لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

کردار 9:18-28

کردار 9:18-28 KSS

شەوێک مەسیحی خاوەن شکۆ لە بینینێکدا بە پۆڵسی فەرموو: «مەترسە، بەڵکو قسە بکە و بێدەنگ مەبە، چونکە من لەگەڵتدام، کەس هێرش ناکاتە سەرت بۆ ئەوەی ئازارت بدات، چونکە خەڵکێکی زۆرم هەیە لەم شارە.» ئیتر پۆڵس ساڵێک و شەش مانگ لەگەڵیان مایەوە و پەیامی خودای فێر دەکردن. لەو سەردەمەی گالیۆن فەرمانڕەوای ئەخایا بوو، جولەکە هەموویان پێکەوە هێرشیان کردە سەر پۆڵس و بردیان بۆ دادگا، گوتیان: «ئەم پیاوە قەناعەتی بە خەڵک دەهێنا کە بە پێچەوانەی تەورات خودا بپەرستن.» کە پۆڵس خەریک بوو دەمی بکاتەوە، گالیۆن بە جولەکەکانی گوت: «جولەکەکان، ئەگەر بابەتەکە ناڕەوایی یان تاوانێکی خراپ بووایە، وەک هۆیەک گوێم لە سکاڵاتان دەگرت. بەڵام ئەگەر بابەتەکە لەسەر وشە و ناو و تەوراتتانە، خۆتان تەماشای بکەن. نامەوێت لەم بابەتانەدا ببمە دادوەر.» ئیتر لە دادگا دەریکردن. ئیتر هەموو خەڵک سۆستانیسی پێشەوای کەنیشتیان گرت و لەبەردەم دادگا لێیاندا، گالیۆنیش گوێی بەمە نەدا. پۆڵس ڕۆژانێکی زۆر مایەوە، ئینجا ماڵئاوایی لە برایان کرد و لەگەڵ پریسکیلا و ئەکیلا بە دەریادا بەرەو سوریا ڕۆیشت. پاشان لە کەنخریا سەری تاشی، چونکە نەزری لەسەر بوو. کاتێک گەیشتنە ئەفەسۆس، پۆڵس پریسکیلا و ئەکیلای لەوێ بەجێهێشت و خۆی چووە کەنیشت و لەگەڵ جولەکەکان دەستی بە گفتوگۆ کرد. ئەوانیش داوایان لێکرد ماوەیەکی زیاتر لایان بمێنێتەوە، بەڵام ڕازی نەبوو. ئیتر ماڵئاوایی لێکردن و گوتی: «خودا حەز بکات دەگەڕێمەوە بۆ لاتان.» ئینجا لە ئەفەسۆسەوە بە دەریادا ڕۆیشت. لە بەندەری قەیسەرییە دابەزی، بەرەو ئۆرشەلیم سەرکەوت و سڵاوی لە کڵێسا کرد، ئینجا بەرەو خوار چوو بۆ ئەنتاکیا. پۆڵس ماوەیەک لە ئەنتاکیا مایەوە و پاشان ڕۆیشت و لە ناوچەکانی گەلاتیا و فریجیا شوێن بە شوێن دەگەڕا، ورەی هەموو قوتابییەکانی بەرز دەکردەوە. جولەکەیەکی خەڵکی ئەسکەندەریە بە ناوی ئەپۆلۆس هات بۆ ئەفەسۆس، زمان پاراو و لە نووسراوە پیرۆزەکان شارەزا بوو. فێری ڕێگای مەسیحی خاوەن شکۆ کرابوو، بە دڵگەرمی دەدوا و بە دروستی خەڵکی فێری پەیامی عیسا دەکرد، هەرچەندە تەنها لەئاوهەڵکێشانەکەی یەحیای دەزانی. بە چاونەترسییەوە دەستی کرد بە قسەکردن لە کەنیشت. کە پریسکیلا و ئەکیلا گوێیان لێی بوو، بانگهێشتی ماڵی خۆیان کرد و دروستتر ڕێگای خودایان بۆ ڕوونکردەوە. کاتێک ئەپۆلۆس حەزی کرد بچێت بۆ ناوچەی ئەخایا، برایان هانیان دا و بۆ قوتابییەکانیان نووسی پێشوازیی لێ بکەن. کاتێک هاتە ئەوێ، یارمەتییەکی زۆری ئەوانەی دا کە بەهۆی نیعمەتی خوداوە باوەڕیان هێنابوو، چونکە بە هێزەوە و بە گفتوگۆی ئاشکرا جولەکە بەرهەڵستکارەکانی بێدەنگ دەکرد، لە ڕێگەی نووسراوە پیرۆزەکانەوە دەیسەلماند کە عیسا مەسیحەکەیە.