لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

دووەم کۆرنسۆس 1:3-11

دووەم کۆرنسۆس 1:3-11 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

ئایا ده‌ست به‌ ستایشكردنی خۆمان بكه‌ین؟ ئایا وه‌ک هه‌ندێک كه‌س، پێویستیمان به‌ ڕاسپارده‌نامه‌یه‌ بۆ ئێوه‌ یان له‌ ئێوه‌وه‌؟ ئێوه‌ په‌یامی ئێمه‌ن، كه‌ له‌ دڵماندا نووسراوه‌، كه‌وا هه‌موو خه‌ڵک ده‌یزانن و ده‌یخوێننه‌وه‌. ئێوه‌ ده‌ركه‌وتن په‌یامی مه‌سیحن، كه‌ ئێمه‌ ڕاژه‌مان كردووه‌، به‌ مه‌ره‌كه‌ب نه‌نووسراوه‌ به‌ڵكو به‌ ڕووحی خودای زیندوو، نه‌ک له‌سه‌ر ته‌خته‌ی به‌ردین، به‌ڵكو له‌سه‌ر ته‌خته‌ دڵی گۆشتین. به‌ڵام به‌هۆی مه‌سیح متمانه‌ی ئاوامان به‌ خودا هه‌یه‌. نه‌ک به‌ خۆمان لێهاتوو بین تاكو بیر بكه‌ینه‌وه‌ هی خۆمان بێت، به‌ڵكو لێهاتووییمان له‌ خوداوه‌یه‌. ئه‌وه‌ی لێهاتووی كردین تاكو ببینه‌ ڕاژه‌وانی په‌یمانێكی نوێ ئه‌وه‌ی پیت نییه‌ به‌ڵكو ڕووحه‌.‌ چونكه‌ پیت ده‌كوژێت، به‌ڵام ڕووح ژیان ده‌دات. ئه‌گه‌ر ڕاژه‌ی مه‌رگ به‌ پیت له‌ به‌رد هه‌ڵكه‌ندراوه‌ به‌ شكۆوه‌ هاتبێت، ته‌نانه‌ت نه‌وه‌ی ئیسڕائیل نه‌یانتوانی ته‌ماشای ڕوخساری مووشێ بكه‌ن، له‌به‌ر شكۆی ڕوخساری كه‌ له‌ناوچووه‌، ئیتر چه‌ند زیاتر ڕاژه‌ی ڕووح شكۆدارتر ده‌بێت؟ چونكه‌ ئه‌گه‌ر ڕاژه‌ی تاوانباركردن شكۆمه‌ندی بێت، ئاخۆ ده‌بێ ڕاژه‌ی بێتاوانكردن چه‌ند زیاتر له‌ شكۆمه‌ندیدا بێت؟ شكۆداركراویش له‌ به‌راورد به‌ شكۆی له‌ ڕاده‌به‌ده‌ر شكۆی نه‌ماوه‌. چونكه‌ ئه‌گه‌ر له‌ناوچوو له‌ شكۆمه‌ندیدا بێت، ئه‌ی ئه‌وه‌ی هه‌میشه‌ییه‌ چه‌ند زیاتر له‌ شكۆمه‌ندیدا ده‌بێت!

دووەم کۆرنسۆس 1:3-11 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

ئایا دیسان دەست بەوە بکەینەوە بە خۆماندا هەڵبدەین؟ ئایا وەک هەندێک کەس، پێویستیمان بە ڕاسپاردەنامەیە بۆ ئێوە یان لە ئێوەوە؟ ئێوە نامەی ئێمەن، کە لە دڵماندا نووسراوە و هەموو خەڵک دەیخوێننەوە و دەیزانن. دەرکەوت ئێوە نامەیەکن لە مەسیحەوە، کە ئێمە خزمەتمان کردووە، بە مەرەکەب نەنووسراوە بەڵکو بە ڕۆحی خودای زیندوو، نەک لەسەر تەختە بەرد، بەڵکو لەسەر تەختە دڵی مرۆڤ. بەهۆی مەسیحەوە متمانەی ئاوامان بە خودا هەیە. ئێمە خۆمان لێهاتوو نین کە بیر لە شتێک بکەینەوە و پێمان وابێت لە خۆمانەوەیە، بەڵکو لێهاتووییمان لە خوداوەیە. ئەو لێهاتووی کردین تاکو ببینە خزمەتکاری پەیمانی نوێ، پەیمانی ڕۆح نەک پەیمانی نووسراو بە پیت، چونکە ئەو پیتە نووسراوە دەکوژێت، بەڵام ڕۆحەکە ژیان دەدات. ئەگەر بێتو ئەو خزمەتەی کە بووە هۆی مردن و بە پیت لەسەر بەرد هەڵکەنراو بوو بە شکۆوە هاتبێت، تەنانەت نەوەی ئیسرائیل نەیانتوانی تەماشای ڕووی موسا بکەن، لەبەر شکۆی ڕووی کە فەوتاوە، ئیتر چەند زیاتر خزمەتی ڕۆحی پیرۆز شکۆدارتر دەبێت؟ چونکە ئەگەر خزمەتی تاوانبارکردن شکۆمەندی بێت، ئاخۆ دەبێ خزمەتی بێتاوانکردن چەند زیاتر لە شکۆمەندیدا بێت؟ شکۆدارکراویش لە بەراورد بە شکۆی لە ڕادەبەدەر شکۆی نەماوە، چونکە ئەگەر فەوتاو لە شکۆمەندیدا بێت، ئەی ئەوەی هەمیشەییە چەند زیاتر لە شکۆمەندیدا دەبێت!