لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مەرقۆس 30:1-41

مەرقۆس 30:1-41 KSS

خەسووی شیمۆن لەناو جێگادا کەوتبوو، تای هەبوو، خێرا باسی ئەویان بۆ عیسا کرد. ئەویش هات، دەستی گرت و هەڵیستاندەوە. تایەکە بەریدا و دەستی کرد بە خزمەتکردنیان. ئەو ئێوارەیە لەپاش ڕۆژئاوابوون، هەموو نەخۆش و ئەو کەسانەیان بۆ دەهێنا کە ڕۆحی پیسیان تێدابوو. هەموو دانیشتووانی شارەکە لەبەر دەرگا کۆبوونەوە، عیسا ژمارەیەکی زۆر نەخۆشی بە جۆرەها دەردەوە چاککردەوە و زۆر ڕۆحی پیسیشی دەرکرد و نەیهێشت ڕۆحە پیسەکان بدوێن، چونکە دەیانزانی کێیە. بەرەبەیانی ڕۆژی دواتر کە هێشتا تاریک بوو، عیسا هەستا و چووە شوێنێکی چۆڵ و لەوێ دەستی کرد بە نوێژکردن. شیمۆن و هاوڕێکانی بە شوێنیدا گەڕان، کە دۆزییانەوە پێیان گوت: «هەموو خەڵکەکە بەدواتدا دەگەڕێن.» عیسا پێی فەرموون: «وەرن، با بڕۆین بۆ دێیەکانی دەوروپشت، تاکو لەوێش پەیامەکەم ڕابگەیەنم، چونکە من بۆ ئەمە هاتووم.» ئینجا ڕۆیشت و لە هەموو جەلیلدا لە کەنیشتەکانیان پەیامی خودای ڕادەگەیاند و ڕۆحی پیسی دەردەکرد. پیاوێک هاتە لای عیسا کە نەخۆشی گولی هەبوو، لێی پاڕایەوە و چۆکی دادا و پێی گوت: «ئەگەر بتەوێت، دەتوانیت پاکم بکەیتەوە.» عیسا دڵی پێی سووتا و دەستی بۆ درێژکرد و دەستی لێدا و پێی فەرموو: «دەمەوێت، پاک بەرەوە!»