لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەکەم سالۆنیکی 2:1-10

یەکەم سالۆنیکی 2:1-10 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

هه‌رده‌م له‌ پێناوی هه‌مووتان سوپاسی خودا ده‌كه‌ین،‌ له‌ نوێژه‌كانمان یادتان ده‌كه‌ین، بێ بڕان له‌به‌رده‌م خودا و باوكمان یادی كرداری باوه‌ڕ و ڕه‌نجی خۆشویستن و دانبه‌خۆداگرتنی هیواتان ده‌كه‌ین له‌ ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگارمان. برایان، خۆشه‌ویستانی خودا، ده‌زانین كه‌ هه‌ڵیبژاردوون، چونكه‌ ته‌نها به‌ قسه‌ ئینجیلمان بۆ نه‌هێنان، به‌ڵكو به‌ هێز و به‌ ڕووحی پارسا و به‌ دڵنیایی زۆر، وه‌ک ده‌زانن له‌ پێناوی ئێوه‌ له‌نێوانتاندا چ جۆره‌ كه‌سێک بووین. ئێوه‌ش لاسایی ئێمه‌ و په‌روه‌ردگارتان كرده‌وه‌، له‌ ته‌نگانه‌یه‌كی گه‌وره‌دا به‌ شادیی ڕووحی پارسا وشه‌كه‌تان په‌سه‌ند كرد، تاكو بوونه‌ نموونه‌ بۆ هه‌موو باوه‌ڕداران له‌ ماقیدۆنیا و ئه‌خائیه‌. چونكه‌ وشه‌ی په‌روه‌ردگار له‌لای ئێوه‌وه‌ بڵاو كرایه‌وه‌، نه‌ک ته‌نها له‌ ماقیدۆنیا و ئه‌خائیه‌، به‌ڵكو باوه‌ڕتان به‌ خودا له‌ هه‌موو شوێنێک بڵاو بوه‌ته‌وه‌، ته‌نانه‌ت پێویستمان به‌وه‌ نییه‌ شتێک بڵێین. چونكه‌ خۆیان باسمان ده‌كه‌ن كه‌ پێشوازیتان بۆ ئێمه‌ چۆن بووه‌ و چۆن له‌ بته‌وه‌ بۆ خودا گه‌ڕانه‌وه‌، تاكو خودای زیندوو و ڕاست بپه‌رستن، بۆ چاوه‌ڕوانیی ڕۆڵه‌كه‌ی له‌ ئاسمان، ئه‌وه‌ی له‌نێو مردووان هه‌ستاندیه‌وه‌‌، ئیشۆع، ئه‌وه‌ی له‌ تووڕه‌یی داهاتوو ده‌ربازمان ده‌كات.

یەکەم سالۆنیکی 2:1-10 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

هەموو کات لە پێناوی هەر یەکێکتاندا سوپاسی خودا دەکەین و بێ بڕانەوە لە نوێژەکانمان یادتان دەکەین، بەردەوام لەبەردەم خودای باوکماندا ئەو کارانەتان بەبیر دەهێنینەوە کە بەرهەمی باوەڕتانە، هەروەها ئەو ڕەنجەتان کە لە خۆشەویستییەوەیە و ئەو دانبەخۆداگرتنەشتان کە سەرچاوە دەگرێت لە هیواتان بە عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان. ئەی خوشکان و برایان، خۆشەویستانی خودا، دەزانین کە خودا ئێوەی هەڵبژاردووە، چونکە تەنها بە قسە پەیامی ئینجیلمان بۆ نەهێنان، بەڵکو بە هێز و بە ڕۆحی پیرۆز و بە دڵنیایی تەواوەوە، وەک دەزانن لە پێناوی ئێوە لەنێوانتاندا چ جۆرە کەسێک بووین. ئێوەش لاسایی ئێمە و مەسیحی خاوەن شکۆتان کردەوە، لە تەنگانەیەکی گەورەدا بە خۆشی ڕۆحی پیرۆز پێشوازیتان لە پەیامەکە کرد، تاکو بوونە نموونە بۆ هەموو باوەڕداران لە مەکدۆنیا و ئەخایا. پەیامی مەسیحی خاوەن شکۆ لەلای ئێوەوە بڵاو کرایەوە، نەک تەنها لە مەکدۆنیا و ئەخایا، بەڵکو ناوبانگی باوەڕتان بە خودا لە هەموو شوێنێکدا بڵاو بووەتەوە. لەبەر ئەوە پێویست ناکات هیچ شتێک بڵێین، چونکە خۆیان باسمان دەکەن کە پێشوازیتان لە ئێمە چۆن بووە و چۆن لە بتپەرستییەوە گەڕاونەتەوە بۆ لای خودا، تاکو خودای زیندوو و ڕاست بپەرستن و چاوەڕێی کوڕەکەی بکەن لە ئاسمان، ئەوەی لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە، مەبەست لە عیسایە، کە لە تووڕەیی داهاتووی خودا دەربازمان دەکات.