لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

یەرمیا 1:22-10

یەرمیا 1:22-10 KSS

یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «دابەزە بۆ کۆشکی پاشای یەهودا و لەوێ ئەو پەیامە ڕابگەیەنە، بڵێ: ”ئەی پاشای یەهودا، ئەوەی لەسەر تەختی داود دانیشتووی، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرە؛ تۆ و خزمەتکارەکانت و گەلەکەت، ئەوانەی لەم دەروازانەوە دێنە ژوورەوە. یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ’ڕاستودروستی و دادپەروەری پەیڕەو بکەن. تاڵانکراو لە دەستی زۆردار دەرباز بکەن. نامۆ و هەتیو و بێوەژن مەچەوسێننەوە، ستەم مەکەن، لەم شوێنەدا خوێنی بێتاوان مەڕێژن.‘ ئەگەر بە گرنگییەوە ئەم فەرمانە پەیڕەو بکەن، ئەوا ئەو پاشایانەی لەسەر تەختی داود دانیشتوون لە دەروازەکانی ئەم کۆشکەوە دێنە ژوورەوە، بە سواری گالیسکە و ئەسپەوە لەگەڵ خزمەتکاران و گەلەکەی. بەڵام ئەگەر گوێ لەم فەرمانە نەگرن، سوێند بە گیانی خۆم دەخۆم، کە ئەم کۆشکە وێران دەبێت.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. یەزدان سەبارەت بە کۆشکی پاشای یەهودا ئەمەش دەفەرموێت: «هەرچەندە تۆ بۆ من وەک گلعادی، وەک لووتکەی لوبنانی، بەڵام وەک چۆڵەوانیت لێ دەکەم، وەک شاری بێ دانیشتووان. تێکدەرانت بۆ تەرخان دەکەم، هەریەکە و بە ئامێرەکەیەوە، جا باشترین داری ئورزت دەبڕنەوە و فڕێیدەدەنە ناو ئاگرەوە. «خەڵکی زۆر نەتەوە بە کەناری ئەم شارەدا تێدەپەڕن و لە یەکتری دەپرسن: ”لەسەر چی یەزدان وای لەم شارە گەورەیە کرد؟“ جا دەڵێن: ”لەسەر ئەوەی وازیان لە پەیمانی یەزدانی پەروەردگاریان هێنا و خوداوەندەکانی دیکەیان پەرست و کڕنۆشیان بۆ بردن.“» بۆ پاشا مردووەکە مەگریێن و شینی بۆ مەگێڕن، بەڵکو بەکوڵ بگریێن بۆ ئەوەی بە دیل دەبردرێت، چونکە جارێکی دیکە ناگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەو خاکە ببینێت کە لێی لەدایک بووە.

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان