لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

دووه‌م قۆرنتێ 1

1
1 پۆڵۆس، په‌یامبه‌ری ئیشۆعی مه‌سیح به‌ خواستی خودا، تیماتیئوسی براش، بۆ وارگه‌ی خودا له‌ قۆرنتێ، له‌گه‌ڵ هه‌موو پارساكان له‌ هه‌موو ئه‌خائیه‌. 2 به‌خشش و ئاشتی له‌ خودای باوكمان و ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگاره‌وه‌ بۆ ئێوه‌.
3 پیرۆزه‌ خودا، باوكی ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگارمان، باوكی میهره‌بانی و خوداوه‌ندی هه‌موو دڵنه‌واییه‌ک، 4 ئه‌وه‌ی له‌ هه‌موو ته‌نگانه‌یه‌كماندا دڵنه‌واییمان ده‌كات، تاكو بتوانین به‌و دڵنه‌واییه‌ی له‌ خوداوه‌ دڵنه‌وایی كراین، دڵنه‌وایی ئه‌وانه‌ بكه‌ین كه‌ له‌ هه‌ر ته‌نگانه‌یه‌كدان. 5 چونكه‌ وه‌ک ئازاره‌كانی مه‌سیح تیاماندا زیاد ده‌بێت، به‌هۆی مه‌سیحه‌وه‌ دڵنه‌واییشمان زیاد ده‌بێت. 6 ئه‌گه‌ر تووشی ته‌نگانه‌ ده‌بین ئه‌وا بۆ دڵنه‌وایی و ڕزگاریتانه‌، ئه‌گه‌ر دڵنه‌وایی كرابین ئه‌وا بۆ دڵنه‌واییتانه‌، ئه‌وه‌ی كاریگه‌ره‌ له‌ ئێوه‌دا دانبه‌خۆداگرتنه‌ بۆ هه‌مان ئه‌و ئازارانه‌ی كه‌ ئێمه‌ش ده‌یچێژین. 7 جا هیوامان بۆ ئێوه‌ جێگیره‌. ده‌زانین وه‌ک له‌ ئازاردا به‌شدارن، له‌ دڵنه‌واییش ئاوان. 8 برایان، نامانه‌وێت ئه‌و ته‌نگانه‌ی له‌ ئاسیا به‌سه‌رمان هات له‌لاتان شاراوه‌ بێت، كه‌ زۆر له‌ سه‌رووی توانا بارگران بووین، تا ئه‌وه‌ی له‌ ژیان بێ هووده‌ بووین. 9 به‌ڵام له‌ خۆماندا هه‌ستمان كرد حوكمی مه‌رگمان بۆ دراوه‌، تاكو پشت به‌ خۆمان نه‌به‌ستین، به‌ڵكو به‌و خودایه‌ی مردووان هه‌ڵده‌ستێنێته‌وه‌. 10 ئه‌وه‌ی له‌ مه‌رگێكی ئاوا گه‌وره‌ ده‌ربازی كردین و ده‌ربازمان ده‌كات. هیوامان پێی هه‌یه‌ كه‌ دواتریش ده‌ربازمان ده‌كات، 11 ئێوه‌ش به‌ نوێژه‌كانتان یارمه‌تیده‌رن بۆ ئێمه‌، تاكو كه‌سانێكی زۆر له‌ پێناوی ئێمه‌ له‌سه‌ر ئه‌و به‌خششه‌ی پێمان دراوه‌ سوپاسی خودا بكه‌ن.
12 جا ئه‌مه‌یه‌ شانازیمان. ویژدانمان گه‌واهی ده‌دات‌ كه‌ ڕه‌فتارمان له‌ جیهاندا، به‌ تایبه‌تی سه‌باره‌ت به‌ ئێوه‌، له‌ ساكاری و دڵسۆزی بوو كه‌ له‌ خودایه‌، نه‌ک به‌ دانایی جه‌سته‌یی به‌ڵكو به‌ به‌خششی خودا. 13 چونكه‌ شتێكی دیكه‌تان بۆ نانووسین جگه‌ له‌وه‌ی بیخوێننه‌وه‌ یان لێی تێبگه‌ن. منیش هیوادارم تاكو به‌ ته‌واوی له‌ ئێمه‌ تێبگه‌ن، 14 وه‌ک هه‌ندێک لێمان تێگه‌یشتن، تاكو شانازی ئێوه‌ بین، وه‌ک ئێوه‌ش شانازی ئێمه‌ن، له‌ ڕۆژی ئیشۆعی په‌روه‌ردگار.
15 جا به‌م دڵنیاییه‌وه‌ به‌ نیاز بووم كه‌وا یه‌كه‌مجار بێمه‌ لاتان، تاكو دووباره‌ به‌خششتان بۆ بێت، 16 به‌ره‌و ماقیدۆنیا به‌ لاتاندا تێپه‌ڕم و له‌ ماقیدۆنیاوه‌ دیسان بێمه‌وه‌ لاتان، ئێوه‌ش بۆ ئیهوود ڕه‌وانه‌م بكه‌ن. 17 كه‌ به‌ نیازی ئه‌مه‌ بوومه‌، ئایا دوودڵ بووم؟ یاخود به‌گوێره‌ی جه‌سته‌ پلانه‌كانم داناوه‌، كه‌ له‌ یه‌ک كات ده‌ڵێم. به‌ڵێ، به‌ڵێ و نه‌خێر، نه‌خێر؟ 18 هه‌روه‌ک خودا سه‌رڕاسته‌، وته‌كانمان بۆ ئێوه‌ به‌ڵێ و نه‌خێر نییه‌. 19 چونكه‌ ئیشۆعی مه‌سیحی ڕۆڵه‌ی خودا، كه‌ به‌هۆی من و شیلاو تیماتیئوس له‌نێوتاندا ڕاگه‌یێندرا، به‌ڵێ و نه‌خێر نه‌بوو، به‌ڵكو له‌ودا هه‌ر به‌ڵێ بووه‌. 20 به‌ڵێنه‌كانی خودا هه‌رچییه‌ک بوو، به‌هۆی ئێمه‌وه‌ “به‌ڵێ” و “ئامین” ن، بۆ شكۆمه‌ندیی خودا. 21 به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ مه‌سیحدا ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئێوه‌دا جێگیر ده‌كات، ئه‌وه‌ی ده‌ستنیشانی كردووین، خودایه‌، 22 كه‌ مۆری خۆی لێداوین و وه‌ک پێشه‌كی ڕووحی خۆی خسته‌ دڵمانه‌وه‌. 23 به‌ڵام من خوداش ده‌كه‌مه‌ گه‌واهیده‌ر له‌سه‌ر خۆم، به‌زه‌ییم پێتان هاته‌وه‌ كه‌ نه‌هاتمه‌وه‌ قۆرنتێ. 24 نه‌ک به‌سه‌ر باوه‌ڕتان سالار بین، به‌ڵكو هاوكارین بۆ خۆشیتان، چونكه‌ به‌ باوه‌ڕ جێگیرن.

دیاریکراوەکانی ئێستا:

دووه‌م قۆرنتێ 1: PNTZS

بەرچاوکردن

هاوبەشی بکە

لەبەرگرتنەوە

None

دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە