لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 1:3-9

لۆقا 1:3-9 KSS

لە ساڵی پازدەمینی حوکمڕانی تێباریۆس قەیسەر، کاتێک پیلاتۆسی پۆنتی فەرمانڕەوای یەهودیا بوو، هێرۆدسی ئەنتیپاس فەرمانڕەوای جەلیل بوو، فیلیپۆسی براشی فەرمانڕەوای ئیتۆریە و تەراخۆنیتس بوو، لیسانیۆس فەرمانڕەوای ئەبیلینە بوو، لە سەردەمی سەرۆک کاهینیێتی حەنا و قەیافا، لە دەشتودەر پەیامی خودا بۆ یەحیای کوڕی زەکەریا هات. ئیتر بە هەموو ناوچەکانی دەوروبەری ڕووباری ئوردوندا دەگەڕا، جاڕی لەئاوهەڵکێشانی تۆبەکردنی دەدا بۆ گوناه بەخشین. وەک لە پێشبینییەکانی پەڕتووکی ئیشایای پێغەمبەردا نووسراوە: ﴿کەسێک لە چۆڵەوانی هاوار دەکات و دەڵێت: «ڕێگا بۆ هاتنی یەزدان ئامادە بکەن، ڕێچکەکانی بۆ ڕێکبخەن.» هەموو دۆڵێک پڕ دەبێتەوە و هەموو چیا و گردێک ڕۆدەچێت، ڕێگا خواروخێچەکان ڕاست دەبنەوە و سەختەکانیش ئاسان دەبن، هەموو مرۆڤایەتی ڕزگاریی خودا دەبینن!﴾ یەحیا بەو خەڵکانەی دەگوت کە دەهاتن تاکو لە ئاویان هەڵکێشێت: «ئەی بێچووە ماران، کێ ئاگاداری کردوونەتەوە لە دەست تووڕەیی داهاتوو هەڵبێن؟ با بەرهەمێکتان هەبێت لە تۆبەکردن بوەشێتەوە. بە خۆتان مەڵێن: ”ئیبراهیم باوکمانە.“ پێتان دەڵێم، خودا دەتوانێت لەم بەردانە نەوە بۆ ئیبراهیم دروستبکات. ئەوەتا تەور خراوەتە سەر ڕەگی دار، هەر دارێک بەرهەمی باش نەدات، دەبڕدرێتەوە و فڕێدەدرێتە ناو ئاگرەوە.»