لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یه‌كه‌م په‌تڕۆس 1

1
1 په‌تڕۆس، په‌یامبه‌ری ئیشۆعی مه‌سیح، بۆ بژارده‌كانی خودا، بێگانه‌ په‌راگه‌نده‌كان له‌ پۆنتس و گه‌ڵاتیه‌ و قاپودقیا و ئاسیا و بتۆنیا، 2 به‌گوێره‌ی زانینی پێشووی خودای باوک بژاركراون، به‌ پارساكردنی ڕووح بۆ گوێڕایه‌ڵی ئیشۆعی مه‌سیح و پرژاندنی خوێنه‌كه‌ی: به‌خشش و ئاشتیتان زیاد بێت.
3 پیرۆزه‌ خودا باوكی په‌روه‌ردگارمان ئیشۆعی مه‌سیح، كه‌ به‌گوێره‌ی به‌زه‌ییه‌ فراوانه‌كه‌ی له‌دایكبوونه‌وه‌ی پێ به‌خشین بۆ هیوایه‌كی زیندوو، به‌ هه‌ستانه‌وه‌ی ئیشۆعی مه‌سیح له‌نێو مردووان، 4 بۆ میراتێک كه‌ نافه‌وتێت و گڵاو نابێت و له‌ناوناچێت، بۆ ئێوه‌ له‌ ئاسماناندا پارێزراوه‌، 5 ئێوه‌ كه‌ به‌ هێزی خودا پاسه‌وانی كراون، به‌ باوه‌ڕ، بۆ ئه‌و ڕزگارییه‌ی كه‌ ئاماده‌یه‌ له‌ پایانی زه‌مانه‌ ڕابگه‌یه‌ندرێ. 6 به‌وه‌ی پێی دڵخۆش ده‌بن، هه‌رچه‌نده‌ بۆ ماوه‌یه‌ک ئێستا ده‌بێ به‌ده‌ست تاقیكردنه‌وه‌ جۆراوجۆره‌كان خه‌م بخۆن، 7 تاكو سه‌لماندنی باوه‌ڕتان كه‌ له‌ زێڕی له‌ناوچوو نرخدارتره‌، كه‌وا به‌ ئاگر تاقی ده‌كرێته‌وه‌، بۆ ستایش و ڕێز وشكۆ بێت له‌ ئاشكراكردنی ئیشۆعی مه‌سیحدا. 8 هه‌رچه‌نده‌ نه‌تانبینیوه‌ خۆشتانده‌وێ. ئێستاش نایبینن باوه‌ڕی پێ ده‌هێنن و دڵخۆش ده‌بن به‌ شێوه‌یه‌ک هه‌ر باسی ناكرێت و شكۆداره‌، 9 چونكه‌ ئامانجی باوه‌ڕتان به‌ده‌ست ده‌هێنن، واتا ڕزگاریی ده‌روونتان. 10 ئه‌و ڕزگارییه‌ی پێغه‌مبه‌ران بۆی گه‌ڕان و پشكنییان، سه‌باره‌ت به‌و به‌خششه‌ی بۆ ئێوه‌یه‌ پێشبینییان كرد، 11 ده‌گه‌ڕان چ دۆخێک یان چ كاتێكه‌ ڕووحی مه‌سیح دیاری ده‌كات كه‌ تیایاندایه‌، زوو گه‌واهییان داوه‌ بۆ ئازاره‌كانی مه‌سیح و ئه‌و شكۆمه‌ندیانه‌ی دوای دێت. 12 بۆیان ئاشكرا كرا كه‌ بۆ خۆیان نین، به‌ڵكو ڕاژه‌ی ئێوه‌یان ده‌كرد له‌و شتانه‌ی ئێستا پێتان ڕاگه‌یه‌نرا، به‌هۆی ئه‌وانه‌ی موژده‌یان پێ به‌خشین به‌ ڕووحی پارسا، كه‌ له‌ ئاسمانه‌وه‌ نێردراوه‌، كه‌ فریشته‌كانیش ئاره‌زووی بینینی ده‌كه‌ن.
13 بۆیه‌ پشتێنی هزرتان ببه‌ستن و له‌ ئاماده‌باشیدا بن، هیواتان به‌ ته‌واوی له‌سه‌ر ئه‌و به‌خششه‌ بێت كه‌ له‌ ئاشكراكردنی ئیشۆعی مه‌سیحه‌وه‌ دێت. 14 وه‌ک ڕۆڵه‌كانی گوێڕایه‌ڵی، وه‌ک كاتی نه‌زانی خۆتان له‌گه‌ڵ هه‌وه‌سه‌ كۆنه‌كانتان مه‌گونجێنن، 15 به‌ڵكو وه‌ک ئه‌و پارسایه‌ی كه‌ بانگی كردوون، ئێوه‌ش له‌ هه‌موو ڕه‌فتارێک پارسا بن، 16 چونكه‌ نووسراوه‌: “پارسا بن، چونكه‌ من پارسام”. 17 ئه‌گه‌ر له‌ باوک ده‌پاڕێنه‌وه‌، ئه‌وه‌ی بێ جوداخوازی هه‌ر كه‌سێک به‌گوێره‌ی كرده‌وه‌كه‌ی حوكم ده‌دات، كه‌واته‌ له‌ كاتی نامۆییتان به‌ ترسه‌وه بژین. 18 ده‌زانن به‌ شتی له‌ناوچووی وه‌ک زیو یان زێڕ قوربانیتان بۆ نه‌رداروه‌، له‌و ژیانه‌ ناڕه‌وایه‌ی له‌ باوباپیرانه‌وه‌ بۆتان مابووه‌وه‌، 19 به‌ڵكو به‌ خوێنێكی گرانبه‌ها، خوێنی مه‌سیح، وه‌ک له‌ به‌رخێكی بێ كه‌موكوڕی و بێ گڵاوی. 20 له‌پێش دامه‌زراندنی جیهان هه‌ڵبژێردرابوو، له‌ پێناوی ئێوه‌دا له‌م ڕۆژگارانه‌ی دوایی ده‌ركه‌وت. 21 به‌هۆیه‌وه‌ باوه‌ڕتان به‌ خودا هه‌یه‌، ئه‌وه‌ی له‌نێو مردووان هه‌ستاندیه‌وه‌‌ و شكۆی پێ دا، كه‌وا هیوا و باوه‌ڕتان به‌ خودا بێت. 22 به‌ گوێڕایه‌ڵیتان بۆ ڕه‌وا خۆتان بێگه‌رد بكه‌نه‌وه‌ بۆ خۆشویستنی برایانه‌ی بێ ڕووپامایی، به‌ دڵێكی بێگه‌رد به‌ توندی یه‌كتریتان خۆشبووێ. 23 ئێوه‌ش له‌دایک بوونه‌وه‌، نه‌ک به‌ تۆوێكی فه‌وتاو به‌ڵكو نه‌فه‌وتاو، به‌ وشه‌ی زیندووی خودا كه‌ تا جاویدانی ده‌مێنێته‌وه‌. 24 چونكه‌: “هه‌موو جه‌سته‌یه‌ک وه‌ک گیا وایه‌ و هه‌موو شكۆی مرۆڤ وه‌ک گوڵی ده‌شت وایه‌. گیا وشک ده‌بێت و گوڵ هه‌ڵده‌وه‌رێ، 25 به‌ڵام وشه‌ی په‌روه‌ردگار تا جاویدانی ده‌مێنێت”. ئه‌مه‌ش ئه‌و وشه‌یه‌ كه‌ پێی موژده‌تان پێدرا.

دیاریکراوەکانی ئێستا:

یه‌كه‌م په‌تڕۆس 1: PNTZS

بەرچاوکردن

هاوبەشی بکە

لەبەرگرتنەوە

None

دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە