لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

لۆقا 1:10-20

لۆقا 1:10-20 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

پاش ئه‌مه‌ په‌روه‌ردگار حه‌فتای دیكه‌ی ده‌ستنیشان كرد، له‌پێش خۆی دوو دوو ناردنی بۆ هه‌ر شار و جێگایه‌ک كه‌ به‌ته‌مابوو بۆی بچێت. جا پێی فه‌رموون: “دروێنه‌ زۆره‌، به‌ڵام سه‌پان كه‌مه‌. جا داوا له‌ خاوه‌ن دروێنه‌ بكه‌ن تاكو سه‌پان بۆ دروێنه‌كه‌ی بنێرێت. بڕۆن! ئه‌وا من وه‌ک كاوڕ بۆ نێو گورگان ده‌تاننێرم. نه‌ كیسه‌ی پاره‌ و نه‌ توره‌گه‌ و نه‌ سۆل هه‌ڵمه‌گرن، له‌ ڕێگاش سڵاو له‌ كه‌س مه‌كه‌ن. چوونه‌ هه‌ر ماڵێكیش، یه‌كه‌مجار بڵێن: ئاشتی بۆ ئه‌م ماڵه‌، ئه‌گه‌ر ڕۆڵه‌ی ئاشتی له‌وێ بێت، ئه‌وا ئاشتیتان ده‌چێته‌ سه‌ری، ئه‌گینا بۆ خۆتان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. له‌و ماڵه‌ بمێننه‌وه‌ و له‌وه‌ی هه‌یانه‌ بخۆن و بخۆنه‌وه‌، چونكه‌ كارگه‌ر شایانی كرێی خۆیه‌تی. ماڵه‌ و ماڵیش مه‌كه‌ن. چوونه‌ هه‌ر شارێک و پێشوازییان لێكردن، ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌متانی داده‌نێن بیخۆن، ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی تیایه‌تی چاكی بكه‌نه‌وه‌ و پێیان بڵێن: پاشایه‌تی خودا لێتان نزیكبۆته‌وه‌. به‌ڵام چوونه‌ هه‌ر شارێک و پێشوازییان لێ نه‌كردن، بڕۆنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كانی و بڵێن: ته‌نانه‌ت تۆزی شاره‌كه‌تان كه‌ به‌ پێمانه‌وه‌ لكاوه‌ بۆتانی ده‌ته‌كێنین، به‌ڵام ئه‌مه‌ بزانن: پاشایه‌تی خودا لێتان نزیكبۆته‌وه‌. پێتان ده‌ڵێم: له‌و ڕۆژه‌دا دۆخی سه‌دوم سوكتر ده‌بێت له‌و شاره‌. وه‌ی به‌حاڵت كوره‌زین! وه‌ی به‌حاڵت به‌یتسه‌یده‌ن! چونكه‌ ئه‌و په‌رجوانه‌ی له‌نێو ئێوه‌دا كران، ئه‌گه‌ر له‌ سووڕ و سه‌یده‌ن بكرابوونایه‌، هه‌ر زوو به‌ به‌رگی ماته‌م و له‌ نێو خۆڵه‌مێش داده‌نیشتن و تۆبه‌یان ده‌كرد. به‌ڵام له‌ لێپرسینه‌وه‌دا، دۆخی سووڕ و سه‌یده‌ن سوكتر ده‌بێت له‌وه‌ی ئێوه‌یه‌. تۆش ئه‌ی كپه‌ڕناخوم، كه‌ بۆ ئاسمان به‌رز بوویته‌! تۆ ده‌كه‌ویته‌ دۆڵی بێبن. ئه‌وه‌ی گوێتان لێ بگرێت، گوێ له‌ من ده‌گرێت، ئه‌وه‌ی ڕه‌تتان ده‌كاته‌وه‌ من ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌. ئه‌وه‌ش من ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌، ئه‌وه‌ ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌ كه‌ منی ناردووه‌”. حه‌فتاكه‌ به‌ شادییه‌وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ و وتیان: “په‌روه‌ردگار، ته‌نانه‌ت شه‌یتانه‌كانیش به‌ ناوی تۆوه‌ ملكه‌چمانن!”. ئه‌ویش پێی فه‌رموون: “شه‌یتانم بینی وه‌ک بروسكه‌ له‌ ئاسمانه‌وه‌ ده‌كه‌وت. ئه‌وه‌تا ده‌سه‌ڵاتم پێتانداوه‌ پێ به‌ مار و دووپشک و هه‌موو هێزی دوژمندا بنێن، هیچ زیانیشتان پێناگه‌یه‌نێت. به‌ڵام به‌مه‌ دڵخۆش مه‌بن كه‌ ڕووحه‌كان ملكه‌چتانن، به‌ڵكو دڵخۆشبن كه‌ ناوتان له‌ ئاسماناندا نووسراوه‌”.

هاوبەشی بکە
لۆقا 10 بخوێنەوە

لۆقا 1:10-20 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

پاش ئەمە مەسیحی خاوەن شکۆ حەفتا و دوو کەسی دیکەی دەستنیشان کرد، لەپێش خۆی دوو دوو ناردنی بۆ هەر شار و جێگایەک کە بەتەمابوو بۆی بچێت. جا پێی فەرموون: «دروێنە زۆرە، بەڵام سەپان کەمە. لەبەر ئەوە داوا لە خاوەنی دروێنە بکەن تاکو سەپان بۆ دروێنەکەی بنێرێت. بڕۆن! ئەوا من وەک بەرخ بۆ ناو گورگتان دەنێرم. نە کیسەی پارە و نە توورەکە و نە پێڵاو هەڵمەگرن، لە ڕێگاش سڵاو لە کەس مەکەن. «چوونە هەر ماڵێکیش، یەکەم جار بڵێن: ”ئاشتی بۆ ئەم ماڵە بێت،“ ئەگەر پیاوی ئاشتی لەوێ بێت، ئەوا ئاشتیتان دەچێتە سەری، ئەگینا بۆ خۆتان دەگەڕێتەوە. لەو ماڵە بمێننەوە و لەوەی هەیانە بخۆن و بخۆنەوە، چونکە کرێکار شایانی کرێی خۆیەتی. ماڵە و ماڵیش مەکەن. «چوونە هەر شارێک و پێشوازییان لێکردن، ئەوەی لەبەردەمتانی دادەنێن بیخۆن، ئەو نەخۆشانەی تێیدایە چاکیان بکەنەوە و پێیان بڵێن: ”پاشایەتی خودا لێتان نزیک بووەتەوە.“ بەڵام ئەگەر چوونە شارۆچکەیەک و پێشوازییان لێ نەکردن، بڕۆنە سەر شەقامەکانی و بڵێن: ”تەنانەت تۆزی شارۆچکەکەتان کە بە پێمانەوە نووساوە بۆتانی دەتەکێنین، بەڵام ئەمە بزانن: پاشایەتی خودا لێتان نزیک بووەتەوە.“ پێتان دەڵێم: لەو ڕۆژەدا سەدۆم سزای سووکتری دەبێت لەوەی ئەو شارۆچکەیە. «قوڕبەسەرت، ئەی شاری خورازین! قوڕبەسەرت، ئەی بێت‌سەیدا! چونکە ئەو پەرجووانەی لەنێو ئێوەدا کران، ئەگەر لە سور و سەیدا بکرایە، ئەوا هەر زوو خەڵکەکەی بە جلوبەرگی گوش و لەناو خۆڵەمێشدا دادەنیشتن و تۆبەیان دەکرد. بەڵام لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا، سزای سور و سەیدا لە هی ئێوە سووکتر دەبێت. تۆش ئەی کەفەرناحوم، ئایا بۆ ئاسمان بەرز دەکرێیتەوە؟ نەخێر، تۆ بۆ جیهانی مردووان دەچیتە خوارەوە. «ئەوەی گوێتان لێ بگرێت، گوێ لە من دەگرێت، ئەوەی ڕەتتان دەکاتەوە من ڕەت دەکاتەوە. ئەوەش من ڕەت دەکاتەوە، ئەوە ڕەت دەکاتەوە کە منی ناردووە.» حەفتا و دوو نێردراوەکە بە شادییەوە گەڕانەوە و گوتیان: «گەورەم، تەنانەت ڕۆحی پیسیش بە ناوی تۆوە ملکەچمانن.» ئەویش پێی فەرموون: «شەیتانم بینی وەک بروسکە لە ئاسمانەوە دەکەوت. ئەوەتا دەسەڵاتم پێتان داوە پێ بە مار و دووپشک و هەموو هێزی دوژمندا بنێن، هیچ شتێکیش زیانتان پێناگەیەنێت. بەڵام بەمە دڵخۆش مەبن کە ڕۆحە پیسەکان ملکەچتانن، بەڵکو دڵخۆش بن کە ناوتان لە ئاسماندا نووسراوە.»

هاوبەشی بکە
لۆقا 10 بخوێنەوە