لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

پەیدابوون 9:18-19

پەیدابوون 9:18-19 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

پاشان پێیان فەرموو: «کوا سارای ژنت؟» ئەویش گوتی: «ئەوەتا، لەناو چادرەکەیە.» ئینجا یەزدان فەرمووی: «بێگومان ساڵێکی دیکە ئەم کاتانە دێمەوە لات و سارای ژنیشت کوڕێکی بووە.» ساراش لە پشتەوە و لەبەر دەرگای چادرەکەدا گوێی لەوان گرتبوو. ئیبراهیم و سارا دوو کەسی پیر و بەساڵداچوو بوون. ساراش تەمەنی منداڵبوونی بەسەرچووبوو. بۆیە سارا لە دڵی خۆیدا پێکەنی و گوتی: «ئایا ئێستا کە تەواو پیر بووم و مێردەکەشم پیر بووە، خۆشیم بۆ دەبێت؟» ئینجا یەزدان بە ئیبراهیمی فەرموو: «بۆچی سارا پێکەنی و گوتی: ”ئایا بەڕاستی بەم پیرییەوە منداڵم دەبێت“؟ هیچ شتێک هەیە بۆ یەزدان ئەستەم بێت؟ ساڵی داهاتوو لە کاتی دیاریکراو دێمەوە لات و ساراش کوڕێکی بووە.» سارا لە ترسا درۆی کرد و گوتی: «پێنەکەنیم.» بەڵام ئەو فەرمووی: «بەڵێ، پێکەنیت.» ئینجا پیاوەکان لەوێ هەستان و ڕوویان لە سەدۆم کرد، ئیبراهیمیش لەگەڵیان ڕۆیشت، تاکو بەڕێیان بکات. یەزدانیش فەرمووی: «ئایا ئەوەی کە بەتەمام ئەنجامی بدەم لە ئیبراهیمی بشارمەوە؟ بێگومان ئیبراهیم دەبێتە نەتەوەیەکی مەزن و بەهێز و هەموو نەتەوەکانی سەر زەویش لە ڕێگەی ئەوەوە بەرەکەتدار دەبن. لەبەر ئەوەی هەڵمبژاردووە کە منداڵەکانی و ماڵەکەی لەدوای خۆی ڕابسپێرێت ڕێچکەی یەزدان بگرنەبەر، بۆ ئەوەی ڕاستودروستی و دادپەروەری پەیڕەو بکەن، تاکو یەزدان ئەو بەڵێنە بهێنێتە دی کە بە ئیبراهیمی دابوو.»