لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەکەم کۆرنسۆس 12:15-58

یەکەم کۆرنسۆس 12:15-58 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

به‌ڵام ئه‌گه‌ر بانگه‌واز ده‌كرێت كه‌ مه‌سیح له‌نێو مردووان هه‌ستاوه‌ته‌وه‌، ئیتر چۆن هه‌ندێكتان ده‌ڵێن كه‌ هه‌ستانه‌وه‌ی مردووان نییه‌؟ ئه‌گه‌ر هه‌ستانه‌وه‌ی مردووان نه‌بێت، ته‌نانه‌ت مه‌سیحیش نه‌هه‌ستاوه‌ته‌وه‌! ئه‌گه‌ر مه‌سیح نه‌هه‌ستابێته‌وه‌، ئه‌وسا موژده‌دانمان ناڕه‌وایه‌، باوه‌ڕی ئێوه‌ش ناڕه‌وایه‌. ئێمه‌ش ده‌بینه‌ گه‌واهیده‌ری درۆزن بۆ خودا، چونكه‌ ئێمه‌ سه‌باره‌ت به‌ خودا گه‌واهیمان دا، كه‌ مه‌سیحی هه‌ستاندۆته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر مردووان هه‌ڵنه‌ستنه‌وه‌، ئه‌وا نه‌یهه‌ستاندۆته‌وه‌‌. چونكه‌ ئه‌گه‌ر مردووان هه‌ڵنه‌ستنه‌وه‌، كه‌واته‌ مه‌سیحیش نه‌هه‌ستاوه‌ته‌وه‌. ئه‌گه‌ر مه‌سیح نه‌هه‌ستابێته‌وه‌، ئه‌وسا باوه‌ڕتان ناڕه‌وایه‌ و ئێوه‌ هێشتا له‌ گوناهه‌كانتان دان! كه‌واته‌ ئه‌وانه‌ش كه‌ له‌ مه‌سیحدا نووستن له‌ناوچوونه‌! ئه‌گه‌ر بێتو ته‌نها له‌م ژیانه‌ هیوامان به‌ مه‌سیح بێت، ئه‌وا ئێمه‌ نه‌گبه‌تترین خه‌ڵك ده‌بین. به‌ڵام مه‌سیح له‌نێو مردووان هه‌ستایه‌وه‌ و بووه‌ نۆبه‌ره‌ی نووستووان. جا چۆن مه‌رگ به‌ مرۆڤێك بوو، هه‌ستانه‌وه‌ی مردووانیش به‌ مرۆڤێكه‌. هه‌روه‌ها چۆن هه‌موو له‌ ئاده‌مدا ده‌مرن، به‌ هه‌مان شێوه‌ هه‌موو له‌ مه‌سیحدا زیندوو ده‌كرێنه‌وه‌. به‌ڵام هه‌ر یه‌كه‌ به‌ نۆره‌ی خۆی: یه‌كه‌مجار مه‌سیح وه‌ك نۆبه‌ره‌، ئینجا له‌ كاتی هاتنی، ئه‌وانه‌ی سه‌ر به‌ مه‌سیحن، دوای ئه‌مه‌ پایان دێت، كاتێ پاشایه‌تییه‌كه‌ ده‌داته‌ خودای باوک، پاش ئه‌وه‌ی هه‌موو سه‌رۆكایه‌تی و هه‌موو ده‌سه‌ڵات و هه‌موو هێزێك پۆچه‌ڵ ده‌كاته‌وه‌. چونكه‌ ده‌بێ پاشایه‌تی بكات، تاكو هه‌موو دوژمنانی ده‌خاته‌ ژێر پێیه‌وه‌. دوا دوژمن كه‌ پووچه‌ڵ ده‌كرێت، مه‌رگه‌. چونكه‌ هه‌موو شتێكی خستۆته‌ ژێر پێی. به‌ڵام كاتێ ده‌فه‌رمووێ: {هه‌موو شتێك ملكه‌چ بووه‌} ، ڕوونه‌ كه‌وا جگه‌ له‌ خودایه‌ كه‌ ئه‌وه‌ی هه‌مووی ملكه‌چی مه‌سیح كردووه‌. كاتێ هه‌مووی ملكه‌چی ده‌بێت، ئه‌وسا ڕۆڵه‌ش خۆی ملكه‌چی ئه‌وه‌ ده‌بێت كه‌ هه‌مووی ملكه‌چی كردووه‌، تاكو خودا ببێته‌ هه‌موو شتێك له‌ هه‌موو شتێكدا. ئه‌گینا ئه‌وانه‌ی له‌ پێناو مردووان عه‌ماد ده‌كرێن چی ده‌كه‌ن؟ ئه‌گه‌ر مردووان هه‌رگیز هه‌ڵناستێنه‌وه‌، جا بۆچی له‌ پێناو مردووان عه‌ماد ده‌كرێن؟ بۆچی ئێمه‌ هه‌موو كاتێ خۆمان ده‌خه‌ینه‌ مه‌ترسییه‌وه‌؟ من ڕۆژانه‌ ده‌مرم، وه‌ك شانازیتان پێوه‌ ده‌كه‌م، به‌ ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگارمان. ئه‌گه‌ر بێتو وه‌ك مرۆڤێك له‌ ئه‌پیسۆسدا به‌ره‌نگاری دڕندان بوومایه‌وه‌، ئه‌وسا چ سوودێكم ده‌بوو؟ ئه‌گه‌ر بێت و مردووان هه‌ڵنه‌ستنه‌وه‌: “با بخۆین و بخۆینه‌وه‌، چونكه‌ سبه‌ی ده‌مرین”. هه‌ڵمه‌خه‌ڵه‌تێن: “په‌یوه‌ندی خراپ، ڕه‌وشتی جوان تێكده‌دات” هۆشمه‌ند بن بۆ خوداناسی و گوناه‌ مه‌كه‌ن، چونكه‌ هه‌ندێكتان زانینتان سه‌باره‌ت به‌ خودا نییه‌. ئه‌مه‌ بۆ شه‌رمه‌زاربوونتان ده‌ڵێم! له‌وانه‌یه‌ یه‌كێك بڵێت: “مردووان چۆن هه‌ڵده‌ستێندرێنه‌وه‌؟ به‌ چ جۆره‌ له‌شێك دێن؟” ئه‌ی گێل! ئه‌وه‌ی ده‌یچێنیت زیندوو نابێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر نه‌مرێت. ئه‌وه‌ی ده‌یچێنیت ئه‌و له‌شه‌ نییه‌ كه‌وا ده‌رده‌كه‌وێت، به‌ڵكو ته‌نها ده‌نكێكه‌، له‌وانه‌یه‌ گه‌نمه‌ یاخود هه‌ر تۆوێكی دیكه‌. به‌ڵام خودا ئه‌و له‌شه‌ی ده‌داتێ كه‌ خۆی ده‌یه‌وێ، هه‌ر جۆره‌ تۆوێك له‌شێكی تایبه‌تی داوه‌تێ. هه‌موو جه‌سته‌یه‌ك یه‌ك شێوه‌ی نییه‌، به‌ڵكو مرۆڤ جه‌سته‌یه‌كی هه‌یه‌، ئاژه‌ڵ جه‌سته‌یه‌كی دیكه‌، ماسی جه‌سته‌یه‌ك و باڵنده‌ جه‌سته‌یه‌كی دیكه‌. جه‌سته‌ی ئاسمانی هه‌یه‌ و جه‌سته‌ی زه‌ویش هه‌یه‌، به‌ڵام شكۆ ئاسمانییه‌كان شتێكه‌ و شكۆی زه‌ویش شتێكی دیكه‌یه‌. شكۆی خۆر شتێكه‌ و شكۆی مانگ شتێكه‌، شكۆی ئه‌ستێره‌ش شتێكی دیكه‌یه‌، ئه‌ستێره‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌ستێره‌ شكۆی جیاوازی خۆیان هه‌یه‌. به‌م جۆره‌ش هه‌ستانه‌وه‌ی مردووانیش: له‌ له‌ناوچوون ده‌چێندرێت، له‌ له‌ناونه‌چوون هه‌ڵده‌ستێندرێته‌وه‌. له‌ سووكایه‌تی ده‌چێندرێت، له‌ شكۆمه‌ندی هه‌ڵده‌ستێندرێته‌وه‌. له‌ لاوازی ده‌چێندرێت، له‌ هێز هه‌ڵده‌ستێندرێته‌وه‌. به‌ له‌شی ئاژه‌ڵی ده‌چێندرێت، به‌ له‌شی ڕووحی هه‌ڵده‌ستێندرێته‌وه‌. له‌شی ئاژه‌ڵی هه‌یه‌ و له‌شی ڕووحیش هه‌یه‌. ئاواش نووسراوه‌: {ئاده‌م مرۆڤی یه‌كه‌مین بووه‌ گیانێكی زیندوو. به‌ڵام دوا ئاده‌م، ڕووحێكی ژیانبه‌خشه‌} . به‌ڵام ڕووحییه‌كه‌ ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م نییه‌، به‌ڵكو له‌شی ئاژه‌ڵیه‌ و ئه‌وه‌ی دواتر ڕووحییه‌. مرۆڤی یه‌كه‌م له‌ گڵ زه‌وی بوو، مرۆڤی دووه‌م له‌ ئاسمانه‌وه‌یه‌. وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ گڵ بوو، ئه‌وانه‌ش له‌ گڵن. ئه‌وه‌ش له‌ ئاسمانه‌وه‌یه‌، ئاسمانییه‌كان به‌م جۆره‌ ده‌بن. وه‌ك چۆن ئه‌و وێنه‌یه‌مان وه‌رگرتووه‌ كه‌ له‌ گڵ بوو، به‌ هه‌مان شێوه‌ وێنه‌ی ئاسمانی وه‌رده‌گرین. برایان، ئه‌مه‌تان پێ ده‌ڵێم: گۆشت و خوێن ناتوانێت ببێته‌ میراتگری پاشایه‌تیی خودا، هه‌روه‌ها له‌ناوچوو نابێته‌ میراتگری له‌ناونه‌چوو. ئه‌وه‌تا نهێنییه‌كتان پێ ده‌ڵێم: هه‌موومان ناخه‌وین، به‌ڵكو هه‌موومان ده‌گۆڕێین، له‌ ساتێكدا له‌ چاوتروكانێک، له‌ دوا كه‌ڕه‌نادا. چونكه‌ كه‌ڕه‌نا ده‌نگ ده‌داته‌وه‌، مردووانی له‌ناونه‌چووش هه‌ڵده‌ستێنه‌وه‌، ئێمه‌ش ده‌گۆڕدرێین. چونكه‌ هه‌ر ده‌بێ ئه‌م له‌ناوچووه‌ له‌ناونه‌چوویی بپۆشێت وئه‌م مردووه‌ نه‌مری بپۆشێت. كاتێ له‌ناوچوو له‌ناونه‌چوویی ده‌پۆشێت و مردوو نه‌مری ده‌پۆشێت، ئه‌وسا وشه‌ی نووسراو دێته‌ دی: {مه‌رگ به‌ سه‌ركه‌وتن قووت درا} . {ئه‌ی مه‌رگ، كوا ده‌سه‌ڵاتت؟ ئه‌ی گۆڕ، كوا سه‌ركه‌وتنت؟} جا ده‌سه‌ڵاتی مه‌رگ گوناهه‌، هێزی گوناهیش ته‌وراته‌. به‌ڵام سوپاس بۆ خودا! كه‌ به‌ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگارمان سه‌ركه‌وتنمان پێ ده‌به‌خشێت. كه‌واته‌، برایانی خۆشه‌ویستم، جێگیر بن، نه‌هه‌ژێن. هه‌میشه‌ خۆتان بۆ كاری په‌روه‌ردگار ته‌رخان بكه‌ن، بزانن ڕه‌نجتان بۆ په‌روه‌ردگار بێ سوود نییه‌.

یەکەم کۆرنسۆس 12:15-58 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

بەڵام ئەگەر ڕاگەیەنراوە کە مەسیح لەنێو مردووان هەستێنرایەوە، ئیتر چۆن هەندێکتان دەڵێن مردووان زیندوو نابنەوە؟ ئەگەر هەستانەوە لەنێو مردووان نەبێت، ئەوا تەنانەت مەسیحیش هەڵنەستێنراوەتەوە. ئەگەر مەسیح هەڵنەستێنرابێتەوە، ئەوسا مزگێنیدانمان بێ سوود دەبێت، باوەڕی ئێوەش هیچ سوودی نابێت. ئێمەش دەبینە شایەتی درۆزن بۆ خودا، چونکە ئێمە سەبارەت بە خودا شایەتیمان دا کە مەسیحی هەستاندووەتەوە، بەڵام ئەگەر مردووان هەڵنەستنەوە، هەڵینەستاندووەتەوە. ئەگەر مردووان هەڵنەستێنرێنەوە، کەواتە مەسیحیش هەڵنەستێنراوەتەوە. ئەگەر مەسیح لەنێو مردووان هەڵنەستێنرابێتەوە، ئەوسا باوەڕتان پووچ دەبێت و ئێوە هێشتا لە گوناهەکانتاندان. کەواتە ئەو باوەڕدارانەی کە بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا نوستوون، لەناوچوون. ئەگەر بێتو تەنها لەم ژیانە هیوامان بە مەسیح بێت، ئەوا ئێمە نەگبەتترین خەڵک دەبین لەنێو مرۆڤ. بەڵام لە ڕاستیدا مەسیح لەنێو مردووان هەستایەوە و بووە نۆبەرەی نوستووان. هەروەک مردن بەهۆی مرۆڤێکەوە بوو، هەستانەوەی مردووانیش بەهۆی مرۆڤێکەوەیە. هەروەها چۆن هەموو بەهۆی ئادەمەوە دەمرن، بە هەمان شێوە هەموو ئەوانەش کە لەگەڵ مەسیحدا بوونەتە یەک، زیندوو دەکرێنەوە. بەڵام هەر یەکە بە نۆرەی خۆی: یەکەم جار مەسیح وەک نۆبەرە، ئینجا لە کاتی هاتنی، ئەوانەی هی مەسیحن، دوای ئەمە کۆتایی دێت، کاتێک پاشایەتییەکە ڕادەستی خودای باوک دەکات، پاش ئەوەی هەموو سەرکردایەتی و دەسەڵات و هێزێکی لەناوبرد، چونکە دەبێ پاشایەتی بکات، هەتا هەموو دوژمنانی دەخاتە ژێر پێیەوە. دوا دوژمن کە لەناودەبردرێت، مردنە. هەروەک نووسراوە پیرۆزەکان دەڵێن: ﴿هەموو شتێکت خستووەتە ژێر پێی ئەو.﴾ بەڵام کاتێک دەفەرموێ ﴿هەموو شتێکت خستووەتە ژێر پێی،﴾ ڕوونە کە ئەمە خودی خودا ناگرێتەوە، چونکە خودا هەموو شتێکی ملکەچی مەسیح کردووە. کاتێک هەمووی ملکەچی کرد، ئەوسا کوڕەکەش خۆی ملکەچی ئەوە دەبێت کە هەمووی ملکەچی کردووە، تاکو خودا ببێتە هەموو شتێک لە هەموو شتێکدا. ئەگینا ئەوانەی لە جیاتی مردووان لە ئاو هەڵدەکێشرێن چی دەکەن؟ ئەگەر مردووان هەرگیز هەڵناستێنرێنەوە، جا بۆچی لە پێناو مردووان لە ئاو هەڵدەکێشرێن؟ بۆچی ئێمە هەموو کاتێک خۆمان دەخەینە مەترسییەوە؟ ئەی خوشک و برایانم، ڕۆژانە بەرەنگاری مردن دەبمەوە، وەک بە دڵنیاییەوە شانازیتان پێوە دەکەم، بەهۆی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان. ئەگەر بە بیرکردنەوەی مرۆڤ بێت کاتێک لە ئەفەسۆس بەرەنگاری دڕندەکان بوومەوە، چ سوودێکم دەبوو؟ ئەگەر مردووان هەڵنەستنەوە: ﴿با بخۆین و بخۆینەوە، چونکە سبەی دەمرین.﴾ هەڵمەخەڵەتێن: «پەیوەندی خراپ ڕەوشتی جوان تێکدەدات.» هۆش بهێننەوە بەر خۆتان هەروەک پێویستە، گوناه مەکەن، چونکە هەندێکتان زانیاریتان سەبارەت بە خودا نییە. ئەمە بۆ شەرمەزاربوونتان دەڵێم. لەوانەیە کەسێک بڵێت: «چۆن مردووان هەڵدەستێنرێنەوە؟ بە چ جۆرە جەستەیەکەوە دێنەوە؟» ئەی گێل! ئەوەی دەیچێنیت، زیندوو نابێتەوە ئەگەر نەمرێت. ئەوەی دەیچێنیت، ئەو لەشە نییە کە دەردەکەوێت، بەڵکو تەنها دەنکێکە، جا گەنم بێت یاخود هەر تۆوێکی دیکە. بەڵام خودا ئەو لەشەی دەداتێ کە خۆی دەیەوێ، هەر جۆرە تۆوێک لەشێکی تایبەتی داوەتێ. هەموو جەستەیەک وەکو یەک نییە، مرۆڤ جەستەیەکی هەیە، ئاژەڵ جەستەیەکی دیکە، باڵندە جەستەیەک و ماسی جەستەیەکی دیکە. تەنی ئاسمانی هەیە و تەنی زەمینیش هەیە، بەڵام شکۆی تەنە ئاسمانییەکان شتێکە و شکۆی تەنە زەمینییەکانیش شتێکی دیکەیە. شکۆی خۆر شتێکە و شکۆی مانگ شتێکە، شکۆی ئەستێرەش شتێکی دیکەیە، ئەستێرەش لەگەڵ ئەستێرە شکۆی جیاوازی خۆیان هەیە. بۆ هەستانەوەی مردووانیش بە هەمان شێوە دەبێت: لە فەوتاوی دەچێنرێت، لە نەفەوتاوی هەڵدەستێنرێتەوە. لە سووکایەتی دەچێنرێت، لە شکۆمەندی هەڵدەستێنرێتەوە. لە لاوازی دەچێنرێت، لە هێز هەڵدەستێنرێتەوە. بە لەشی سروشتی دەچێنرێت، بە لەشی ڕۆحی هەڵدەستێنرێتەوە. ئەگەر لەشی سروشتی هەیە، لەشی ڕۆحیش هەیە. ئاواش نووسراوە: ﴿پیاوی یەکەم، ئادەم بووە گیانێکی زیندوو.﴾ بەڵام دوا ئادەم، ڕۆحێکە ژیان دەبەخشێت. بەڵام ڕۆحییەکە ئەوەی یەکەم نییە، بەڵکو لەشی سروشتییە و ئەوەی دواتر ڕۆحییە. مرۆڤی یەکەم لە خۆڵی زەوی بوو، مرۆڤی دووەم لە ئاسمانەوەیە. ئەوانەی لە خۆڵن، لەو کەسە دەچن کە لە خۆڵەوە هاتووە. ئاسمانییەکانیش لەو کەسە دەچن کە لە ئاسمانەوە هاتووە. وەک چۆن ئەو وێنەیەمان وەرگرتووە کە لە خۆڵ بوو، بە هەمان شێوە وێنەی ئاسمانی وەردەگرین. ئەی خوشک و برایانم، پێتان دەڵێم کە گۆشت و خوێن ناتوانێت ببێتە میراتگری شانشینی خودا، هەروەها فەوتاو نابێتە میراتگری نەفەوتاو. ئەوەتا نهێنییەکتان پێ دەڵێم: هەموومان ناخەوین، بەڵکو هەموومان دەگۆڕدرێین، لە ساتێکدا، لە چاوتروکانێک، کاتێک دوا کەڕەنا لێدەدرێت. لەبەر ئەوەی کەڕەنا دەنگ دەداتەوە، مردووانیش بێ فەوتان هەڵدەستێنرێنەوە، ئێمەش دەگۆڕدرێین، چونکە هەر دەبێ ئەو سروشتە فەوتاوە نەفەوتاوی بپۆشێت و سروشتی مردوو نەمری بپۆشێت. کاتێک فەوتاو نەفەوتاویی دەپۆشێت و مردن نەمریی دەپۆشێت، ئەوسا وشەی نووسراو دێتە دی: ﴿مردن بە سەرکەوتن لووش دراوە.﴾ ﴿ئەی مردن، کوا سەرکەوتنت؟ ئەی مردن، کوا پێوەدانت؟﴾ جا پێوەدانی مردن گوناهە، هێزی گوناهیش شەریعەتە. بەڵام سوپاس بۆ خودا! لە ڕێگەی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان سەرکەوتن بە ئێمە دەبەخشێت. کەواتە، ئەی خوشک و برایانی خۆشەویستم، چەسپاو و جێگیر بن. خۆتان بە تەواوی بۆ کاری عیسای خاوەن شکۆ تەرخان بکەن، چونکە دەزانن ئەو ڕەنجە بەفیڕۆ ناڕوات کە ئێوە بە یەکبوون لەگەڵ عیسای خاوەن شکۆدا دەیکێشن.