لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 1:10-20

لۆقا 1:10-20 KSS

پاش ئەمە مەسیحی خاوەن شکۆ حەفتا و دوو کەسی دیکەی دەستنیشان کرد، لەپێش خۆی دوو دوو ناردنی بۆ هەر شار و جێگایەک کە بەتەمابوو بۆی بچێت. جا پێی فەرموون: «دروێنە زۆرە، بەڵام سەپان کەمە. لەبەر ئەوە داوا لە خاوەنی دروێنە بکەن تاکو سەپان بۆ دروێنەکەی بنێرێت. بڕۆن! ئەوا من وەک بەرخ بۆ ناو گورگتان دەنێرم. نە کیسەی پارە و نە توورەکە و نە پێڵاو هەڵمەگرن، لە ڕێگاش سڵاو لە کەس مەکەن. «چوونە هەر ماڵێکیش، یەکەم جار بڵێن: ”ئاشتی بۆ ئەم ماڵە بێت،“ ئەگەر پیاوی ئاشتی لەوێ بێت، ئەوا ئاشتیتان دەچێتە سەری، ئەگینا بۆ خۆتان دەگەڕێتەوە. لەو ماڵە بمێننەوە و لەوەی هەیانە بخۆن و بخۆنەوە، چونکە کرێکار شایانی کرێی خۆیەتی. ماڵە و ماڵیش مەکەن. «چوونە هەر شارێک و پێشوازییان لێکردن، ئەوەی لەبەردەمتانی دادەنێن بیخۆن، ئەو نەخۆشانەی تێیدایە چاکیان بکەنەوە و پێیان بڵێن: ”پاشایەتی خودا لێتان نزیک بووەتەوە.“ بەڵام ئەگەر چوونە شارۆچکەیەک و پێشوازییان لێ نەکردن، بڕۆنە سەر شەقامەکانی و بڵێن: ”تەنانەت تۆزی شارۆچکەکەتان کە بە پێمانەوە نووساوە بۆتانی دەتەکێنین، بەڵام ئەمە بزانن: پاشایەتی خودا لێتان نزیک بووەتەوە.“ پێتان دەڵێم: لەو ڕۆژەدا سەدۆم سزای سووکتری دەبێت لەوەی ئەو شارۆچکەیە. «قوڕبەسەرت، ئەی شاری خورازین! قوڕبەسەرت، ئەی بێت‌سەیدا! چونکە ئەو پەرجووانەی لەنێو ئێوەدا کران، ئەگەر لە سور و سەیدا بکرایە، ئەوا هەر زوو خەڵکەکەی بە جلوبەرگی گوش و لەناو خۆڵەمێشدا دادەنیشتن و تۆبەیان دەکرد. بەڵام لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا، سزای سور و سەیدا لە هی ئێوە سووکتر دەبێت. تۆش ئەی کەفەرناحوم، ئایا بۆ ئاسمان بەرز دەکرێیتەوە؟ نەخێر، تۆ بۆ جیهانی مردووان دەچیتە خوارەوە. «ئەوەی گوێتان لێ بگرێت، گوێ لە من دەگرێت، ئەوەی ڕەتتان دەکاتەوە من ڕەت دەکاتەوە. ئەوەش من ڕەت دەکاتەوە، ئەوە ڕەت دەکاتەوە کە منی ناردووە.» حەفتا و دوو نێردراوەکە بە شادییەوە گەڕانەوە و گوتیان: «گەورەم، تەنانەت ڕۆحی پیسیش بە ناوی تۆوە ملکەچمانن.» ئەویش پێی فەرموون: «شەیتانم بینی وەک بروسکە لە ئاسمانەوە دەکەوت. ئەوەتا دەسەڵاتم پێتان داوە پێ بە مار و دووپشک و هەموو هێزی دوژمندا بنێن، هیچ شتێکیش زیانتان پێناگەیەنێت. بەڵام بەمە دڵخۆش مەبن کە ڕۆحە پیسەکان ملکەچتانن، بەڵکو دڵخۆش بن کە ناوتان لە ئاسماندا نووسراوە.»