لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 1:3-22

لۆقا 1:3-22 KSS

لە ساڵی پازدەمینی حوکمڕانی تێباریۆس قەیسەر، کاتێک پیلاتۆسی پۆنتی فەرمانڕەوای یەهودیا بوو، هێرۆدسی ئەنتیپاس فەرمانڕەوای جەلیل بوو، فیلیپۆسی براشی فەرمانڕەوای ئیتۆریە و تەراخۆنیتس بوو، لیسانیۆس فەرمانڕەوای ئەبیلینە بوو، لە سەردەمی سەرۆک کاهینیێتی حەنا و قەیافا، لە دەشتودەر پەیامی خودا بۆ یەحیای کوڕی زەکەریا هات. ئیتر بە هەموو ناوچەکانی دەوروبەری ڕووباری ئوردوندا دەگەڕا، جاڕی لەئاوهەڵکێشانی تۆبەکردنی دەدا بۆ گوناه بەخشین. وەک لە پێشبینییەکانی پەڕتووکی ئیشایای پێغەمبەردا نووسراوە: ﴿کەسێک لە چۆڵەوانی هاوار دەکات و دەڵێت: «ڕێگا بۆ هاتنی یەزدان ئامادە بکەن، ڕێچکەکانی بۆ ڕێکبخەن.» هەموو دۆڵێک پڕ دەبێتەوە و هەموو چیا و گردێک ڕۆدەچێت، ڕێگا خواروخێچەکان ڕاست دەبنەوە و سەختەکانیش ئاسان دەبن، هەموو مرۆڤایەتی ڕزگاریی خودا دەبینن!﴾ یەحیا بەو خەڵکانەی دەگوت کە دەهاتن تاکو لە ئاویان هەڵکێشێت: «ئەی بێچووە ماران، کێ ئاگاداری کردوونەتەوە لە دەست تووڕەیی داهاتوو هەڵبێن؟ با بەرهەمێکتان هەبێت لە تۆبەکردن بوەشێتەوە. بە خۆتان مەڵێن: ”ئیبراهیم باوکمانە.“ پێتان دەڵێم، خودا دەتوانێت لەم بەردانە نەوە بۆ ئیبراهیم دروستبکات. ئەوەتا تەور خراوەتە سەر ڕەگی دار، هەر دارێک بەرهەمی باش نەدات، دەبڕدرێتەوە و فڕێدەدرێتە ناو ئاگرەوە.» خەڵکەکە پرسیاریان لێکرد: «کەواتە چی بکەین؟» وەڵامی دانەوە: «ئەوەی دوو کراسی هەیە، با یەکێکیان بداتە ئەوەی کە نییەتی، ئەوەش کە نانی هەیە، با هەمان شت بکات.» باجگرانیش بۆ لەئاوهەڵکێشان هاتن، لێیان پرسی: «مامۆستا، ئێمە چی بکەین؟» پێی گوتن: «لەوەی بۆتان دانراوە زیاتر وەرمەگرن.» سەربازانیش پرسیاریان لێکرد: «ئەی ئێمە چی بکەین؟» یەحیاش وەڵامی دانەوە: «خاوە لە کەس وەرمەگرن و بوختان مەکەن، بە مووچەکانتان ڕازی بن.» گەل لە چاوەڕوانیدا بوون، هەموو لە دڵی خۆیاندا دەربارەی یەحیا لێکیان دەدایەوە کە لەوانەیە یەحیا خۆی مەسیح بێت. یەحیا وەڵامی هەمووانی دایەوە: «من لە ئاوتان هەڵدەکێشم، بەڵام یەکێک دێت لە من بەتواناترە، ئەوەی من شایانی ئەوە نیم کە قەیتانی پێڵاوەکانی بکەمەوە. ئەو لە ڕۆحی پیرۆز و لە ئاگرتان هەڵدەکێشێت. شەنی بەدەستەوەیە بۆ پاککردنەوەی جۆخینەکەی، گەنمەکە لە ئەمباردا کۆدەکاتەوە و قەسەڵەکەش بە ئاگرێکی نەکوژاوە دەسووتێنێت.» بە زۆر شتی دیکەش ئامۆژگاری گەلی دەکرد و مژدەی دەدانێ. بەڵام کاتێک یەحیا سەرزەنشتی هێرۆدسی ئەنتیپاسی فەرمانڕەوای جەلیلی کردبوو لەبەر ئەوەی کە هێرۆدیای براژنی خۆی هێنابوو و هەروەها لەبەر هەموو ئەو خراپانەی کردبووی، ئەم خراپەیەشی خستە پاڵ هەموو ئەوانە، یەحیای لە زیندان بەندکرد. کاتێک گەل هەموو لە ئاو هەڵکێشران، عیساش لە ئاو هەڵکێشرا. کاتێک کە عیسا نوێژی دەکرد ئاسمان کرایەوە و ڕۆحی پیرۆز لە شێوەی جەستەی کۆترێک لەسەری نیشتەوە و دەنگێک لە ئاسمانەوە هات: «تۆ کوڕی خۆشەویستمی، بە تۆ زۆر دڵشادم.»