لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

مەتا 24:13-35

مەتا 24:13-35 KSS

نموونەیەکی دیکەی بۆ هێنانەوە و فەرمووی: «شانشینی ئاسمان لە مرۆڤێک دەچێت، تۆوی چاک لە کێڵگەکەی بچێنێت. بەڵام کاتێک خەڵک لە خەودا بوون، دوژمنەکەی هات و لەناو گەنمەکەدا زیزانی چاند و ڕۆیشت. کاتێک گەنمەکە ڕوا و گوڵی دەرکرد، زیزانەکەش دەرکەوت. «کۆیلەی خاوەن ماڵ هاتن و پێیان گوت: ”گەورەم، مەگەر لە کێڵگەکەتدا تۆوی چاکت نەوەشاند، ئیتر ئەم زیزانە لەکوێوە هات؟“ «ئەویش وەڵامی دانەوە: ”دوژمن ئەمەی کردووە.“ کۆیلەکانیش پێیان گوت: ”دەتەوێ بچین زیزانەکان بژار بکەین؟“» گوتی: «”نەخێر، نەوەک لەگەڵ بژارکردنی زیزان، گەنمیش هەڵبکێشن. هەتا کاتی دروێنە لێگەڕێن با بەیەکەوە پێبگەن، جا لە کاتی دروێنەدا بە سەپانەکان دەڵێم، یەکەم جار زیزانەکە بژار بکەن و بیانکەنە مەڵۆ بۆ ئەوەی بسووتێنرێن، بەڵام گەنمەکە لە ئەمبارەکەم کۆبکەنەوە.“» نموونەیەکی دیکەی بۆ هێنانەوە و فەرمووی: «شانشینی ئاسمان وەک دەنکە خەرتەلەیەک وایە، کە یەکێک بیهێنێت و لە کێڵگەکەیدا بیچێنێ، هەرچەندە لە هەموو تۆوەکانی دیکە بچووکترە، بەڵام کاتێک گەشە دەکات، ڕووەکێکی گەورەی لێ دەردەچێت و دەبێتە درەخت، تەنانەت باڵندەی ئاسمانیش دێن و لەسەر لقەکانی هێلانە دەکەن.» نموونەیەکی دیکەی بۆ هێنانەوە: «شانشینی ئاسمان لە هەویرترشێک دەچێت، ئافرەتێک هێنای و کردییە ناو سێ پێوانە ئاردەوە، هەتا هەمووی هەڵهات.» عیسا هەموو ئەم بابەتانەی بە نموونە بۆ خەڵکەکە باسکرد، بەبێ نموونە قسەی بۆ نەدەکردن، تاکو ئەوەی خودا لە ڕێگەی پێغەمبەرەکەوە فەرموویەتی بێتە دی: ﴿بە نموونە دەمم دەکەمەوە، ئەوەی لە دامەزراندنی جیهانەوە شاراوەیە ڕایدەگەیەنم.﴾