لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یۆحەنا 1:7-24

یۆحەنا 1:7-24 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

دوای ئه‌مه‌‌ ئیشۆع به‌ گلیلا‌دا ده‌گه‌ڕا و نه‌یده‌ویست له‌ ئیهوود بگه‌ڕێ، چونكه‌ جووی ئه‌وێ هه‌وڵیان ده‌دا بیكوژن. جه‌ژنی كه‌پره‌شینه‌ی جوو نزیک بوو، براكانی پێیان وت: “ئێره‌ به‌جێبهێڵه‌ و بڕۆ ئیهوود، تاكو قوتابییه‌كانی خۆشت كاره‌كانت ببینن كه‌ تۆ ده‌یكه‌یت. چونكه‌ كه‌س به‌ شاراوه‌ شتێک ناكات ئه‌گه‌ر بیه‌وێ ئاشكرا بێت. ئه‌گه‌ر ئه‌م شتانه‌ ده‌كه‌یت، خۆت پیشانی جیهان بده‌”. چونكه‌ براكانیشی باوه‌ڕیان پێی نه‌بوو. ئیشۆعیش پێی فه‌رموون: “جارێ كاتم نه‌هاتووه‌، به‌ڵام هه‌رده‌م كاتی ئێوه‌ گونجاوه‌. جیهان ناتوانێت ڕقی لێتان بێته‌وه‌، به‌ڵام ڕقی له‌ من ده‌بێته‌وه‌، چونكه‌ گه‌واهیی له‌سه‌ر ده‌ده‌م كه‌ كرده‌وه‌كانی خراپه‌. ئێوه‌ بڕۆنه‌ ئه‌م جه‌ژنه‌، من هێشتا نایه‌مه‌ ئه‌م جه‌ژنه‌. چونكه‌ هێشتا كاتم ته‌واو نه‌بووه‌”. ئه‌مانه‌ی فه‌رموو و له‌ گلیلا مایه‌وه‌. به‌ڵام كه‌ براكانی بۆ جه‌ژنه‌كه‌ چوون، ئه‌ویش ڕۆیشت بۆ جه‌ژنه‌كه‌، به‌ڵام نه‌ک به‌ ئاشكرا، به‌ڵكو وه‌ک به‌ نهێنی. جوو له‌ جه‌ژنه‌كه‌دا به‌ دوایدا ده‌گه‌ڕان و ده‌یانووت: “ئه‌و له‌كوێیه‌؟” له‌نێو كۆمه‌ڵانه‌كه‌دا چرپه‌چرپێكی زۆری له‌سه‌ر بوو، هه‌ندێكیان ده‌یانووت: “ئه‌و چاكه‌”. هه‌ندێكی دیكه‌ش ده‌یانووت: “نه‌خێر، به‌ڵكو گه‌ل گومڕا ده‌كات”. به‌ڵام كه‌س له‌ ترسی جووه‌كان به‌ ئاشكرا باسی نه‌ده‌كرد. كاتێ نیوه‌ی جه‌ژن بوو، ئیشۆع چووه‌ په‌رستگا و ئامۆژگاریی ده‌كرد. جووه‌كان سه‌رسام بوون و پرسییان: “ئه‌مه‌ كه‌ فێرنه‌كراوه‌ چۆن له‌ سیپاره‌كان ده‌زانێت؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دانه‌وه‌: “فێركردنم هی خۆم نییه‌، به‌ڵكو هی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ناردوومی. ئه‌گه‌ر كه‌سێک بیه‌وێت به‌ خواستی ئه‌و بكات، له‌ فێركردن ده‌زانێت، ئاخۆ هی خودایه‌ یان له‌ خۆمه‌وه‌ ده‌دوێم. ئه‌وه‌ی له‌ خۆیه‌وه‌ بدوێت، داوای شكۆی خۆی ده‌كات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی داوای شكۆی ئه‌وه‌ بكات كه‌ ناردوویه‌تی، ئه‌وه‌ ڕاستگۆیه‌ و فێڵی تێدا نییه‌. ئایا مووشێ ته‌وراتی نه‌داونه‌تێ؟ كه‌سیش له‌ ئێوه‌ كار به‌ ته‌ورات ناكات. بۆچی هه‌وڵی كوشتنم ده‌ده‌ن؟” كۆمه‌ڵه‌كه‌ وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: “شه‌یتانت تێدایه‌! كێ هه‌وڵی كوشتنت ده‌دات؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “كارێكم كرد و هه‌موو سه‌رسام بوون. بۆیه‌ مووشێ خروسه‌ بڕانی دایه‌ ئێوه‌، ئه‌مه‌ له‌ مووشێوه‌ نه‌بوو به‌ڵكو له‌ باوكانه‌وه‌ بوو له‌ شه‌ممه‌ش مرۆڤ خروسه‌ بڕان ده‌كه‌ن. ئه‌گه‌ر مرۆڤ له‌ شه‌ممه‌دا خروسه‌ی ببڕدرێت تاكو ته‌وراتی مووشێ نه‌شكێت، باشه‌ له‌ من تووڕه‌ ده‌بن كه‌ له‌ شه‌ممه‌ سه‌راپای مرۆڤێكم چاككرده‌وه‌؟ به‌ ڕواڵه‌ت حوكم مه‌ده‌ن، به‌ڵكو حوكمێكی دادپه‌روه‌رانه‌ بده‌ن”.

هاوبەشی بکە
یۆحەنا 7 بخوێنەوە

یۆحەنا 1:7-24 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

دوای ئەمانە عیسا بە جەلیلدا دەگەڕا و نەیدەویست لە یەهودیا بگەڕێ، چونکە ڕابەرانی جولەکەی ئەوێ هەوڵیان دەدا بیکوژن. کاتێک جەژنی کەپرەشینەی جولەکەش نزیک بووەوە، براکانی پێیان گوت: «ئێرە بەجێبهێڵە و بڕۆ بۆ ناوچەی یەهودیا، تاکو قوتابییەکانی خۆشت کارەکانت ببینن کە تۆ دەیکەیت، هیچ کەسێک بە نهێنی شتێک ناکات ئەگەر بیەوێت ئاشکرابێت. ئەگەر ئەم شتانە دەکەیت، خۆت پیشانی جیهان بدە.» براکانی وایان پێ گوت، چونکە تەنانەت ئەوانیش باوەڕیان پێی نەدەکرد. عیساش پێی فەرموون: «جارێ کاتم نەهاتووە، بەڵام هەردەم کاتی ئێوە گونجاوە. جیهان ناتوانێت ڕقی لێتان بێتەوە، بەڵام ڕقی لە من دەبێتەوە، چونکە شایەتی لەسەر دەدەم کە کردەوەی خراپە. ئێوە بڕۆنە جەژنەکە، من نایەمە ئەم جەژنە، چونکە هێشتا کاتم تەواو نەبووە.» ئەمانەی فەرموو و لە جەلیل مایەوە. بەڵام کە براکانی بۆ جەژنەکە چوون، ئەویش ڕۆیشت، بەڵام بە ئاشکرا نا، بەڵکو بە نهێنی. ڕابەرانی جولەکە لە جەژنەکەدا بەدوایدا دەگەڕان و دەیانگوت: «ئەو لەکوێیە؟» لەنێو خەڵکەکەدا چرپەچرپێکی زۆری لەسەر بوو، هەندێکیان دەیانگوت: «پیاوێکی چاکە.» خەڵکی دیکەش دەیانگوت: «نەخێر، بەڵکو خەڵک گومڕا دەکات.» بەڵام کەس لە ترسی جولەکەکان بە ئاشکرا باسی نەدەکرد. کاتێک نیوەی جەژن تێپەڕی، عیسا چووە حەوشەکانی پەرستگا و دەستی کرد بە فێرکردنی خەڵکی. جولەکەکان سەرسام بوون و پرسییان: «ئەمە کە فێرنەکراوە چۆن ئەم هەموو زانیارییەی هەیە؟» عیسا وەڵامی دانەوە: «فێرکردنم هی خۆم نییە، بەڵکو هی ئەوەیە کە ناردوومی. ئەگەر کەسێک بیەوێت خواستی خودا ئەنجام بدات، ئەوا دەزانێت ئاخۆ فێرکردنەکانم لە خوداوەیە یان لە خۆمەوە قسە دەکەم. ئەوەی لە خۆیەوە بدوێت، داوای شکۆی خۆی دەکات، بەڵام ئەوەی داوای شکۆی ئەوە بکات کە ناردوویەتی، ئەمە ڕاستگۆیە و فڕوفێڵی تێدا نییە. ئایا موسا تەوراتی نەداونەتێ؟ بەڵام کەس لە ئێوە بە قسەی تەورات ناکات. بۆچی هەوڵی کوشتنم دەدەن؟» خەڵکەکە وەڵامیان دایەوە: «ڕۆحی پیست هەیە! کێ هەوڵی کوشتنت دەدات؟» عیسا پێی فەرموون: «کارێکم کرد و هەمووتان سەرسام بوون. لە ڕۆژی شەممەدا کوڕ خەتەنە دەکەن، چونکە دەڵێن کە موسا خەتەنەکردنی پێ سپاردوون، هەرچەندە خەتەنەکردن لە موساوە نەبووە، بەڵکو لە باپیرانەوەیە. ئەگەر کوڕ لە ڕۆژی شەممە خەتەنە بکرێت تاکو تەوراتی موسا نەشکێت، باشە لە من تووڕە دەبن کە لە ڕۆژی شەممە سەراپای مرۆڤێکم چاککردەوە؟ بە ڕواڵەت حوکم مەدەن، بەڵکو حوکمێکی دادپەروەرانە بدەن.»

هاوبەشی بکە
یۆحەنا 7 بخوێنەوە