لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەکەم پەترۆس 6:1-12

یەکەم پەترۆس 6:1-12 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

به‌وه‌ی پێی دڵخۆش ده‌بن، هه‌رچه‌نده‌ بۆ ماوه‌یه‌ک ئێستا ده‌بێ به‌ده‌ست تاقیكردنه‌وه‌ جۆراوجۆره‌كان خه‌م بخۆن، تاكو سه‌لماندنی باوه‌ڕتان كه‌ له‌ زێڕی له‌ناوچوو نرخدارتره‌، كه‌وا به‌ ئاگر تاقی ده‌كرێته‌وه‌، بۆ ستایش و ڕێز وشكۆ بێت له‌ ئاشكراكردنی ئیشۆعی مه‌سیحدا. هه‌رچه‌نده‌ نه‌تانبینیوه‌ خۆشتانده‌وێ. ئێستاش نایبینن باوه‌ڕی پێ ده‌هێنن و دڵخۆش ده‌بن به‌ شێوه‌یه‌ک هه‌ر باسی ناكرێت و شكۆداره‌، چونكه‌ ئامانجی باوه‌ڕتان به‌ده‌ست ده‌هێنن، واتا ڕزگاریی ده‌روونتان. ئه‌و ڕزگارییه‌ی پێغه‌مبه‌ران بۆی گه‌ڕان و پشكنییان، سه‌باره‌ت به‌و به‌خششه‌ی بۆ ئێوه‌یه‌ پێشبینییان كرد، ده‌گه‌ڕان چ دۆخێک یان چ كاتێكه‌ ڕووحی مه‌سیح دیاری ده‌كات كه‌ تیایاندایه‌، زوو گه‌واهییان داوه‌ بۆ ئازاره‌كانی مه‌سیح و ئه‌و شكۆمه‌ندیانه‌ی دوای دێت. بۆیان ئاشكرا كرا كه‌ بۆ خۆیان نین، به‌ڵكو ڕاژه‌ی ئێوه‌یان ده‌كرد له‌و شتانه‌ی ئێستا پێتان ڕاگه‌یه‌نرا، به‌هۆی ئه‌وانه‌ی موژده‌یان پێ به‌خشین به‌ ڕووحی پارسا، كه‌ له‌ ئاسمانه‌وه‌ نێردراوه‌، كه‌ فریشته‌كانیش ئاره‌زووی بینینی ده‌كه‌ن.

یەکەم پەترۆس 6:1-12 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

ئەمانە دڵخۆشتان دەکات، هەرچەندە لەوانەیە بۆ ماوەیەکی کەم ناچار بن بە دەست تاقیکردنەوەی جۆراوجۆرەوە ئازار بچێژن، تاکو سەلماندنی باوەڕی ڕاستەقینەتان، کە لە زێڕی لەناوچوو بەنرخترە، هەرچەندە بە ئاگر تاقی دەکرێتەوە، کاتێک عیسای مەسیح ئاشکرا دەکرێت ستایش و شکۆ و ڕێزی بەدواوە دەبێت. هەرچەندە نەتانبینیوە خۆشتان دەوێ، ئێستاش نایبینن باوەڕی پێ دەهێنن و دڵخۆش دەبن بە شێوەیەک هەر باسی ناکرێت و شکۆدارە، چونکە ئامانجی باوەڕتان بەدەستدەهێنن، واتا ڕزگاریی دەروونتان. ئەو پێغەمبەرانەی کە پێشبینییان کرد لەسەر ئەو نیعمەتەی کە خودا بۆ ئێوەی ئامادە کردبوو، بە وردی لێکۆڵینەوەیان لە بابەتی ئەو ڕزگاربوونە کرد و بەدوایدا گەڕان، ڕۆحی مەسیح کە تێیاندابوو، ئاگاداری دەکردنەوە سەبارەت بە ئازارەکانی مەسیح و ئەو شکۆداربوونەی لەدوای ئازارەکانەوە دێت، هەوڵیان دەدا کە بزانن ڕۆحی پیرۆز ئاماژە بە چی دەکات لەبارەی کاتی ڕوودانەکەی یان بارودۆخی جیهان لە کاتی ڕوودانەکەی. بۆیان ئاشکرا کرا کە پەیامەکە بۆ خۆیان نەبوو، بەڵکو بۆ ئێوە بوو، واتا ڕووداوەکان لە سەردەمی ئێوە ڕوودەدەن. ئێستا پێتان ڕاگەیەنرا بەهۆی ئەوانەی مزگێنییان پێ بەخشین بە یارمەتی ڕۆحی پیرۆز، کە لە ئاسمانەوە نێردراوە. ئەمانە ئەو ڕووداوانەن کە فریشتەکانیش بە پەرۆشن لێیان ورد ببنەوە.