لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

دواوتار 1:31-13

دواوتار 1:31-13 KSS

جا موسا چوو بەم وشانە لەگەڵ هەموو نەوەی ئیسرائیل قسەی کرد و پێی گوتن: «ئێستا من تەمەنم سەد و بیست ساڵە، ئیتر ناتوانم ڕابەرایەتیتان بکەم و یەزدانیش پێی فەرمووم: ”لەم ڕووباری ئوردونە مەپەڕەوە.“ یەزدانی پەروەردگارتان لەپێشتانەوە دەپەڕێتەوە، خۆی ئەو نەتەوانە لەپێشتانەوە لەناودەبات و ئێوەش دەبنە میراتگریان. یەشوع لەپێشتانەوە دەپەڕێتەوە وەک یەزدان فەرمووی. هەروەها یەزدان چی بە سیحۆن و عۆگ و بە خاکەکەیان کرد، دوو پاشاکەی ئەمۆرییەکان، کە لەناوی بردن ئاواش بەوان دەکات. جا کاتێک یەزدان ئەوانی خستە دەستتان بەگوێرەی هەموو ئەو فەرمانانەی فەرمانم پێتان کرد، ئاوایان لێ دەکەن. بەهێزبن و ئازابن، لێیان مەترسن و مەتۆقن، چونکە یەزدانی پەروەردگارتان لەگەڵتان دەڕوات، هەرگیز پشتگوێتان ناخات و وازتان لێ ناهێنێ.» جا موسا یەشوعی بانگکرد و لەبەرچاوی هەموو ئیسرائیل پێی گوت: «بەهێز و ئازابە، چونکە تۆ لەگەڵ ئەم گەلە دەچیتە ناو ئەو خاکەی یەزدان سوێندی بۆ باوباپیرانیان خوارد کە بیانداتێ و تۆش بۆیانی دابەش دەکەیت وەک میراتیان، یەزدانیش خۆی لەپێشتەوە دەڕوات، ئەو لەگەڵت دەبێت، هەرگیز پشتگوێت ناخات و وازت لێ ناهێنێ، مەترسە و ورە بەرمەدە.» ئینجا موسا ئەم فێرکردنەی نووسی و دایە دەستی کاهینەکان، کە نەوەی لێڤین و هەڵگری سندوقی پەیمانی یەزدانن، لەگەڵ هەموو پیرانی ئیسرائیل. موسا فەرمانیشی پێکردن و گوتی: «هەر حەوت ساڵ جارێک، لە ساڵی لێخۆشبوونی قەرزەکان، لە جەژنی کەپرەشینەدا، کاتێک هەموو ئیسرائیل دێن هەتا لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارت دەربکەون لەو شوێنەی کە هەڵیدەبژێرێت، لە بەرامبەر هەموو ئیسرائیلدا ئەم فێرکردنە بە دەنگێکی بەرز دەخوێنیتەوە کە گوێیان لێ بێت. گەل کۆبکەنەوە، پیاو و ئافرەت و منداڵ و ئەو نامۆیانەش کە لە شارۆچکەکانتانە بۆ ئەوەی گوێ بگرن و فێر بن لە یەزدانی پەروەردگارتان بترسن و هەموو وشەکانی ئەم فێرکردنە پەیڕەو بکەن و کاری پێ بکەن. هەروەها نەوەکانیشتان کە ئەم فێرکردنەیان نەزانیوە، دەبێت گوێی لێ بگرن و فێر ببن کەوا لە یەزدانی پەروەردگارتان بترسن، بە درێژایی ئەو ڕۆژانەی لەسەر ئەو زەوییە دەژین کە ئێوە لە ڕووباری ئوردون بۆی دەپەڕنەوە هەتا دەستی بەسەردا بگرن.»

وەڵامەکان بۆ فەرمی نووسینەوەی سۆرانی کوردی؟؟؟ ویدیو بۆ دواوتار 31:1-13 شێوەکاری؟؟؟