جا ئەوەی پێشتر نابینا بوو بردیانە لای فەریسییەکان. ئەو ڕۆژەی عیسا قوڕەکەی گرتەوە و چاوی کردەوە شەممە بوو. لەبەر ئەوە فەریسییەکان لێیان پرسی کە چۆن چاوی چاک بووەتەوە. پیاوەکە وەڵامی دانەوە: «قوڕی خستە سەر چاوم، منیش شوشتم و ئێستا دەبینم.» هەندێک لە فەریسییەکان گوتیان: «ئەم پیاوە لە خوداوە نییە، چونکە شەممە ناپارێزێت.» بەڵام هەندێکی دیکە گوتیان: «چۆن پیاوێکی گوناهبار دەتوانێت پەرجووی بەم جۆرە بکات؟» ئیتر دووبەرەکی کەوتە نێوانیان. دیسان لە نابیناکەیان پرسی: «تۆ دەربارەی ئەو چی دەڵێی، چونکە چاوی تۆی چاک کردەوە؟» گوتی: «پێغەمبەرە.» ڕابەرانی جولەکەکان باوەڕیان نەکرد کە ئەمە نابینا بووە و ئێستا دەبینێت، هەتا ئەوەی دایک و باوکی پیاوەکەیان بانگکرد. لێیان پرسین: «ئایا ئەمە کوڕتانە کە دەڵێن بە زگماک نابینا بووە؟ ئەی ئێستا چۆن دەبینێت؟» دایک و باوکی وەڵامیان دایەوە: «دەزانین ئەمە کوڕمانە و بە زگماک نابینا بوو. بەڵام نازانین ئێستا چۆن دەبینێت، یان نازانین کێ چاوی چاک کردووەتەوە. لە خۆی بپرسن، ئەو گەورەیە و باسی خۆی دەکات.» دایک و باوکی لە ترسی ڕابەرانی جولەکە ئەمەیان گوت، چونکە تەگبیریان کردبوو هەرکەسێک دانبنێت کە عیسا مەسیحەکەیە، لە کەنیشت دەریدەکەن. لەبەر ئەوە دایک و باوکی گوتیان: «ئەو گەورەیە، لە خۆی بپرسن.» دیسان فەریسییەکان ئەو پیاوەی پێشتر نابینا بوو بانگیان کرد و پێیان گوت: «سوێند بە خودا بخۆ کە ڕاستییەکە بڵێیت! دەزانین ئەم پیاوە گوناهبارە.» کابرا وەڵامی دایەوە: «ئەگەر ئەو گوناهبارە، نازانم، بەڵام یەک شت دەزانم، نابینا بووم و ئێستا دەبینم.»
یۆحەنا 9 بخوێنەوە
گوێگرتن لە یۆحەنا 9
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: یۆحەنا 13:9-25
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان