لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یۆحەنا 1:21-10

یۆحەنا 1:21-10 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

دوای ئه‌مه‌ دیسان ئیشۆع له‌ ده‌ریای ته‌به‌ریه‌ خۆی بۆ قوتابییه‌كان ده‌رخست، ئاوا خۆی ده‌رخست: شیمعون په‌تڕۆس و تۆما كه‌ به‌ جمک ناسراوه‌، له‌گه‌ڵ نه‌تنیئێل كه‌ خه‌ڵكی قه‌نتێی گلیلا بوو، هه‌روه‌ها دوو كوڕه‌كه‌ی زه‌بدی و دوو قوتابی دیكه‌ پێكه‌وه‌ بوون. شیمعون په‌تڕۆس پێی وتن: “من بۆ ڕاو ده‌ڕۆم”. پێیان وت: “ئێمه‌ش له‌گه‌ڵت دێین”. ئینجا ده‌رچوون و یه‌كسه‌ر سواری كه‌شتی بوون، له‌و شه‌وه‌دا هیچیان نه‌گرت. كاتی به‌ره‌به‌یان، ئیشۆع له‌سه‌ر كه‌ناره‌كه‌ وه‌ستا، به‌ڵام قوتابییه‌كان نه‌یانزانی ئه‌وه‌ ئیشۆعه‌. ئیشۆع پێی فه‌رموون: “كوڕینه‌، هیچ ماسیتان پێ نییه‌؟” وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: “نه‌خێر!”. پێی فه‌رموون: “تۆڕه‌كه‌ هه‌ڵبده‌نه‌ لای ڕاستی كه‌شتیه‌كه‌، ده‌بیننه‌وه‌”. جا هه‌ڵیاندا و ئیتر له‌به‌ر زۆری ئه‌و ماسییانه‌ی تیایدا بوو نه‌یانتوانی ڕایكێشنه‌وه‌. ئه‌و قوتابییه‌ی ئیشۆع خۆشیده‌ویست به‌ په‌تڕۆسی وت: “ئه‌وه‌ په‌روه‌ردگاره‌!” كاتێ شیمعون په‌تڕۆس بیستی ئه‌وه‌ په‌روه‌ردگاره‌، خۆی به‌ جله‌كانی داپۆشی چونكه‌ ڕووت بوو، خۆی هه‌ڵدایه‌ نێو ده‌ریاكه‌. قوتابییه‌كانی دیكه‌ به‌ كه‌شتیه‌كه‌ هاتن و تۆڕی ماسییه‌كه‌یان ڕاده‌كێشا، چونكه‌ له‌ وشكایی دوور نه‌بوون، ته‌نها دوو سه‌د گه‌ز. كاتێ دابه‌زینه‌ وشكایی، بینییان وا پشكۆ دانراوه‌ و ماسی خراوه‌ته‌ سه‌ری له‌گه‌ڵ نان. ئیشۆع پێی فه‌رموون: “له‌و ماسییانه‌ بهێنن كه‌ ئێستا گرتتان”.

یۆحەنا 1:21-10 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

دوای ئەمە دیسان عیسا بەم شێوەیە لە دەریاچەی جەلیل خۆی بۆ قوتابییەکان دەرخست: شیمۆن پەترۆس و تۆماس کە بە دیدمۆس ناسرابوو، لەگەڵ ناتانئیل کە خەڵکی قانای جەلیل بوو، هەروەها کوڕەکانی زەبدی و دوو قوتابی دیکەی ئەو پێکەوە بوون. شیمۆن پەترۆس پێی گوتن: «بۆ ڕاو دەچم.» پێیان گوت: «ئێمەش لەگەڵت دێین.» ئینجا ڕۆیشتن و سواری بەلەم بوون، بەڵام لەو شەوەدا هیچیان نەگرت. کاتی بەرەبەیان، عیسا لە کەناری دەریاچەکە ڕاوەستا، بەڵام قوتابییەکان نەیانزانی ئەوە عیسایە. عیسا پێی فەرموون: «کوڕینە، هیچ ماسیتان پێ نییە؟» وەڵامیان دایەوە: «نەخێر.» پێی فەرموون: «تۆڕەکە هەڵبدەنە لای ڕاستی بەلەمەکە، ماسی دەبیننەوە.» جا هەڵیاندا و ئیتر لەبەر زۆری ئەو ماسییانەی تێیدا بوو نەیانتوانی تۆڕەکە ڕابکێشنە ناو بەلەمەکە. ئەو قوتابییەی عیسا خۆشی دەویست بە پەترۆسی گوت: «ئەوە عیسای خاوەن شکۆیە!» کاتێک پەترۆس بیستی «ئەوە عیسای خاوەن شکۆیە،» خۆی بە جلەکانی داپۆشی چونکە ڕووت بوو، خۆی هەڵدایە ناو ئاوەکەوە. قوتابییەکانی دیکە بە بەلەمەکە هاتن و تۆڕی ماسییەکەیان ڕادەکێشا، چونکە تەنها دوو سەد باڵ لە وشکانییەوە دوور بوون. کاتێک دابەزینە وشکانی، بینییان وا خەڵووز ئامادە کراوە و ماسی خراوەتە سەری و نان دانراوە. عیسا پێی فەرموون: «لەو ماسییانە بهێنن کە ئێستا گرتتان.»