لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەکەم یۆحەنا 3:1-9

یەکەم یۆحەنا 3:1-9 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

ئه‌وه‌ی بینیمان و بیستمان پێتانی ڕاده‌گه‌یێنین، تاكو ئێوه‌ش له‌گه‌ڵمان هاوبه‌شیتان هه‌بێت. هاوبه‌شی ئێمه‌ش له‌گه‌ڵ باوک و ڕۆڵه‌كه‌یه‌تی، ئیشۆعی مه‌سیح. ئه‌مانه‌ ده‌نووسین تاكو شادیتان ته‌واو بێت. ئه‌مه‌ش ئه‌و هه‌واڵه‌یه‌ كه‌ له‌ومان بیست و پێتانی ڕاده‌گه‌یێنین: خودا ڕووناكییه‌، هیچ تاریكی تێدا نییه‌. ئه‌گه‌ر بڵێین: هاوبه‌شیمان له‌گه‌ڵیدا هه‌یه‌ و به‌ تاریكیدا بڕۆین، ئه‌وا درۆ ده‌كه‌ین و ڕه‌وا ناكه‌ین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ ڕووناكیدا بڕۆین، وه‌ک ئه‌و له‌ ڕووناكیدایه‌، ئه‌وا له‌گه‌ڵ یه‌كتری هاوبه‌شیمان هه‌یه‌ و خوێنی ئیشۆعی مه‌سیحی ڕۆڵه‌كه‌ی له‌ هه‌موو گوناهێک بێگه‌ردمان ده‌كاته‌وه‌. ئه‌گه‌ر بڵێین: گوناهمان نییه‌، ئه‌وا خۆمان هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنین و ڕه‌وا له‌ ئێمه‌دا نییه‌. ئه‌گه‌ر دانمان به‌ گوناهه‌كانمان نا، ئه‌وا ئه‌و سه‌رڕاست و دادپه‌روه‌ره‌، ته‌نانه‌ت له‌ گوناهه‌كانمان خۆشده‌بێت و له‌ هه‌موو تاوانێک بێگه‌ردمان ده‌كاته‌وه‌.

یەکەم یۆحەنا 3:1-9 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

ئەوەی بینیومانە و بیستوومانە بە ئێوەی ڕادەگەیەنین، بۆ ئەوەی پێکەوە ژیانی هاوبەشمان هەبێت، پێکەوە ژیانی ئێمەش پەیوەستە لەگەڵ باوکی ئاسمانی و عیسای مەسیحی کوڕی. ئێمە ئەمانەتان بۆ دەنووسین تاکو خۆشییەکەمان پڕ و تەواو بێت. ئەمەش ئەو پەیامەیە کە لە مەسیحەوە بیستمان و پێتانی ڕادەگەیەنین: خودا ڕووناکییە، هیچ تاریکییەکی تێدا نییە. ئەگەر بڵێین لەگەڵیدا پێکەوە دەژین و بە تاریکیدا بڕۆین، ئەوا درۆ دەکەین و ڕاست ناکەین، بەڵام ئەگەر بە ڕووناکیدا بڕۆین، هەروەک چۆن خودا لە ڕووناکیدایە، ئەوا پێکەوە دەژین و خوێنی عیسای کوڕی لە هەموو گوناهێک پاکمان دەکاتەوە. ئەگەر بڵێین گوناهمان نییە، ئەوا خۆمان هەڵدەخەڵەتێنین و ڕاستی لە ئێمەدا نییە. ئەگەر دانمان بە گوناهەکانماندا نا، ئەوا خودا دڵسۆز و دادپەروەرە، تەنانەت لە گوناهەکانمان خۆشدەبێت و لە هەموو ناڕەواییەک پاکمان دەکاتەوە.