لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مەرقۆس 18:12-34

مەرقۆس 18:12-34 KSS

سەدوقییەکان، ئەوانەی کە دەڵێن هەستانەوە نییە، هاتنە لای و پرسیاریان لێکرد: «مامۆستا، موسا بۆی نووسیوین، ئەگەر یەکێک براکەی بە وەجاخکوێری مرد و ژنەکەی لەپاش خۆی بەجێهێشت، ئەوا براژنەکەی دەخوازێتەوە و وەچە بۆ براکەی دەخاتەوە. حەوت برا هەبوون، یەکەمیان ژنی هێنا و بە وەجاخکوێری مرد. دووەم خواستییەوە و بە وەجاخکوێری مرد، سێیەمیش ئاوا. هەر حەوتەکە وەجاخکوێر بوون، لەدوای هەموویان ژنەکەش مرد. ئایا لە ڕۆژی زیندووبوونەوەدا دەبێتە ژنی کامیان؟ چونکە ژنی هەر حەوتیان بووە.» عیساش پێی فەرموون: «ئایا ئێوە هەڵە نین، چونکە نە لە نووسراوە پیرۆزەکان دەزانن و نە لە هێزی خودا؟ کاتێک لە مردن هەڵدەستێنرێنەوە، نە ژن دەهێنن و نە مێرد دەکەن، بەڵکو وەک فریشتە لە ئاسمان دەبن. بەڵام دەربارەی مردووان کە هەڵدەستنەوە، ئایا لە پەڕتووکی موسادا نەتانخوێندووەتەوە، چۆن لە دەوەنەکەدا خودا پێی فەرموو: ﴿من خودای ئیبراهیم و خودای ئیسحاق و خودای یاقوبم﴾؟ ئەو خودای مردووان نییە، بەڵکو هی زیندووانە. زۆر بە هەڵەدا چوونە!» یەکێک لە مامۆستایانی تەورات هات، گوێی لە گفتوگۆکەیان بوو، بینی عیسا وەڵامێکی باشی دانەوە، لێی پرسی: «چ ڕاسپاردەیەک لە هەموویان گرنگترە؟» عیسا وەڵامی دایەوە: «لە هەموویان گرنگتر ئەمەیە: ﴿ئەی ئیسرائیل گوێ بگرن، یەزدانی پەروەردگارمان یەک یەزدانە، جا بە هەموو دڵ و بە هەموو گیان و بە هەموو بیر و بە هەموو تواناتانەوە یەزدانی پەروەردگارتان خۆشبوێ.﴾ لەدوای ئەویش ئەمەیە، ﴿نزیکەکەت وەک خۆت خۆشبوێت،﴾ هیچ ڕاسپاردەیەک لەم دوو ڕاسپاردەیە گرنگتر نییە.» مامۆستاکەی تەوراتیش پێی گوت: «ڕاستە مامۆستا، ڕاستت فەرموو کە یەک خودا هەیە و بێجگە لە ئەو هیچ خودایەکی دیکە نییە. خۆشویستنی ئەویش بە هەموو دڵ و بە هەموو تێگەیشتن و بە هەموو تواناوە، هەروەها خۆشویستنی نزیکەکەت وەک خۆت، لە هەموو جۆرە قوربانی سووتاندن و پێشکەشکراوێک باشترە.» عیسا بینی بە داناییەوە وەڵامی دایەوە، پێی فەرموو: «لە پاشایەتی خوداوە دوور نیت.» ئیتر کەس نەیوێرا هیچ پرسیارێکی دیکەی لێ بکات.

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان