لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

دووەم کۆرنسۆس 12:1-22

دووەم کۆرنسۆس 12:1-22 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

جا ئه‌مه‌یه‌ شانازیمان. ویژدانمان گه‌واهی ده‌دات‌ كه‌ ڕه‌فتارمان له‌ جیهاندا، به‌ تایبه‌تی سه‌باره‌ت به‌ ئێوه‌، له‌ ساكاری و دڵسۆزی بوو كه‌ له‌ خودایه‌، نه‌ک به‌ دانایی جه‌سته‌یی به‌ڵكو به‌ به‌خششی خودا. چونكه‌ شتێكی دیكه‌تان بۆ نانووسین جگه‌ له‌وه‌ی بیخوێننه‌وه‌ یان لێی تێبگه‌ن. منیش هیوادارم تاكو به‌ ته‌واوی له‌ ئێمه‌ تێبگه‌ن، وه‌ک هه‌ندێک لێمان تێگه‌یشتن، تاكو شانازی ئێوه‌ بین، وه‌ک ئێوه‌ش شانازی ئێمه‌ن، له‌ ڕۆژی ئیشۆعی په‌روه‌ردگار. جا به‌م دڵنیاییه‌وه‌ به‌ نیاز بووم كه‌وا یه‌كه‌مجار بێمه‌ لاتان، تاكو دووباره‌ به‌خششتان بۆ بێت، به‌ره‌و ماقیدۆنیا به‌ لاتاندا تێپه‌ڕم و له‌ ماقیدۆنیاوه‌ دیسان بێمه‌وه‌ لاتان، ئێوه‌ش بۆ ئیهوود ڕه‌وانه‌م بكه‌ن. كه‌ به‌ نیازی ئه‌مه‌ بوومه‌، ئایا دوودڵ بووم؟ یاخود به‌گوێره‌ی جه‌سته‌ پلانه‌كانم داناوه‌، كه‌ له‌ یه‌ک كات ده‌ڵێم. به‌ڵێ، به‌ڵێ و نه‌خێر، نه‌خێر؟ هه‌روه‌ک خودا سه‌رڕاسته‌، وته‌كانمان بۆ ئێوه‌ به‌ڵێ و نه‌خێر نییه‌. چونكه‌ ئیشۆعی مه‌سیحی ڕۆڵه‌ی خودا، كه‌ به‌هۆی من و شیلاو تیماتیئوس له‌نێوتاندا ڕاگه‌یێندرا، به‌ڵێ و نه‌خێر نه‌بوو، به‌ڵكو له‌ودا هه‌ر به‌ڵێ بووه‌. به‌ڵێنه‌كانی خودا هه‌رچییه‌ک بوو، به‌هۆی ئێمه‌وه‌ “به‌ڵێ” و “ئامین” ن، بۆ شكۆمه‌ندیی خودا. به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ مه‌سیحدا ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئێوه‌دا جێگیر ده‌كات، ئه‌وه‌ی ده‌ستنیشانی كردووین، خودایه‌، كه‌ مۆری خۆی لێداوین و وه‌ک پێشه‌كی ڕووحی خۆی خسته‌ دڵمانه‌وه‌.

دووەم کۆرنسۆس 12:1-22 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

ئێمە شانازی بەمەوە دەکەین: ویژدانمان شایەتی دەدات کە هەڵسوکەوتمان لە جیهاندا، بە تایبەتی سەبارەت بە ئێوە، لە دروستی و بێ دووڕوویی بوو کە لە خودایە، نەک بە دانایی دنیایی بەڵکو بە نیعمەتی خودا. شتێکتان بۆ نانووسین کە نەتوانن بیخوێننەوە یان لێی تێنەگەن. هیوادارم بە تەواوی لێمان تێبگەن، تاکو مایەی شانازیی ئێوە بین، وەک چۆن ئێوەش لە ڕۆژی عیسای خاوەن شکۆمان مایەی شانازیی ئێمەن. جا بەم دڵنیاییەوە بە نیاز بووم کە یەکەم جار بێمە لاتان، تاکو دووبارە نیعمەتتان بۆ بێت. دەمویست لەسەر ڕێگام بەرەو مەکدۆنیا سەردانتان بکەم و لە مەکدۆنیاوە دیسان بێمەوە لاتان، پاشان ئێوەش بۆ یەهودیا بەڕێم بکەن. کە بە نیازی ئەمە بووم، ئایا بە ڕاڕایی جوڵامەوە؟ یاخود بە شێوەیەکی دنیایی پلانەکانم داناوە، کە لە کاتێکدا دەڵێم: «بەڵێ، بەڵێ» و «نەخێر، نەخێر»؟ بەڵام هەروەک چۆن خودا دڵسۆزە، وتەکانمان بۆ ئێوە هەم «بەڵێ» و هەم «نەخێر» نییە. عیسای مەسیحی کوڕی خودا، کە بەهۆی من و سیلا و تیمۆساوسەوە لەنێوتاندا مزگێنی درا، «بەڵێ» و «نەخێر» نەبوو، بەڵام لەلایەن ئەوەوە هەر «بەڵێ» بووە. بەڵێنەکانی خودا هەرچییەک بن، بە یەکبوون لەگەڵ مەسیح دەبن بە «بەڵێ». بۆیە بەهۆی ئەوەوە دەڵێین «ئامین» بۆ شکۆمەندی خودا. بەڵام ئەوە خودایە کە ئێمە و ئێوە بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا دەچەسپێنێت. ئەو دەستنیشانی کردووین و خودا مۆری خۆی لێداوین و وەک پێشەکی ڕۆحی خۆی خستە دڵمانەوە بۆ دەستەبەری ئەوەی دێت.