پەیدابوون 18
18
سێ میوان
1ئینجا یەزدان لەلای دار بەڕووەکانی مەمرێ بۆ ئیبراهیم دەرکەوت، کە لە گەرمای ڕۆژدا لەبەر دەرگای چادرەکەیدا دانیشتبوو. 2ئیبراهیم سەری هەڵبڕی و بینی وا سێ پیاو لە نزیکی وەستاون. کاتێک ئەوانی بینی، لە دەرگای چادرەکەیەوە بەرەو ڕوویان ڕایکرد و کڕنۆشی برد و سەری خستە سەر زەوی.
3ئینجا گوتی: «گەورەم، ئەگەر جێی ڕەزامەندیتم، بەسەر خزمەتکارەکەتدا تێمەپەڕە. 4با تۆزێک ئاو بهێنرێت و پێتان بشۆن، ئینجا لەژێر دارەکە پاڵ بدەنەوە. 5پارووە نانێکیشتان بۆ دێنم تاکو بەری دڵتانی پێ بگرن و پاشان تێبپەڕن، چونکە ئێوە بۆ لای خزمەتکارەکەتان هاتوون.»
ئەوانیش فەرموویان: «ئەوەی گوتت بیکە.»
6ئیتر ئیبراهیم بە پەلە چوو بۆ ناو چادرەکە بۆ لای سارا و پێی گوت: «خێرا سێ پێوانە#18:6 سێ پێوانە: عیبری: سێ سەئا، نزیکەی 16 کگم. لە باشترین ئارد بهێنە و بیشێلە و بیکە بە نان.»
7هەروەها ئیبراهیم بۆ لای مێگەلەکە ڕایکرد و گوێرەکەیەکی ناسک و چاکی هێنا و دایە دەست خزمەتکارێکەوە، ئەویش خێرا کەوتە ئامادەکردنی. 8ئینجا دەڵەمە#18:8 یان دەرەمە، قۆناغی پێش دروستبوونی پەنیر. و شیر و ئەو گوێرەکەیەی ئامادەکرابوو، هێنای و لەبەردەمیان داینا. خۆشی لەژێر دارەکە لەسەریان ڕاوەستا، کاتێک ئەوان نانەکەیان دەخوارد.
9پاشان پێیان فەرموو: «کوا سارای ژنت؟»
ئەویش گوتی: «ئەوەتا، لەناو چادرەکەیە.»
10ئینجا یەزدان فەرمووی: «بێگومان ساڵێکی دیکە ئەم کاتانە دێمەوە لات و سارای ژنیشت کوڕێکی بووە.»
ساراش لە پشتەوە و لەبەر دەرگای چادرەکەدا گوێی لەوان گرتبوو. 11ئیبراهیم و سارا دوو کەسی پیر و بەساڵداچوو بوون. ساراش تەمەنی منداڵبوونی بەسەرچووبوو. 12بۆیە سارا لە دڵی خۆیدا پێکەنی و گوتی: «ئایا ئێستا کە تەواو پیر بووم و مێردەکەشم پیر بووە، خۆشیم بۆ دەبێت؟»
13ئینجا یەزدان بە ئیبراهیمی فەرموو: «بۆچی سارا پێکەنی و گوتی: ”ئایا بەڕاستی بەم پیرییەوە منداڵم دەبێت“؟ 14هیچ شتێک هەیە بۆ یەزدان ئەستەم بێت؟ ساڵی داهاتوو لە کاتی دیاریکراو دێمەوە لات و ساراش کوڕێکی بووە.»
15سارا لە ترسا درۆی کرد و گوتی: «پێنەکەنیم.»
بەڵام ئەو فەرمووی: «بەڵێ، پێکەنیت.»
پاڕانەوەی ئیبراهیم بۆ سەدۆم
16ئینجا پیاوەکان لەوێ هەستان و ڕوویان لە سەدۆم کرد، ئیبراهیمیش لەگەڵیان ڕۆیشت، تاکو بەڕێیان بکات. 17یەزدانیش فەرمووی: «ئایا ئەوەی کە بەتەمام ئەنجامی بدەم لە ئیبراهیمی بشارمەوە؟ 18بێگومان ئیبراهیم دەبێتە نەتەوەیەکی مەزن و بەهێز و هەموو نەتەوەکانی سەر زەویش لە ڕێگەی ئەوەوە بەرەکەتدار دەبن. 19لەبەر ئەوەی هەڵمبژاردووە کە منداڵەکانی و ماڵەکەی لەدوای خۆی ڕابسپێرێت ڕێچکەی یەزدان بگرنەبەر، بۆ ئەوەی ڕاستودروستی و دادپەروەری پەیڕەو بکەن، تاکو یەزدان ئەو بەڵێنە بهێنێتە دی کە بە ئیبراهیمی دابوو.»
20ئینجا یەزدان فەرمووی: «هاوار لە دژی سەدۆم و عەمۆرا زۆر بووە و تووشی گوناهی زۆر گەورە هاتوون. 21ئەوا دێمە خوارەوە بۆ ئەوەی بزانم ئاخۆ ئەو کارەی کە کردوویانە بەو ڕادەیە خراپە کە بیستوومە. ئەگەر نا، ئەوا دەزانم.»
22ئینجا پیاوەکان ڕوویان کردە سەدۆم و ڕۆیشتن، بەڵام ئیبراهیم هێشتا لەبەردەم یەزدان وەستابوو. 23ئیبراهیم چووە پێشەوە و گوتی: «ئایا لەگەڵ خراپەکاردا ڕاستودروستیش لەناودەبەیت؟ 24ئەی ئەگەر شارەکە پەنجا کەسی ڕاستودروستی تێدابێت، ئایا هەر لەناوی دەبەیت و لە پێناوی ئەو پەنجا ڕاستودروستەی کە تێیدایە نایبەخشیت؟ 25حاشا، شتی وا لە تۆ ناوەشێتەوە کە ڕاستودروستیش لەگەڵ خراپەکاردا بکوژیت و وەکو یەک هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بکەیت! دوور بێت لە تۆ! ئایا دادوەری هەموو زەوی دادپەروەر نابێت؟»
26یەزدانیش فەرمووی: «ئەگەر لە شاری سەدۆم پەنجا کەسی ڕاستودروست ببینمەوە، ئەوا لە پێناوی ئەوان هەموو شارەکە دەبەخشم.»
27ئیبراهیم وەڵامی دایەوە: «ئێستا منێک کە خۆڵ و خۆڵەمێشم، بوێری ئەوەم هەبووە لەگەڵ پەروەردگاردا قسە بکەم، 28ئەی ئەگەر لەو پەنجا کەسە ڕاستودروستە پێنجی کەم بوو؟ ئایا بۆ پێنج کەس هەموو شارەکە وێران دەکەیت؟»
فەرمووی: «وێرانی ناکەم، ئەگەر چل و پێنج لەوێ ببینمەوە.»
29دیسان کەوتەوە قسە لەگەڵی و گوتی: «ئەی ئەگەر لەوێ چلی لێبوو؟»
فەرمووی: «لەبەر خاتری ئەو چلە، نایکەم.»
30ئینجا گوتی: «با پەروەردگار تووڕە نەبێت و قسە بکەم، ئەی ئەگەر هەر سی لێبوو؟»
فەرمووی: «نایکەم، ئەگەر لەوێ سی ببینمەوە.»
31ئیبراهیم گوتی: «ئیتر وا وێرام قسە لەگەڵ پەروەردگار بکەم، ئەی ئەگەر بیستی لێبوو؟»
فەرمووی: «لەبەر ئەو بیستە وێرانی ناکەم.»
32ئینجا گوتی: «با پەروەردگار تووڕە نەبێت و هەر ئەم جارە قسە بکەم. ئەی ئەگەر دەی لێبوو؟»
فەرمووی: «لەبەر ئەو دەیە وێرانی ناکەم.»
33ئینجا دوای ئەوەی یەزدان لەگەڵ ئیبراهیم لە قسەکردن بووەوە، ڕۆیشت، ئیبراهیمیش گەڕایەوە شوێنی خۆی.
دیاریکراوەکانی ئێستا:
پەیدابوون 18: KSS
بەرچاوکردن
هاوبەشی بکە
لەبەرگرتنەوە
دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە
کتێبی پیرۆز، کوردی سۆرانی ستاندەر™
مافی چاپکردن پاێزراوە © ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ Biblica, Inc.
بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. هەموومافەەەکانی پارێزراوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard™
Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc.
Used with permission. All rights reserved worldwide.