ژنەکە پێی گوت: «دەزانم مەسیا دێت، کە پێی دەگوترێ مەسیح، کە ئەو هات هەموو شتێکمان پێ ڕادەگەیەنێت.» عیساش پێی فەرموو: «من ئەوم، ئەوەی قسەت لەگەڵ دەکات.» لەو کاتەدا قوتابییەکانی گەیشتن و سەرسام بوون کە لەگەڵ ژنێک قسە دەکات. بەڵام کەس نەیگوت: «چیت دەوێت؟» یان «بۆچی قسەی لەگەڵ دەکەیت؟» ئینجا ژنەکە گۆزەکەی بەجێهێشت، چووە ناو شار و بە خەڵکی گوت: «وەرن ئەو پیاوە ببینن کە هەرچییەکم کردووە پێی فەرمووم! دەبێ مەسیح نەبێت؟» ئیتر خەڵکەکە لە شار هاتنە دەرەوە و چوونە لای. لەو کاتەدا قوتابییەکان تکایان لێی دەکرد: «ڕابی، شتێک بخۆ!» بەڵام پێی فەرموون: «من خواردنێکم هەیە دەیخۆم، کە ئێوە نایزانن.» لەبەر ئەوە قوتابییەکان بە یەکتریان دەگوت: «کەس هیچی بۆ هێناوە بیخوات؟» عیساش پێی فەرموون: «خواردنی من ئەوەیە خواستی ئەوە ئەنجام بدەم کە ناردوومی و کارەکەی تەواو بکەم. ئەی ئێوە ناڵێن: ”پاش چوار مانگ کاتی دروێنە دێت“؟ ئەوەتا پێتان دەڵێم: چاوتان هەڵبڕن و سەیری کێڵگەکان بکەن وا زەرد هەڵگەڕاون بۆ دروێنە. سەپانیش کرێ وەردەگرێت و بۆ ژیانی هەتاهەتایی بەرهەم کۆدەکاتەوە، تاکو تۆوچێن و سەپان پێکەوە دڵشاد بن. لەبەر ئەوە ئەو پەندە ڕاستە کە دەڵێت: ”یەکێک تۆو دەکات و یەکێکی دیکە دروێنە دەکات.“ من ئێوەم بۆ دروێنەیەک ناردووە کە پێوەی ماندوو نەبوون. کەسانی دیکە پێوەی ماندوو بوون و ئێوە بەرهەمی ماندووبوونیان دەخۆن.» زۆر لە سامیرەییەکانی ئەو شارە باوەڕیان بە عیسا هێنا، لەبەر قسەی ئەو ژنەی کە شایەتی دەدا: «هەرچییەکم کردووە پێی فەرمووم.» لەبەر ئەوە کاتێک سامیرەییەکان هاتنە لای عیسا، تکایان لێکرد لەلایان بمێنێتەوە، ئەویش دوو ڕۆژ لەوێ مایەوە. ژمارەیەکی زۆر زیاتریش بەهۆی قسەکانییەوە باوەڕیان هێنا. بە ژنەکەیان دەگوت: «چیتر بەهۆی قسەی تۆوە نییە کە ئێمە باوەڕ دەهێنین، چونکە خۆمان بیستمان و دەزانین کە ئەم پیاوە بەڕاستی ڕزگارکەری جیهانە!» پاش ئەو دوو ڕۆژە عیسا ئەوێی بەجێهێشت و چوو بۆ جەلیل، چونکە خۆی فەرمووبووی کە پێغەمبەر لە شاری خۆی ڕێزی لێ ناگیرێت. لەبەر ئەوە کاتێک هاتە جەلیل، جەلیلییەکان پێشوازییان لێی کرد، چونکە ئەوانیش بۆ جەژن هاتبوون و هەموو ئەو شتانەیان بینیبوو کە لە جەژندا لە ئۆرشەلیم کردبووی. عیسا دیسان هاتەوە شارۆچکەی قانا لە ناوچەی جەلیل کە لەوێ ئاوی کردبووە شەراب. لەو شارۆچکەیەدا کاربەدەستێکی پاشا هەبوو کە کوڕەکەی لە کەفەرناحوم نەخۆش بوو. کاتێک کە بیستی عیسا لە یەهودیاوە هاتووەتە جەلیل، چووە لای و لێی پاڕایەوە کە بێت بۆ ئەوەی کوڕەکەی چاک بکاتەوە کە لە سەرەمەرگدا بوو. ئینجا عیسا پێی فەرموو: «ئەگەر ئێوە پەرجوو و کاری سەرسوڕهێنەر نەبینن هەرگیز باوەڕ ناهێنن.» کاربەدەستەکەش پێی گوت: «گەورەم، پێش ئەوەی کوڕەکەم بمرێت، وەرە.» عیسا پێی فەرموو: «بڕۆ! کوڕەکەت دەژیێت.» پیاوەکە باوەڕی بەو قسەیە کرد کە عیسا پێی فەرموو و ڕۆیشت. کە بە ڕێگاوە بوو، کۆیلەکانی تووشی بوون و هەواڵیان پێدا کە کوڕەکەی زیندووە. جا سەبارەت بەو کاتژمێرەی تێیدا چاکتر ببووەوە پرسیاری لێکردن، وەڵامیان دایەوە: «دوێنێ کاتژمێر یەکی پاش نیوەڕۆ تایەکە بەریدا.» باوکەکە زانی کە ڕێک ئەو کاتە بووە کە عیسا پێی فەرمووبوو: «کوڕەکەت دەژیێت.» ئەوسا خۆی و خاووخێزانی هەموو باوەڕیان هێنا. ئەمەش دووەم پەرجوو بوو کە عیسا کردی، دوای ئەوەی لە یەهودیاوە هاتە جەلیل.
یۆحەنا 4 بخوێنەوە
گوێگرتن لە یۆحەنا 4
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: یۆحەنا 25:4-54
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان