وه‌. قوتابییه‌كانی یوخه‌ننه‌ن هه‌موو ئه‌مانه‌یان به‌ یوخه‌ننه‌ن ڕاگه‌یاند. ئه‌ویش دووان له‌ قوتابییه‌كانی بانگكرد و بۆ ئیشۆعی نارد، ده‌یووت: “تۆی ئه‌وه‌ی دێیت، یان چاوه‌ڕێی یه‌كێكی دیكه‌ بكه‌ین؟” كاتێ پیاوه‌كان هاتنه‌ لای ئیشۆع، وتیان: “یوخه‌ننه‌نی عه‌مادكار ئێمه‌ی بۆ لات ناردووه‌، ده‌ڵێت: تۆی ئه‌وه‌ی دێیت، یان چاوه‌ڕێی یه‌كێكی دیكه‌ بكه‌ین؟” له‌و كاته‌دا زۆر كه‌سی له‌ نه‌خۆشی و ده‌رد و ڕووحی گڵاو چاككرده‌وه‌، بۆ زۆر كوێریش بینینی به‌خشی. ئینجا ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “بڕۆن چیتان بینی و بیستتان به‌ یوخه‌ننه‌نی ڕابگه‌یه‌نن: كوێره‌كان ده‌بینن و شه‌له‌كان ڕێ ده‌كه‌ن و گوله‌كان بێگه‌رد ده‌بنه‌وه‌ و كه‌ڕه‌كان ده‌بیستن و مردووه‌كان هه‌ڵده‌ستن و هه‌ژاره‌كان موژده‌یان ده‌درێتێ. به‌خته‌وه‌ریش بۆ ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ ساتمه‌م لێ ناكات”. كه‌ په‌یامنێرانی یوخه‌ننه‌ن ڕۆیشتن، ئیشۆع ده‌رباره‌ی یوخه‌ننه‌ن بۆ كۆمه‌ڵه‌كه‌ی فه‌رموو: “بۆ بینینی چی ده‌رچوونه‌ ده‌شتوده‌ر؟ قامیشێک كه‌ با ده‌یهه‌ژێنێ؟ ئه‌ی بۆ بینینی چی ده‌رچوون؟ مرۆڤێک كه‌ به‌رگی نه‌رمی پۆشیوه‌؟ ئه‌وه‌تا ئه‌وانه‌ی به‌رگیان نایابه‌ و سه‌ڵته‌نه‌ت لێده‌ده‌ن وا له‌ كۆشكی پاشاكانن. كه‌واته‌ ده‌رچوون چی ببینن؟ پێغه‌مبه‌رێک؟ به‌ڵێ پێتان ده‌ڵێم له‌ پێغه‌مبه‌ریش باشتر! ئه‌مه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌رباره‌ی نووسراوه‌: {ئه‌وه‌تا فریشته‌ی خۆم له‌پێشته‌وه‌ ده‌نێرم، ئه‌وه‌ی ڕێگات بۆ ئاماده‌ ده‌كات!} چونكه‌ پێتان ده‌ڵێم: له‌نێو له‌ ژنبوواندا هیچ پێغه‌مبه‌رێک له‌ یوخه‌ننه‌ن مه‌زنتر نییه‌، به‌ڵام بچووكترینی پاشایه‌تیی خودا له‌و مه‌زنتره”. هه‌موو گه‌ل كه‌ گوێیان لێبوو، ته‌نانه‌ت باجگرانیش دانیان نا به‌ دادپه‌روه‌ریی خودا، چونكه‌ به‌ عه‌مادكردنی یوخه‌ننه‌ن عه‌مادكرابوون. به‌ڵام په‌ڕیشی و ته‌وراتزانه‌كان خواستی خودایان ده‌رهه‌ق به‌ خۆیان ڕه‌تكرده‌وه‌، چونكه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و عه‌ماد نه‌كرابوون.