ڕابەران 12
12
یەفتاح و ئەفرایم
1ئینجا پیاوانی لەشکری ئەفرایم بانگکران و کۆبوونەوە و پەڕینەوە بۆ شارۆچکەی چافۆن و بە یەفتاحیان گوت: «بۆچی بۆ جەنگ لە دژی عەمۆنییەکان پەڕیتەوە و بانگت نەکردین بۆ ئەوەی لەگەڵت بێین؟ لەبەر ئەوە ماڵەکەت بە ئاگر بەسەرتدا دەسووتێنین.»
2یەفتاحیش وەڵامی دانەوە: «من و گەلەکەم لەگەڵ عەمۆنییەکاندا ململانێیەکی توندمان هەبوو، کاتێک بانگم کردن، ئێوە لە دەستیان ڕزگارتان نەکردم. 3کاتێک بینیم ئێوە ڕزگارم ناکەن، گیانم خستە دەستمەوە و پەڕیمەوە بۆ جەنگ لە دژی عەمۆنییەکان و یەزدانیش ئەوانی خستە ژێر دەستمەوە. ئیتر بۆچی ئێوە ئەمڕۆ هاتوونەتە سەرم بۆ ئەوەی لە دژم بجەنگن؟»
4ئینجا یەفتاح هەموو پیاوانی گلعادی کۆکردەوە و لە دژی ئەفرایم جەنگا و پیاوانی گلعاد ئەفرایمیان بەزاند، چونکە ئەفرایمییەکان گوتبوویان: «ئێوەی گلعادی لە دەست ئەفرایم و مەنەشە ڕاتانکردووە.» 5گلعادییەکان تەنکاییەکانی ڕووباری ئوردونیان لە ئەفرایم گرت، لەو کاتەدا هەرکەسێک لە هەڵاتووەکانی ئەفرایم بیگوتایە: «لێمگەڕێن با تێپەڕم،» پیاوانی گلعاد پێیان دەگوت: «تۆ ئەفرایمیت؟» ئەگەر دەیگوت: «نەخێر،» 6پێیان دەگوت: «باشە بڵێ ”شیبۆلەت.“» ئەویش دەیگوت: «سیبۆلەت،» چونکە بە تەواوی نەیدەتوانی وشەکە دەرببڕێت. ئینجا دەیانگرت و لە تەنکاییەکانی ڕووباری ئوردون دەیانکوشت. لەو کاتەدا چل و دوو هەزار لە ئەفرایم کوژران.
7لەدوای ئەوە یەفتاح شەش ساڵ ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد و پاشان یەفتاحی گلعادی مرد و لە یەکێک لە شارۆچکەکانی گلعاد نێژرا.
ئیبسان و ئێلۆن و عەبدۆن
8پاش ئەو ئیبسانی خەڵکی بێتلەحم ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد و 9سی کوڕ و سی کچی هەبوو، کچەکانی بە شوو دا بە خەڵکی دەرەوەی خێڵەکەی و لە دەرەوەی خێڵەکەی سی بووکی بۆ کوڕەکانی هێنا. ئیبسان حەوت ساڵ ڕابەرایەتیی ئیسرائیلی کرد و 10پاشان مرد و لە بێتلەحم نێژرا.
11پاش ئەو ئێلۆنی زەبولونی دە ساڵ ڕابەرایەتیی ئیسرائیلی کرد و 12پاشان مرد و لە ئەیالۆن لە خاکی زەبولون نێژرا.
13پاش ئەویش عەبدۆنی کوڕی هیلێل لە شاری پیرعاتۆن ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد و 14چل کوڕ و سی کوڕەزای هەبوو سواری حەفتا گوێدرێژ دەبوون. هەشت ساڵ ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد. 15ئینجا عەبدۆنی کوڕی هیلێلی پیرعاتۆنی مرد و لە پیرعاتۆن لە خاکی ئەفرایمدا لە ناوچە شاخاوییەکانی عەمالێقییەکان نێژرا.
دیاریکراوەکانی ئێستا:
ڕابەران 12: KSS
بەرچاوکردن
هاوبەشی بکە
لەبەرگرتنەوە
![None](/_next/image?url=https%3A%2F%2Fimageproxy.youversionapi.com%2F58%2Fhttps%3A%2F%2Fweb-assets.youversion.com%2Fapp-icons%2Fckb.png&w=128&q=75)
دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە
کتێبی پیرۆز، کوردی سۆرانی ستاندەر™
مافی چاپکردن پاێزراوە © ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ Biblica, Inc.
بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. هەموومافەەەکانی پارێزراوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard™
Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc.
Used with permission. All rights reserved worldwide.