لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یۆحەنا 12:8-30

یۆحەنا 12:8-30 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

دیسان ئیشۆع قسه‌ی بۆ كردن و فه‌رمووی: “منم ڕووناكیی جیهان. ئه‌وه‌ی دوام بكه‌وێت ئیتر به‌ تاریكیدا ڕێ ناكات، به‌ڵكو ڕووناكیی ژیانی ده‌بێت”. جا په‌ڕیشییه‌كان پێیان وت: “تۆ گه‌واهیی بۆ خۆت ده‌ده‌یت. گه‌واهییه‌كه‌ت ڕه‌وا نییه‌”. ئیشۆع وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و پێی فه‌رموون: “ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر من گه‌واهیش بۆ خۆم بده‌م، گه‌واهییه‌كه‌م ڕه‌وایه‌، چونكه‌ ده‌زانم له‌كوێوه‌ هاتووم و بۆ كوێ ده‌ڕۆم. به‌ڵام ئێوه‌ نازانن له‌كوێوه‌ هاتووم و بۆ كوێ ده‌ڕۆم”. ئێوه‌ به‌گوێره‌ی جه‌سته‌ حوكم ده‌ده‌ن، به‌ڵام من كه‌س حوكم ناده‌م. ئه‌گه‌ر حوكمیش بده‌م حوكمدانه‌كه‌م ڕه‌وایه‌، چونكه‌ به‌ ته‌نها نیم، به‌ڵكو من و باوكین، ئه‌وه‌ی ناردوومی. هه‌روه‌ها له‌ ته‌وراتی ئێوه‌شدا نووسراوه‌ كه‌ گه‌واهیی دوو كه‌س ڕه‌وایه‌. منم گه‌واهیی بۆ خۆم ده‌ده‌م، باوكیش كه‌ ناردوومی گه‌واهیم بۆ ده‌دات. پێیان وت: “باوكت له‌كوێیه‌؟” ئیشۆع وه‌ڵامی دایه‌وه‌: “نه‌ من ده‌ناسن و نه‌ باوكیشم. ئه‌گه‌ر منتان بناسیبایه‌ باوكی منیشتان ده‌ناسی”. ئه‌م فه‌رموودانه‌ی له‌ گه‌نجینه‌دا فه‌رموو، كاتێ له‌ په‌رستگا ئامۆژگاریی ده‌كرد، كه‌سیش نه‌یگرت، چونكه‌ هێشتا كاتی نه‌هاتبوو. دیسان ئیشۆع پێی فه‌رموون: “من ده‌ڕۆم و داوام ده‌كه‌ن، له‌نێو گوناهه‌كانتان ده‌مرن. ئێوه‌ ناتوانن بێنه‌ ئه‌و شوێنه‌ی من بۆی ده‌ڕۆم”. جووه‌كان وتیان: “ئایا خۆی ده‌كوژێت؟ چونكه‌ ده‌ڵێ: ئێوه‌ ناتوانن بێنه‌ ئه‌و شوێنه‌ی من بۆی ده‌ڕۆم؟”. پێی فه‌رموون: “ئێوه‌ هی خواره‌وه‌ن، به‌ڵام من هی سه‌ره‌وه‌م. ئێوه‌ هی ئه‌م جیهانه‌ن، به‌ڵام من هی ئه‌م جیهانه‌ نیم. بۆیه‌ پێم وتن: له‌نێو گوناهه‌كانتان ده‌مرن، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئێوه‌ باوه‌ڕ نه‌هێنن كه‌ من ئه‌وم، له‌نێو گوناهه‌كانتان ده‌مرن”. پێیان وت: “تۆ كێیت؟” ئیشۆع پێی فه‌رموون: “ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ پێم وتوون. زۆر شتم له‌سه‌رتان هه‌یه‌ بیڵێم و حوكمی پێ بده‌م. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ناردوومی ڕه‌وایه‌، هه‌رچیم له‌و بیستووه‌ به‌ جیهانی ده‌ڵێم”. ئه‌وان تێنه‌گه‌یشتن كه‌ باسی باوكیان بۆ ده‌كات. جا ئیشۆع پێی فه‌رموون: “كاتێ ڕۆڵه‌ی مرۆڤتان به‌رزكرده‌وه‌، ئه‌وسا تێده‌گه‌ن كه‌ من ئه‌وم، له‌ خۆمه‌وه‌ هیچ ناكه‌م، به‌ڵكو وه‌ک باوک فێری كردووم قسه‌ ده‌كه‌م. ئه‌وه‌ی ناردوومی له‌گه‌ڵمدایه‌، باوكیش به‌ ته‌نها به‌جێی نه‌هێشتووم، چونكه‌ من هه‌میشه‌ به‌گوێره‌ی ڕه‌زامه‌ندی ئه‌و ده‌كه‌م”. كاتێ ئه‌م قسانه‌ی ده‌فه‌رموو، زۆر كه‌س باوه‌ڕیان پێی هێنا.

هاوبەشی بکە
یۆحەنا 8 بخوێنەوە

یۆحەنا 12:8-30 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

دیسان عیسا قسەی بۆ کردن و فەرمووی: «منم ڕووناکی جیهان. ئەوەی دوام بکەوێت هەرگیز بە تاریکیدا ناڕوات، بەڵکو ڕووناکی ژیانی دەبێت.» ئینجا فەریسییەکان پێیان گوت: «تەنها خۆت شایەتی بۆ خۆت دەدەیت. شایەتییەکەت ڕاست نییە.» عیساش پێی فەرموون: «تەنانەت ئەگەر تەنها خۆم شایەتی بۆ خۆم بدەم، شایەتییەکەم ڕاستە، چونکە دەزانم لەکوێوە هاتووم و بۆ کوێ دەڕۆم. بەڵام ئێوە نازانن من لەکوێوە هاتووم یان بۆ کوێ دەڕۆم. ئێوە بەگوێرەی پێوانەکانی مرۆڤ حوکم دەدەن، بەڵام من کەس حوکم نادەم. ئەگەر حوکمیش بدەم حوکمدانەکەم ڕاستە، چونکە بە تەنها نیم، بەڵکو من لەگەڵ باوکدام، ئەوەی کە ناردوومی. لە تەوراتی ئێوەشدا نووسراوە کە شایەتی دوو کەس ڕاستە. منم شایەتی بۆ خۆم دەدەم، ئەو باوکەش کە منی ناردووە شایەتیم بۆ دەدات.» ئەوسا لێیان پرسی: «باوکت لەکوێیە؟» عیسا وەڵامی دایەوە: «نە من دەناسن و نە باوکیشم. ئەگەر منتان بناسیایە ئەوا باوکیشمتان دەناسی.» ئەو قسانەی لە کاتێکدا فەرموو کە لەناو حەوشەکانی پەرستگا لە نزیک گەنجینەکە خەڵکی فێردەکرد، بەڵام کەس نەیگرت، چونکە هێشتا کاتی نەهاتبوو. دیسان عیسا پێی فەرموون: «من دەڕۆم و ئێوە بەدوامدا دەگەڕێن، بەڵام لەناو گوناهەکانتان دەمرن. ئێوە ناتوانن بێنە ئەو شوێنەی من بۆی دەچم.» لەبەر ئەوە جولەکەکان پرسیاریان کرد و گوتیان: «ئایا خۆی دەکوژێت؟ چونکە دەڵێ: ”ئێوە ناتوانن بێنە ئەو شوێنەی من بۆی دەچم.“» ئیتر عیسا پێی فەرموون: «ئێوە هی خوارەوەن، من هی سەرەوەم. ئێوە هی ئەم جیهانەن، بەڵام من هی ئەم جیهانە نیم. لەبەر ئەوە پێم گوتن: لەناو گوناهەکانتان دەمرن، چونکە ئەگەر باوەڕ نەهێنن کە من ئەوم، ئەوا لەناو گوناهەکانتان دەمرن.» لێیان پرسی: «تۆ کێیت؟» عیسا پێی فەرموون: «من هەر ئەوەم کە لە سەرەتاوە پێم گوتن. زۆر شتم هەیە لەسەرتان کە بیڵێم و ئێوەی پێ حوکم بدەم. بەڵام ئەوەی ناردوومی جێی متمانەیە، هەرچیم لەو بیستووە بە جیهانی دەڵێم.» ئەوان تێنەگەیشتن کە باسی باوکی دەکات. لەبەر ئەوە عیسا پێی فەرموون: «کاتێک کوڕی مرۆڤتان بەرزکردەوە، ئەوسا دەزانن کە من ئەوم و لە خۆمەوە هیچ ناکەم، بەڵکو بەو جۆرە قسە دەکەم کە باوک فێری کردووم. ئەوەی ناردوومی لەگەڵمدایە و بە تەنها بەجێی نەهێشتووم، چونکە هەمیشە ئەوە دەکەم کە جێی ڕەزامەندی ئەوە.» کاتێک ئەم قسانەی دەکرد، زۆر کەس باوەڕیان پێی هێنا.

هاوبەشی بکە
یۆحەنا 8 بخوێنەوە