دیسان عیسا قسەی بۆ کردن و فەرمووی: «منم ڕووناکی جیهان. ئەوەی دوام بکەوێت هەرگیز بە تاریکیدا ناڕوات، بەڵکو ڕووناکی ژیانی دەبێت.» ئینجا فەریسییەکان پێیان گوت: «تەنها خۆت شایەتی بۆ خۆت دەدەیت. شایەتییەکەت ڕاست نییە.» عیساش پێی فەرموون: «تەنانەت ئەگەر تەنها خۆم شایەتی بۆ خۆم بدەم، شایەتییەکەم ڕاستە، چونکە دەزانم لەکوێوە هاتووم و بۆ کوێ دەڕۆم. بەڵام ئێوە نازانن من لەکوێوە هاتووم یان بۆ کوێ دەڕۆم. ئێوە بەگوێرەی پێوانەکانی مرۆڤ حوکم دەدەن، بەڵام من کەس حوکم نادەم. ئەگەر حوکمیش بدەم حوکمدانەکەم ڕاستە، چونکە بە تەنها نیم، بەڵکو من لەگەڵ باوکدام، ئەوەی کە ناردوومی. لە تەوراتی ئێوەشدا نووسراوە کە شایەتی دوو کەس ڕاستە. منم شایەتی بۆ خۆم دەدەم، ئەو باوکەش کە منی ناردووە شایەتیم بۆ دەدات.» ئەوسا لێیان پرسی: «باوکت لەکوێیە؟» عیسا وەڵامی دایەوە: «نە من دەناسن و نە باوکیشم. ئەگەر منتان بناسیایە ئەوا باوکیشمتان دەناسی.» ئەو قسانەی لە کاتێکدا فەرموو کە لەناو حەوشەکانی پەرستگا لە نزیک گەنجینەکە خەڵکی فێردەکرد، بەڵام کەس نەیگرت، چونکە هێشتا کاتی نەهاتبوو. دیسان عیسا پێی فەرموون: «من دەڕۆم و ئێوە بەدوامدا دەگەڕێن، بەڵام لەناو گوناهەکانتان دەمرن. ئێوە ناتوانن بێنە ئەو شوێنەی من بۆی دەچم.» لەبەر ئەوە جولەکەکان پرسیاریان کرد و گوتیان: «ئایا خۆی دەکوژێت؟ چونکە دەڵێ: ”ئێوە ناتوانن بێنە ئەو شوێنەی من بۆی دەچم.“» ئیتر عیسا پێی فەرموون: «ئێوە هی خوارەوەن، من هی سەرەوەم. ئێوە هی ئەم جیهانەن، بەڵام من هی ئەم جیهانە نیم. لەبەر ئەوە پێم گوتن: لەناو گوناهەکانتان دەمرن، چونکە ئەگەر باوەڕ نەهێنن کە من ئەوم، ئەوا لەناو گوناهەکانتان دەمرن.» لێیان پرسی: «تۆ کێیت؟» عیسا پێی فەرموون: «من هەر ئەوەم کە لە سەرەتاوە پێم گوتن. زۆر شتم هەیە لەسەرتان کە بیڵێم و ئێوەی پێ حوکم بدەم. بەڵام ئەوەی ناردوومی جێی متمانەیە، هەرچیم لەو بیستووە بە جیهانی دەڵێم.» ئەوان تێنەگەیشتن کە باسی باوکی دەکات. لەبەر ئەوە عیسا پێی فەرموون: «کاتێک کوڕی مرۆڤتان بەرزکردەوە، ئەوسا دەزانن کە من ئەوم و لە خۆمەوە هیچ ناکەم، بەڵکو بەو جۆرە قسە دەکەم کە باوک فێری کردووم. ئەوەی ناردوومی لەگەڵمدایە و بە تەنها بەجێی نەهێشتووم، چونکە هەمیشە ئەوە دەکەم کە جێی ڕەزامەندی ئەوە.» کاتێک ئەم قسانەی دەکرد، زۆر کەس باوەڕیان پێی هێنا.
یۆحەنا 8 بخوێنەوە
گوێگرتن لە یۆحەنا 8
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: یۆحەنا 12:8-30
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان