لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

ئیشایا 7:63-16

ئیشایا 7:63-16 KSS

باسی خۆشەویستی نەگۆڕی یەزدان دەکەم، کارەکانی کە شایستەی ستایشن، بۆ هەموو ئەوەی کە لە پێناوی ئێمەدا کردی. باسی چاکە مەزنەکەی دەکەم بۆ بنەماڵەی ئیسرائیل، ئەوەی پاداشتی پێدانەوە بەپێی بەزەییەکەی و بەپێی زۆری خۆشەویستییە بێ سنوورەکەی. فەرمووی: «بە ڕاستی گەلی منن، کوڕن، ناپاکیم لەگەڵ ناکەن،» جا بۆیان بوو بە ڕزگارکەر. لە هەموو تەنگانەکانیان ئەویش تەنگاو بوو و فریشتەی ئامادەبوونەکەی ڕزگاری کردن. ئەو بە خۆشەویستییەکەی و بە میهرەبانی ئەوانی کڕییەوە، بەرزی کردنەوە و هەڵیگرتن هەموو ڕۆژانی کۆن. بەڵام ئەوان یاخی بوون و ڕۆحی پیرۆزی ئەویان خەمبار کرد، جا لێیان بوو بە دوژمن و لەگەڵیان کەوتە جەنگەوە. ئینجا گەل ڕۆژانی کۆنیان بەبیر هاتەوە، ڕۆژانی موسا و گەلەکەی. کوا ئەوەی لە دەریاوە سەری خستن لەگەڵ شوانی مێگەلەکەی؟ کوا ئەوەی ڕۆحی پیرۆزی خۆی لەنێویان دانا؟ کوا ئەوەی لەلای دەستی ڕاستی موسا هێزە شکۆدارەکەی بازووی خۆی نارد، ئەوەی ئاوی لەبەردەمیان دوو لەت کرد، بۆ ئەوەی ناوێکی هەتاهەتایی بۆ خۆی دروستبکات، ئەوەی بەناو دەریا قووڵەکاندا بردنی؟ وەک ئەسپ بە چۆڵەوانیدا سەرسمیان نەدا، وەک دابەزینی ڕەشەوڵاخ بەرەو دەشتایی، ڕۆحی یەزدان پشووی پێدان. ئاوا ڕێنمایی گەلەکەتت کرد بۆ ئەوەی ناوێکی شکۆمەند بۆ خۆت دروستبکەیت. لە ئاسمانەوە تەماشا بکە، لە نشینگەی پیرۆز و شکۆمەندیتەوە ببینە، کوا دڵگەرمی و پاڵەوانیێتییەکەت؟ ئاخ هەڵکێشانی هەناوت و بەزەییت لە ئێمە بڕی. بەڵام تۆ باوکی ئێمەی، ئەگەر ئیبراهیم نەمانناسێت و ئیسرائیلیش دانمان پێدا نەنێت. ئەی یەزدان تۆ باوکی ئێمەیت، لە ئەزەلەوە ناوت دەمانکڕێتەوە.

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان