لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یۆحەنا 25:4-54

یۆحەنا 25:4-54 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

ژنه‌كه‌ پێی وت: “ده‌زانم مه‌سیا دێت، كه‌ پێی ده‌ووترێ مه‌سیح، كه‌ ئه‌و هات هه‌موو شتێكمان پێ ڕاده‌گه‌یه‌نێت”. ئیشۆعیش پێی فه‌رموو: “من ئه‌وم، ئه‌وه‌ی قسه‌ت له‌گه‌ڵ ده‌كات”. لێره‌دا قوتابییه‌كانی گه‌یشتن، سه‌رسام بوون كه‌ له‌گه‌ڵ ژنێک قسه‌ده‌كات. به‌ڵام كه‌س نه‌یووت: “چیت ده‌وێت؟” یان “بۆچی قسه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌یت؟” ئینجا ژنه‌كه‌ گۆزه‌كه‌ی به‌جێهێشت، چووه‌ نێو شار و به‌ خه‌ڵكی وت: “وه‌رن كه‌سێک ببینن هه‌رچییه‌كم كردووه‌ پێی فه‌رمووم! ده‌بێ ئه‌وه‌ مه‌سیح نه‌بێت؟” ئیتر له‌ شار ده‌رچون‌ و هاتنه‌ لای. له‌و كاته‌دا قوتابییه‌كان تكایان لێی ده‌كرد و وتیان: “ڕابی، بخۆ!” پێی فه‌رموون: “خواردنێكم هه‌یه‌ بیخۆم، كه‌ ئێوه‌ نایزانن”. قوتابییه‌كانیش به‌ یه‌كتریان ده‌ووت: “كه‌س هیچی بۆ هێناوه‌ بیخوات؟” ئیشۆع پێی فه‌رموون: “خواردنی من ئه‌وه‌یه‌ به‌ خواستی ئه‌وه‌ بكه‌م كه‌ ناردوومی و كاره‌كه‌ی ته‌واو بكه‌م. ئه‌ی ناڵێن: پاش چوار مانگ دروێنه‌ دێت؟ ئه‌وه‌تا من پێتان ده‌ڵێم: چاوتان هه‌ڵبڕن و سه‌یری كێڵگه‌كان بكه‌ن وا زه‌رد هه‌ڵگه‌ڕاون بۆ دروێنه‌. سه‌پانیش كرێ وه‌رده‌گرێ و بۆ ژیانی جاویدانی به‌رهه‌م كۆده‌كاته‌وه‌، تاكو تۆوده‌ر و سه‌پان پێكه‌وه‌ دڵشاد بن. چونكه‌ ئه‌و په‌نده‌ ڕاسته‌ كه‌ ده‌ڵێت: یه‌كێک تۆو ده‌كات و یه‌كێكی دیكه‌ دروێنه‌ ده‌كات. من ئێوه‌م بۆ دروێنه‌یه‌ک ناردووه‌ كه‌ پێوه‌ی ماندوو نه‌بوون. كه‌سانی دیكه‌ ماندوو بوون و ئێوه‌ هاتنه‌ سه‌ر ماندووبوونیان”. زۆر له‌ شمرنیه‌كانی ئه‌و شاره‌ باوه‌ڕیان به‌ ئیشۆع هێنا، له‌به‌ر قسه‌ی ئه‌و ژنه‌ی كه‌ گه‌واهیی ده‌دا و وتی: “هه‌رچییه‌كم كردووه‌ پێی فه‌رمووم”. كاتێ شمرنیه‌كان هاتنه‌ لای، تكایان لێكرد له‌لایان بمێنێته‌وه‌، ئه‌ویش دوو ڕۆژ له‌وێ مایه‌وه‌. زۆر زیاتریش به‌هۆی فه‌رمووده‌كانییه‌وه‌ باوه‌ڕیان هێنا و به‌ ژنه‌كه‌یان ده‌ووت: “ئیتر به‌ قسه‌ی تۆ نییه‌ كه‌ باوه‌ڕ ده‌هێنین، چونكه‌ خۆمان بیستمان و ده‌زانین كه‌ ئه‌مه‌ به‌ ڕاستی مه‌سیحی ڕزگاریده‌ری جیهانه‌”. پاش ئه‌و دوو ڕۆژه‌ له‌وێوه‌ چووه‌ گلیلا، چونكه‌ ئیشۆع خۆی گه‌واهیی دا كه‌ “پێغه‌مبه‌ر له‌ نیشتمانی خۆی ڕێزی لێ نانرێت”. كاتێ هاته‌ گلیلا، گلیلاییه‌كان په‌سه‌ندیان كرد، چونكه‌ ئه‌وانیش هاتبوونه‌ جه‌ژن و هه‌موو ئه‌و شتانه‌یان بینیبوو كه‌ له‌ جه‌ژندا له‌ یروشلایم كردبووی. دیسان ئیشۆع هاته‌وه‌‌ قه‌تنێی گلیلا، كه‌ له‌وێ ئاوی كرده‌ مه‌ی، ڕاژوانێكی پاشا كوڕه‌كه‌ی له‌ كپه‌ڕناخوم نه‌خۆش بوو. كاتێ ئه‌مه‌ بیستی ئیشۆع له‌ ئیهووده‌وه‌ هاتووه‌ته‌ گلیلا، چووه‌ لای و لێی پاڕایه‌وه‌ كه‌ دابه‌زێت و كوڕه‌كه‌ی چاكبكاته‌وه‌، چونكه‌ نزیكی مه‌رگ ببوو. ئینجا ئیشۆع پێی فه‌رموو: “ئه‌گه‌ر په‌رجو و كاری سه‌یر نه‌بینن باوه‌ڕ ناهێنن”. ڕاژه‌وانه‌كه‌ی پاشاش پێی وت: “گه‌وره‌م، دابه‌زه‌ پێش ئه‌وه‌ی كوڕه‌كه‌م بمرێت”. ئیشۆع پێی فه‌رموو: “بڕۆ! كوڕه‌كه‌ت زیندووه‌”. پیاوه‌كه‌ باوه‌ڕی به‌و وشه‌یه‌ هێنا كه‌ ئیشۆع پێی فه‌رموو و ڕۆیشت. كه‌ داده‌بزی كۆیله‌كانی چوونه‌ پێشوازی و وتیان “كوڕه‌كه‌ت زیندووه‌”. جا سه‌باره‌ت به‌و كاژێره‌ی تیایدا چاک ببووه‌وه‌ پرسی لێكردن، پێیان وت: “دوێنێ كاژێر حه‌وت تاكه‌ به‌ریدا”. باوكه‌كه‌ زانی له‌و كاژێره‌ بوو كه‌ ئیشۆع پێی فه‌رموو: “كوڕه‌كه‌ت زیندووه‌”. جا خۆی و هه‌موو بنه‌ماڵه‌كه‌ی باوه‌ڕیان هێنا. ئه‌مه‌ش په‌رجوی دووه‌م بوو ئیشۆع كردی، كه‌ له‌ ئیهوودوه‌ هاته‌ گلیلا.

هاوبەشی بکە
یۆحەنا 4 بخوێنەوە

یۆحەنا 25:4-54 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

ژنەکە پێی گوت: «دەزانم مەسیا دێت، کە پێی دەگوترێ مەسیح، کە ئەو هات هەموو شتێکمان پێ ڕادەگەیەنێت.» عیساش پێی فەرموو: «من ئەوم، ئەوەی قسەت لەگەڵ دەکات.» لەو کاتەدا قوتابییەکانی گەیشتن و سەرسام بوون کە لەگەڵ ژنێک قسە دەکات. بەڵام کەس نەیگوت: «چیت دەوێت؟» یان «بۆچی قسەی لەگەڵ دەکەیت؟» ئینجا ژنەکە گۆزەکەی بەجێهێشت، چووە ناو شار و بە خەڵکی گوت: «وەرن ئەو پیاوە ببینن کە هەرچییەکم کردووە پێی فەرمووم! دەبێ مەسیح نەبێت؟» ئیتر خەڵکەکە لە شار هاتنە دەرەوە و چوونە لای. لەو کاتەدا قوتابییەکان تکایان لێی دەکرد: «ڕابی، شتێک بخۆ!» بەڵام پێی فەرموون: «من خواردنێکم هەیە دەیخۆم، کە ئێوە نایزانن.» لەبەر ئەوە قوتابییەکان بە یەکتریان دەگوت: «کەس هیچی بۆ هێناوە بیخوات؟» عیساش پێی فەرموون: «خواردنی من ئەوەیە خواستی ئەوە ئەنجام بدەم کە ناردوومی و کارەکەی تەواو بکەم. ئەی ئێوە ناڵێن: ”پاش چوار مانگ کاتی دروێنە دێت“؟ ئەوەتا پێتان دەڵێم: چاوتان هەڵبڕن و سەیری کێڵگەکان بکەن وا زەرد هەڵگەڕاون بۆ دروێنە. سەپانیش کرێ وەردەگرێت و بۆ ژیانی هەتاهەتایی بەرهەم کۆدەکاتەوە، تاکو تۆوچێن و سەپان پێکەوە دڵشاد بن. لەبەر ئەوە ئەو پەندە ڕاستە کە دەڵێت: ”یەکێک تۆو دەکات و یەکێکی دیکە دروێنە دەکات.“ من ئێوەم بۆ دروێنەیەک ناردووە کە پێوەی ماندوو نەبوون. کەسانی دیکە پێوەی ماندوو بوون و ئێوە بەرهەمی ماندووبوونیان دەخۆن.» زۆر لە سامیرەییەکانی ئەو شارە باوەڕیان بە عیسا هێنا، لەبەر قسەی ئەو ژنەی کە شایەتی دەدا: «هەرچییەکم کردووە پێی فەرمووم.» لەبەر ئەوە کاتێک سامیرەییەکان هاتنە لای عیسا، تکایان لێکرد لەلایان بمێنێتەوە، ئەویش دوو ڕۆژ لەوێ مایەوە. ژمارەیەکی زۆر زیاتریش بەهۆی قسەکانییەوە باوەڕیان هێنا. بە ژنەکەیان دەگوت: «چیتر بەهۆی قسەی تۆوە نییە کە ئێمە باوەڕ دەهێنین، چونکە خۆمان بیستمان و دەزانین کە ئەم پیاوە بەڕاستی ڕزگارکەری جیهانە!» پاش ئەو دوو ڕۆژە عیسا ئەوێی بەجێهێشت و چوو بۆ جەلیل، چونکە خۆی فەرمووبووی کە پێغەمبەر لە شاری خۆی ڕێزی لێ ناگیرێت. لەبەر ئەوە کاتێک هاتە جەلیل، جەلیلییەکان پێشوازییان لێی کرد، چونکە ئەوانیش بۆ جەژن هاتبوون و هەموو ئەو شتانەیان بینیبوو کە لە جەژندا لە ئۆرشەلیم کردبووی. عیسا دیسان هاتەوە شارۆچکەی قانا لە ناوچەی جەلیل کە لەوێ ئاوی کردبووە شەراب. لەو شارۆچکەیەدا کاربەدەستێکی پاشا هەبوو کە کوڕەکەی لە کەفەرناحوم نەخۆش بوو. کاتێک کە بیستی عیسا لە یەهودیاوە هاتووەتە جەلیل، چووە لای و لێی پاڕایەوە کە بێت بۆ ئەوەی کوڕەکەی چاک بکاتەوە کە لە سەرەمەرگدا بوو. ئینجا عیسا پێی فەرموو: «ئەگەر ئێوە پەرجوو و کاری سەرسوڕهێنەر نەبینن هەرگیز باوەڕ ناهێنن.» کاربەدەستەکەش پێی گوت: «گەورەم، پێش ئەوەی کوڕەکەم بمرێت، وەرە.» عیسا پێی فەرموو: «بڕۆ! کوڕەکەت دەژیێت.» پیاوەکە باوەڕی بەو قسەیە کرد کە عیسا پێی فەرموو و ڕۆیشت. کە بە ڕێگاوە بوو، کۆیلەکانی تووشی بوون و هەواڵیان پێدا کە کوڕەکەی زیندووە. جا سەبارەت بەو کاتژمێرەی تێیدا چاکتر ببووەوە پرسیاری لێکردن، وەڵامیان دایەوە: «دوێنێ کاتژمێر یەکی پاش نیوەڕۆ تایەکە بەریدا.» باوکەکە زانی کە ڕێک ئەو کاتە بووە کە عیسا پێی فەرمووبوو: «کوڕەکەت دەژیێت.» ئەوسا خۆی و خاووخێزانی هەموو باوەڕیان هێنا. ئەمەش دووەم پەرجوو بوو کە عیسا کردی، دوای ئەوەی لە یەهودیاوە هاتە جەلیل.

هاوبەشی بکە
یۆحەنا 4 بخوێنەوە