کردار 1:7-53
کردار 1:7-53 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)
كاهینی باڵا لێی پرسی: “ئه‌م شتانه وان؟” ئه‌ویش وتی: “برایان و باوكان گوێ‌بگرن! خوداوه‌ندی شكۆ بۆ ئه‌وڕاهه‌می باوكمان ده‌ركه‌وت كاتێ له میسۆپۆتامیا بوو، پێش ئه‌وه‌ی له حاران نیشته‌جێ بێت، پێی فه‌رموو: {له زه‌وی و هۆزی خۆت ده‌رچۆ و وه‌ره بۆ ئه‌و زه‌وییه‌ی پیشانت ده‌ده‌م} . زه‌ویی كلدانییه‌كانی به‌جێهێشت و له حاران نیشته‌جێ بوو. دوای مردنی باوكی، خودا له‌وێوه گواستییه‌وه بۆ ئه‌م زه‌ویه‌ی ئێوه ئێستا تیایدا نیشته‌جێن. لێره‌دا هیچ میراتێكی پێی نه‌دا، ته‌نانه‌ت شوێن پێیه‌كیش. به‌ڵام به‌ڵێنی پێدا كه {به موڵک بیداته خۆی و نه‌وه‌كه‌ی له‌دوای خۆی} ، هێشتا منداڵی نه‌بوو. خودا‌ش ئاوای فه‌رموو: {وه‌چه‌كانت له زه‌ویه‌كی نامۆ ده‌بن كه هی خۆیان نییه، ده‌بنه كۆیله‌یان و چوار سه‌د ساڵ ده‌یانچه‌وسێننه‌وه. ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌ش حوكم ده‌ده‌م، كه وه‌ک كۆیله ڕاژه‌ی ده‌كه‌ن} ، خودا فه‌رموویه‌تی، {دوای ئه‌وه درده‌چن و له‌م شوێنه ده‌مپه‌رستن} . هه‌روه‌ها په‌یمانی خروسه‌بڕانی له‌گه‌ڵ به‌ست. جا ئسخه‌قی بوو، له هه‌شت ڕۆژیدا خروسه‌بڕانی كرد. ئسخه‌قیش یاقووی بوو، یاقووش دوازده باوكه‌كه. باوكانیش ئیره‌ییان به یۆسپ برد، فرۆشتیانه میسڕ. به‌ڵام خودای له‌گه‌ڵ بوو، له هه‌موو ناخۆشییه‌كانی ڕزگاری كرد، له‌به‌رده‌م پڕعونی پاشای میسڕدا به‌خشش و دانایی پێ دا. ئه‌ویش به‌رپرسێتیی میسڕ و هه‌موو ماڵه‌كه‌ی خۆی پێ دا. ئینجا برسیێتی و ته‌نگانه‌یه‌كی مه‌زن به‌سه‌ر هه‌موو میسڕ و كه‌نعاندا هات، باوكانمان خواردنیان ده‌ست نه‌ده‌كه‌وت. كاتێ یاقوو بیستی له میسڕدا دانه‌وێڵه هه‌یه، جاری یه‌كه‌م باوكانمانی نارد. بۆ جاری دووه‌م یۆسپ به برایانی ناسرا، بنه‌ماڵه‌ی یۆسپیش بۆ پڕعون ده‌ركه‌وت. ئیتر یۆسپ ناردی یاقووی باوكی هه‌موو هۆزه‌كه‌ی بۆ میسڕ بانگ‌كرد، حه‌فتا و پێنج كه‌س بوون. جا یاقوو بۆ میسڕ دابه‌زی و مرد، خۆی و باوكانمان. ئینجا بۆ شه‌كیم گه‌ڕاندیانه‌وه و له‌و گۆڕه ناشتییان كه ئه‌وڕاهه‌م له شه‌كیم به بڕێک زیو له كوڕه‌كانی حه‌مۆری كڕی. به‌ڵام ئه‌و كاته‌ی به‌ڵێنه‌كه نزیک ده‌بووه‌وه كه خودا بۆ ئه‌وڕاهه‌م سوێندی خواردبوو، گه‌ل له میسڕ په‌ره‌یان ده‌سه‌ند و زۆرده‌بوون، تاكو {پاشایه‌كی دیكه له میسڕ هاته سه‌ر ته‌خت یۆسپی نه‌ده‌ناسی} . له‌گه‌ڵ نه‌ژاده‌كه‌مان به فێڵ ده‌جوڵایه‌وه و خراپه‌ی له‌گه‌ڵ باوباپیرانمان كرد، ناچاری ده‌كردن منداڵه ساواكانیان دووربخه‌نه‌وه تاكو بمرن. له‌و كاته‌دا مووشێ له‌دایكبوو. زۆر جوان بوو، سێ مانگ له ماڵی باوكی به‌خێوكرا، كاتێ دوور خرایه‌وه، كچی پڕعون هه‌ڵیگرته‌وه و كردییه كوڕی خۆی و به‌خێوی كرد. مووشێش له‌نێو هه‌موو دانایی میسڕییه‌كان په‌روه‌رده كرا، به توانا له قسه و كرداردا. كاتێ ته‌مه‌نی بووه چل ساڵ، هاته سه‌ر دڵی سه‌ردانی براكانی بكات، نه‌وه‌ی ئیسڕائیل. یه‌كێكی بینی سته‌می لێ ده‌كرێت، به‌رگری لێ‌كرد و دادوه‌ری بۆ سته‌م لێكراو كرد، میسڕییه‌كه‌ی كوشت. وایزانی برایانی تێده‌گه‌ن كه خودا له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و قورتاریان ده‌كات. به‌ڵام تێنه‌گه‌یشتن. ڕۆژی دووه‌م دوو له برایانی بۆی ده‌ركه‌وتن و به‌شه‌ڕده‌هاتن، هه‌وڵی ده‌دا ئاشتیان بكاته‌وه، وتی: ئێوه بران، بۆچی ده‌ست بۆ یه‌كتری درێژ ده‌كه‌ن؟ به‌ڵام ئه‌وه‌ی سته‌می له نزیكه‌كه‌ی ده‌كرد، پاڵێكی پێوه نا و وتی: {كێ تۆی كردووه به سه‌رۆک و دادوه‌ر به‌سه‌رمان؟ ده‌ته‌وێ بمكوژیت وه‌ک دوێنێ میسڕییه‌كه‌ت كوشت؟} مووشێش به‌هۆی ئه‌م قسه‌یه‌وه هه‌ڵات، له زه‌ویی میدیان بووه بێگانه و له‌وێ دوو كوڕی بوو. دوای ئه‌وه‌ی چل ساڵ ته‌واوبوو، فریشته‌ی خوداوه‌ند له بیابانی شاخی سینه‌ی له‌نێو ده‌وه‌نێكی داگیرساودا بۆی ده‌ركه‌وت. مووشێش ئه‌مه‌ی بینی و له دیمه‌نه‌كه سه‌رسام بوو، ده‌چووه پێش تاكو له نزیكه‌وه سه‌یر بكات، ده‌نگی په‌روه‌ردگار هات: {منم خودای باوكانت، خودای ئه‌وڕاهه‌م و ئسخه‌ق و یاقوو} . به‌ڵام مووشێ له‌رز گرتی و نه‌یوێرا سه‌یر بكات. {جا په‌روه‌ردگار پێی فه‌رموو: سۆله‌كانت له پێت دابكه‌نه، چونكه ئه‌و شوێنه‌ی تۆ له‌سه‌ری وه‌ستاوی زه‌ویه‌كی پارسا‌یه. من نه‌هامه‌تیی گه‌لی خۆم له میسڕ بینی و ناڵه‌یانم بیست، دابه‌زیم تاكو قورتاریان بكه‌م. ئێستاش وه‌ره، ده‌تنێرمه میسڕ} . ئه‌وه مووشێیه كه ڕه‌تیان كرده‌وه و وتیان: {كێ تۆی كردووه به سه‌رۆک و دادوه‌ر به‌سه‌رمان؟} هه‌ر ئه‌و بوو خودا وه‌ک سه‌رۆک و قوربانیده‌ر به ده‌ستی ئه‌و فریشته‌یه ناردی كه له ده‌وه‌نه‌كه‌دا بۆی ده‌ركه‌وت. ئه‌م ده‌ریهێنان، له ماوه‌ی چل ساڵدا په‌رجو و نیشانه‌ی له خاكی میسڕ و ده‌ریای سوور و چۆڵه‌وانیش كرد. ئه‌مه ئه‌و مووشێیه كه به نه‌وه‌ی ئیسڕائیلی وت: {خودا له‌نێو برایانتان پێغه‌مبه‌رێكی وه‌كو منتان بۆ په‌یداده‌كات، گوێی لێ بگرن} . هه‌ر ئه‌ویش بوو له چۆڵه‌وانی له‌نێو وارگه‌كه‌دا بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌و فریشته‌یه‌ی له شاخی سینه‌ی قسه‌ی له‌گه‌ڵی ده‌كرد، له‌گه‌ڵ باوكانیشمان، ئه‌وه‌ی وته زیندووه‌كانی وه‌رگرت تاكو بمانداتێ. به‌ڵام باوكانمان نه‌یانویست گوێڕایه‌ڵی بن. به‌ڵكو ڕه‌تیانكرده‌وه و دڵیان بۆ میسڕ ده‌گه‌ڕایه‌وه. به هاڕونیان وت: {خوداوه‌ندێكمان بۆ دروست بكه له‌پێشمانه‌وه بێت، چونكه ئه‌م مووشێیه‌ی له زه‌ویی میسڕه‌وه ده‌ریهێناین نازانین چی لێهات!} . له‌و ڕۆژانه‌دا بتێكیان له شێوه‌ی گۆلک دروستكرد و قوربانییان بۆ كرد، به ده‌ستكردی خۆیان دڵشاد بوون. خودا‌ش ڕووی لێ وه‌رگێڕان و وازی لێ هێنان ئه‌ستێره‌كانی ئاسمان بپه‌رستن، وه‌ک له سیپاره‌ی پێغه‌مبه‌راندا نووسراوه: {ئه‌ی ماڵی ئیسڕائیل، ئایا به درێژایی چل ساڵ له چۆڵه‌وانی قوربانیی سه‌ربڕاو و پێشكه‌شكراوتان بۆ من كرد؟ نه‌خێر، به‌ڵكو ڕه‌شماڵی بتی مۆلۆختان له‌گه‌ڵ ئه‌ستێره‌ی خوداوه‌ندی خۆتان هه‌ڵگرت، ڕه‌مفان، ئه‌و په‌یكه‌رانه‌ی دروستتان كرد تاكو كڕنۆشی بۆ ببه‌ن. بۆیه بۆ دوورتر له باڤل دوورتان ده‌خه‌مه‌وه} . نشینگه‌ی گه‌واهیدانیش له چۆڵه‌وانیدا له‌گه‌ڵ باوباپیرانمان بوو، هه‌روه‌ک ئه‌وه‌ی خودا فه‌رمانی به مووشێ كرد له‌سه‌ر ئه‌و نموونه‌یه دروستی بكات كه بینیویه‌تی. جا باوكانمان نشینگه‌كه‌یان وه‌رگرت و له‌گه‌ڵ یه‌شوع بردییانه نێو موڵكی ئه‌و گه‌لانه‌ی خودا له‌به‌رده‌می باوكانمان ده‌ریكردن تا ڕۆژانی داوید، ئه‌وه‌ی له‌لای خودا ڕه‌زامه‌ندیی به‌ده‌ستهێنا، ئه‌ویش هه‌وڵی دا نشینگه‌یه‌ک بۆ خوداوه‌ندی یاقوو دروست بكات. به‌ڵام شلیمون بوو كه خانوویه‌كی بۆ دروستكرد. به‌ڵام خودای هه‌ره‌به‌رز له ماڵی ده‌ستكرد نیشته‌جێ نابێت، وه‌ک پێغه‌مبه‌ر وتوویه‌تی: {ئاسمان ته‌ختی منه و زه‌ویش ته‌خته‌پێمه، چ ماڵێكم بۆ بنیاد ده‌نێن؟ په‌روه‌ردگار ده‌فه‌رمووێ، له‌كوێیه شوێنی حه‌وانه‌وه‌م؟ ئایا ده‌ستی من هه‌موو ئه‌م شتانه‌ی دروست نه‌كردووه؟} ئه‌ی كه للـه‌ڕه‌قان، ئه‌ی دڵ و گوێ خروسه‌بڕان نه‌كراوان! ئێوه وه‌ک باوكانتان هه‌میشه به‌ربه‌ره‌كانێی ڕووحی پارسا ده‌كه‌ن! باوكانتان چۆن بوون ئێوه‌ش وان. باوكانتان چ پێغه‌مبه‌رێكیان نه‌چه‌وساندۆته‌وه؟ ئه‌وانه‌شیان كوشت كه زوو باسی هاتنی بێتاوانه‌كه‌یان ده‌كرد، ئه‌وه‌ی ئێستا ئێوه ڕاده‌ستتان كرد و كوشتتان ئێوه ته‌وراتتان به ڕێنمایی فریشته‌كان وه‌رگرت و په‌یڕه‌وتان نه‌كرد”.
کردار 1:7-53 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)
سەرۆکی کاهینان لێی پرسی: «ئایا ئەو تۆمەتانە ڕاستن؟» ئەویش گوتی: «برایان و باوکان گوێ بگرن، خودای شکۆمەندی بۆ ئیبراهیمی باوکمان دەرکەوت کاتێک لە میسۆپۆتامیا بوو، پێش ئەوەی لە حاران نیشتەجێ بێت، پێی فەرموو: ﴿خاک و کەسوکارت بەجێبهێڵە و بڕۆ بۆ ئەو خاکەی پیشانت دەدەم.﴾ «خاکی کلدانییەکانی بەجێهێشت و لە حاران نیشتەجێ بوو. دوای مردنی باوکی، خودا لەوێوە گواستییەوە بۆ ئەم خاکەی ئێوە ئێستا تێیدا نیشتەجێن. لێرەدا هیچ میراتێکی نەدایێ، تەنانەت شوێن پێیەکیش. بەڵام خودا بەڵێنی پێدا کە بە موڵک بیداتە خۆی و وەچەکەی لەدوای خۆی، هەرچەندە هێشتا منداڵی نەبوو. خودا‌ش ئاوای فەرموو: ﴿نەوەکانت لە خاکێک نامۆ دەبن کە هی خۆیان نییە، دەبنە کۆیلەیان و چوار سەد ساڵ دەیانچەوسێننەوە. بەڵام ئەو نەتەوەیەش حوکم دەدەم، کە ئەوان وەک کۆیلە خزمەتیان دەکەن،﴾ خودا فەرموویەتی، ﴿دوای ئەوە دێنە دەرەوە و لەم شوێنە دەمپەرستن.﴾ خودا‌ش پەیمانی خەتەنەکردنی لەگەڵ ئیبراهیم بەست. ئاوا ئیسحاقی بوو، لە تەمەنی هەشت ڕۆژیدا خەتەنەی کرد. ئیسحاقیش یاقوبی بوو، یاقوبیش دوازدە باوکانی یەکەمینی بوو. «باوکانیش چاویان بە یوسف هەڵنەهات، فرۆشتیانە میسر. بەڵام خودای لەگەڵ بوو، لە هەموو ناخۆشییەکانی ڕزگاری کرد، لەبەردەم فیرعەونی پاشای میسردا نیعمەت و دانایی پێدا. ئەویش کردی بە فەرمانڕەوای میسر و سەرپەرشتیاری هەموو ماڵەکەی خۆی. «ئینجا قاتوقڕی و تەنگانە بەسەر هەموو میسر و کەنعاندا هات، باوباپیرانمان خواردنیان دەست نەدەکەوت. یاقوب بیستی لە میسر دانەوێڵە هەیە، جاری یەکەم باوکانمانی نارد. بۆ جاری دووەم یوسف بە برایانی ناسرا، بنەماڵەی یوسفیش بۆ فیرعەون دەرکەوت. ئیتر یوسف ناردی یاقوبی باوکی بە هەموو کەسوکاریەوە بۆ میسر بانگکرد، کە حەفتا و پێنج کەس بوون. جا یاقوب بۆ میسر دابەزی و مرد، خۆی و باوباپیرانمان. ئینجا بۆ شەخەم گەڕاندیانەوە و لەو گۆڕە ناشتییان کە ئیبراهیم لە شەخەم بە بڕێک زیو لە کوڕەکانی حەمۆری کڕی. «بەڵام ئەو کاتەی بەڵێنەکە نزیک دەبووەوە کە خودا بە ئیبراهیمی دا، گەل لە میسر پەرەیان دەسەند و زۆردەبوون، تاکو ﴿لە میسر پاشایەکی نوێ هاتە سەر تەخت کە یوسفی نەدەناسی.﴾ لەگەڵ گەلەکەمان بە فێڵ دەجوڵایەوە و خراپەی لەگەڵ باوباپیرانمان کرد، ناچاری دەکردن منداڵە ساواکانیان دووربخەنەوە تاکو بمرن. «لەو کاتەدا مو‌سا لەدایک بوو. لەبەرچاوی خودا جوان بوو، سێ مانگ لە ماڵی باوکی بەخێوکرا، کاتێک دوورخرایەوە، کچی فیرعەون هەڵیگرتەوە و کردییە کوڕی خۆی و بەخێوی کرد. موساش لەناو هەموو دانایی میسرییەکاندا پەروەردە کرا، بە توانا لە قسە و کرداردا. «کاتێک تەمەنی بووە چل ساڵ، بڕیاری دا سەردانی برا ئیسرائیلییەکانی بکات. یەکێکیانی بینی ستەمی لێ دەکرێت، بەرگری لێکرد و دادوەریی بۆ ستەملێکراو کرد، میسرییەکەی کوشت. وایزانی برایانی تێدەگەن کە خودا لەسەر دەستی ئەو ڕزگاریان دەکات. بەڵام تێنەگەیشتن. بۆ بەیانی دوو لە برا عیبرانییەکانی بینی کە شەڕیان دەکرد، هەوڵی دەدا ئاشتیان بکاتەوە، گوتی: ”ئێوە بران، بۆچی دەست بۆ یەکتری درێژ دەکەن؟“ «بەڵام ئەوەی ستەمی لە نزیکەکەی دەکرد، پاڵێکی پێوەنا و گوتی: ﴿کێ تۆی کردووە بە گەورە و دادوەر بەسەرمانەوە؟ ئایا دەتەوێ بمکوژیت هەروەک دوێنێ میسرییەکەت کوشت؟﴾ موساش بەهۆی ئەم قسەیەوە هەڵهات، لە خاکی میدیان بووە بێگانە و لەوێ دوو کوڕی بوو. «دوای ئەوەی چل ساڵ تەواوبوو، ﴿فریشتەیەک لە بیابانی شاخی سینا لەنێو دەوەنێکی داگیرساودا بۆی دەرکەوت.﴾ موساش ئەمەی بینی و لە دیمەنەکە سەرسام بوو، دەچووە پێش تاکو لە نزیکەوە سەیر بکات، دەنگی یەزدان هات: ﴿من خودای باوکانت، خودای ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوبم.﴾ بەڵام مو‌سا لەرز گرتی و نەیوێرا سەیر بکات. «﴿جا یەزدان پێی فەرموو: پێڵاوەکانت لە پێت دابکەنە، چونکە ئەو شوێنەی تۆ لەسەری وەستاویت خاکێکی پیرۆزە. بەڕاستی من ئەزیەتی گەلەکەی خۆمم لە میسر بینی و گوێم لە ناڵەیان بوو، هاتمە خوارەوە تاکو دەربازیان بکەم. ئێستاش وەرە، دەتنێرمە میسر.﴾ «ئەو موسایەی ڕەتیان کردەوە و گوتیان: ﴿کێ تۆی کردووە بە گەورە و دادوەر بەسەرمانەوە؟﴾ هەر ئەو بوو خودا وەک گەورە و ئازادکەر بە دەستی ئەو فریشتەیە ناردی کە لە دەوەنەکەدا بۆی دەرکەوت. جا مو‌سا گەلەکەی لە میسر هێنایە دەرەوە، پەرجوو و نیشانەی کرد لە خاکی میسر، لە دەریای سوور، هەروەها لە ماوەی چل ساڵدا لە چۆڵەوانی. «ئەمە ئەو موسایەیە کە بە نەوەی ئیسرائیلی گوت: ﴿خودا لەنێو براکانتان پێغەمبەرێکی وەک منتان بۆ دادەنێت.﴾ هەر ئەویش بوو لە چۆڵەوانی لەناو کڵێساکەدا بوو، لەگەڵ ئەو فریشتەیەی لە شاخی سینا قسەی لەگەڵی دەکرد، لەگەڵ باوباپیرانیشمان، ئەوەی وشە زیندووەکانی وەرگرت تاکو بمانداتێ. «بەڵام باوباپیرانمان نەیانویست گوێڕایەڵی بن. ئەویان ڕەتکردەوە و دڵیان بۆ میسر لێی دەدا. بە هارونیان گوت: ﴿چەند خوداوەندێکمان بۆ دروستبکە تاکو پێشڕەویمان بکەن، چونکە ئەم موسایە، ئەو پیاوەی ئێمەی لە خاکی میسرەوە دەرهێنا نازانین چی لێهات.﴾ لەو ڕۆژانەدا بتێکیان لە شێوەی گۆلک دروستکرد و قوربانییان بۆ کرد، بە دەستکردی خۆیان دڵشاد بوون. بەڵام خودا ڕووی لێ وەرگێڕان و وازی لێ هێنان ئەستێرەکانی ئاسمان بپەرستن، وەک لە پەڕتووکی پێغەمبەراندا نووسراوە: «﴿ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئایا بۆ ماوەی چل ساڵ لە چۆڵەوانی قوربانی سەربڕاو و پێشکەشکراوتان بۆ هێنام؟ نەخێر، بەڵکو نزرگەی بتی مۆلەختان لەگەڵ ئەستێرەی خوداوەندەکەتان هەڵگرت، ڕێفان، ئەو پەیکەرانەی دروستتان کرد تاکو بیانپەرستن. لەبەر ئەوە من بۆ شوێنێک ڕاپێچتان دەکەم کە لە بابل دوورترە.﴾ «چادری پەرستنی شایەتیش لە چۆڵەوانیدا لەگەڵ باوباپیرانمان بوو، هەروەک ئەوەی خودا فەرمانی بە مو‌سا کرد لەسەر ئەو نموونەیە دروستی بکات کە بینیویەتی. جا باوباپیرانمان چادری پەرستنیان وەرگرت و لەگەڵ یەشوع بردیانە ناو موڵکی ئەو گەلانەی خودا لەبەردەمی باوکانمان دەریکردن هەتا ڕۆژانی داود، ئەوەی لەلای خودا ڕەزامەندی بەدەستهێنا، ئەویش هەوڵی دا نشینگەیەک بۆ خودای یاقوب دروستبکات. کەچی ئەوە سلێمان بوو کە ماڵێکی بۆ دروستکرد. «بەڵام خودای هەرەبەرز لە ماڵی دەستکرد نیشتەجێ نابێت، هەروەک پێغەمبەر ئیشایا گوتوویەتی: «﴿ئاسمان تەختی منە و زەویش تەختەپێمە، چ ماڵێکم بۆ بنیاد دەنێن؟ یەزدان دەفەرموێ، لەکوێیە شوێنی حەوانەوەم؟ ئایا دەستی من هەموو ئەم شتانەی دروستنەکردووە؟﴾ «ئەی کەللەڕەقان، ئەی دڵ و گوێ خەتەنەنەکراوان! ئێوە وەک باوباپیرانتان هەمیشە بەربەرەکانێی ڕۆحی پیرۆز دەکەن! باوباپیرانتان چ پێغەمبەرێکیان نەچەوساندووەتەوە؟ ئەوانەشیان کوشت کە زوو باسی هاتنی ڕاستودروستەکەیان دەکرد، ئەوەی ئێستا ئێوە بە گرتنتان دا و کوشتتان. ئێوە تەوراتتان بە ڕێنمایی فریشتەکان وەرگرت بەڵام پەیڕەوتان نەکرد.»