لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەکەم کۆرنسۆس 1:11-16

یەکەم کۆرنسۆس 1:11-16 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

لاسایی من بكه‌نه‌وه‌ وه‌ك منیش هی مه‌سیح. جا ستایشتان ده‌كه‌م كه‌ له‌ هه‌موو شتێكدا یادم ده‌كه‌ن و ئه‌و ئامۆژگارییه‌كان ده‌پارێزن وه‌ك ڕاده‌ستم كردوون. به‌ڵام ده‌مه‌وێت بزانن كه‌ سه‌ری هه‌موو پیاوێك مه‌سیحه‌ و سه‌ری ژن پیاوه‌ و سه‌ری مه‌سیحیش خودایه‌. هه‌ر پیاوێك به‌سه‌ری داپۆشراو نوێژ یان پێشبینی بكات، ئه‌وا سه‌ری خۆی شۆڕ ده‌كات. هه‌ر ژنێكیش به‌سه‌ر دانه‌پۆشراوی نوێژ یان پێشبینی بكات، ئه‌وا سه‌ری خۆی شۆڕ ده‌كات، چونكه‌ ئه‌و و سه‌رتاشراو هه‌مان شتن و یه‌كن. چونكه‌ ئه‌گه‌ر ژن سه‌ری دانه‌پۆشێت، با قژی ببڕێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بۆ ژن شوره‌یی بوو قژی ببڕێت یاخود بتاشێت، با داپۆشراو بێت. كه‌واته‌ پیاو نابێت سه‌ری داپۆشێت، كه‌ وێنه‌ و شكۆی خودایه‌. به‌ڵام ژن شكۆی پیاوه‌. چونكه‌ پیاو له‌ ژن نه‌هاتووه‌، به‌ڵكو ژن له‌ پیاوه‌. پیاویش له‌ پێناوی ژن ئافریده‌ نه‌بووه‌، به‌ڵكو ژن له‌ پێناوی پیاو. له‌به‌رئه‌مه‌ و له‌به‌ر فریشته‌كان، پێویسته‌ ژن نیشانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر سه‌ریه‌وه‌ هه‌بێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌ په‌روه‌ردگاردا ژن سه‌باره‌ت به‌ پیاو سه‌ربه‌خۆ نییه‌ و پیاویش سه‌باره‌ت به‌ ژن سه‌ربه‌خۆ نییه‌. چونكه‌ وه‌ك ژن له‌ پیاوه‌، ئاواش پیاو به‌هۆی ژن له‌دایك ده‌بێت، به‌ڵام هه‌موو شتێك له‌ خوداوه‌یه‌. به‌ خۆتان حوكم بده‌ن: ئایا شیاوه‌ ژن به‌سه‌ر دانه‌پۆشراوی نوێژ بۆ خودا بكات؟ یان سروشت خۆی فێرتان ناكات كه‌وا شه‌رمه‌زارییه‌ بۆ پیاو قژی درێژ بكات، به‌ڵام بۆ ژن شكۆمه‌ندییه‌ ئه‌گه‌ر قژی درێژ بكات؟ چونكه‌ له‌ جیاتی پۆشه‌ر قژی دراوه‌تێ. به‌ڵام ئه‌گه‌ر یه‌كێك حه‌زی له‌ ناكۆكییه‌، ئێمه‌ نه‌ریتی دیكه‌مان نییه‌ و وارگه‌كانی خوداش نییانه‌.

یەکەم کۆرنسۆس 1:11-16 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

لاسایی من بکەنەوە هەروەک چۆن منیش لاسایی مەسیح دەکەمەوە. جا ستایشتان دەکەم کە لە هەموو شتێکدا یادم دەکەن، ئەو دابونەریتانە دەپارێزن هەروەک پێمداون. بەڵام دەمەوێت بزانن کە سەری هەموو پیاوێک مەسیحە و سەری ژنیش پیاوە و سەری مەسیحیش خودایە. هەر پیاوێک بە سەری داپۆشراو نوێژ بکات یان پەیامی خودا ڕابگەیەنێت، ئەوا سەری خۆی شۆڕ دەکات. هەر ژنێکیش بە سەر دانەپۆشراوی نوێژ بکات یان پەیامی خودا ڕابگەیەنێت، ئەوا سەری خۆی شۆڕ دەکات، چونکە ئەو و ژنێکی سەرتاشراو هەمان شتن و یەکن. ئەگەر ژن سەری دانەپۆشێت، با قژی ببڕێت، بەڵام ئەگەر بۆ ژن شورەیی بوو قژی ببڕێت یاخود بیتاشێت، با سەری داپۆشێت. کەواتە پیاو نابێت سەری داپۆشێت، کە وێنە و شکۆی خودایە. بەڵام ژن شکۆی پیاوە، چونکە پیاو لە ژن نەهاتووە، بەڵکو ژن لە پیاوە. پیاویش لە پێناوی ژن بەدی نەهێنراوە، بەڵکو ژن لە پێناوی پیاو. لەبەر ئەمە و لەبەر فریشتەکان، پێویستە ژن نیشانەی دەسەڵاتی بەسەر سەرییەوە هەبێت. لەگەڵ ئەوەشدا، لە پاشایەتی مەسیحی خاوەن شکۆماندا ژن سەبارەت بە پیاو سەربەخۆ نییە و پیاویش سەبارەت بە ژن سەربەخۆ نییە، چونکە وەک ژن لە پیاوە، ئاواش پیاو بەهۆی ژن لەدایک دەبێت، بەڵام هەموو شتێک لە خوداوەیە. ئێوە حوکم بۆ خۆتان بدەن: ئایا دەشێت ژن بە سەر دانەپۆشراوی نوێژ بۆ خودا بکات؟ باشە سروشت خۆی فێرتان ناکات کە شەرمەزارییە بۆ پیاو قژی درێژ بکات، بەڵام بۆ ژن شکۆمەندییە ئەگەر قژی درێژ بکات؟ چونکە لە جیاتی پۆشەر قژی دراوەتێ. بەڵام ئەگەر یەکێک حەزی لە ناکۆکییە، ئێمە و کڵێساکانی خوداش جگە لەمە نەریتێکی دیکەمان نییە.