لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 1:12-7

لۆقا 1:12-7 KSS

لەو کاتەدا کە هەزاران کەس کۆببوونەوە، بە جۆرێک یەکتریان پێشێل دەکرد، لە سەرەتادا عیسا ڕووی کردە قوتابییەکانی و فەرمووی: «ئاگاداری هەویرترشی فەریسییەکان بن، کە دووڕووییە. هیچ شتێکی شاردراوە نییە ئاشکرا نەبێت و نهێنی نییە دەرنەکەوێت. لەبەر ئەوە هەرچی لە تاریکیدا گوتووتانە، لە ڕووناکیدا دەبیسترێت، ئەوەش کە لە ژوورەوە بە چرپە گوتووتانە، بە دەنگی بەرز لە سەربانان ڕادەگەیەنرێت. «دۆستانم پێتان دەڵێم، لەوانە مەترسن کە جەستە دەکوژن و پاش ئەوە هیچی دیکەیان پێ ناکرێت. بەڵام ئەوەتان پیشان دەدەم کە دەبێ لێی بترسن، لەوە بترسن کە دەسەڵاتی هەیە پاش کوشتن فڕێتانبداتە ناو دۆزەخ. بەڵێ پێتان دەڵێم، لەمە بترسن. ئایا پێنج چۆلەکە بە دوو فلس نافرۆشرێت؟ خودا هیچ یەکێک لەوانی لەبیر ناچێت. تەنانەت مووی سەریشتان هەمووی ژمێردراوە. کەواتە مەترسن ئێوە زۆر لە چۆلەکە بەنرخترن.