لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

کردار 9:18-28

کردار 9:18-28 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

له‌ شه‌ودا په‌روه‌ردگار له‌ بینیندا به‌ پۆڵۆسی فه‌رموو: “مه‌ترسه‌، به‌ڵكو قسه‌ بكه‌ و بێده‌نگ مه‌به‌، چونكه‌ من له‌گه‌ڵتدام، كه‌س هێرش ناكاته‌ سه‌رت و ئازارت بدات، چونكه‌ گه‌لێكی زۆرم هه‌یه‌ له‌م شاره‌”. ئیتر ساڵێک و شه‌ش مانگ له‌گه‌ڵیان مایه‌وه‌ و وشه‌ی خودای فێر ده‌كردن. له‌و سه‌رده‌مه‌ی گالیۆن فه‌رمانڕه‌وای ئه‌خائیه‌ بوو، جووه‌كان یه‌ک ده‌ست دژی پۆڵۆس هه‌ستان و بۆ ته‌ختی دادگایان هێنا، وتیان: “ئه‌م پیاوه‌ قه‌ناعه‌ت به‌ خه‌ڵک ده‌هێنێت كه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی ته‌ورات خودا بپه‌رستن”. كه‌ پۆڵۆس خه‌ریک بوو ده‌می بكاته‌وه‌، گالیۆن به‌ جووه‌كانی وت: “جووه‌كان، ئه‌گه‌ر پرسه‌كه‌ ناڕه‌وایی یان تاوانێكی خراپ بووایه‌، وه‌ک هۆیه‌ک گوێم له‌ سكاڵاتان ده‌گرت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر بابه‌ته‌كه‌ له‌سه‌ر وشه‌ و ناو و ته‌وراتتانه‌، به‌ خۆتان ته‌ماشای بكه‌ن. چونكه‌ من نامه‌وێت له‌م بابه‌تانه‌دا ببمه‌ دادوه‌ر”. ئیتر له‌ ته‌ختی دادگا قاویدان. ئه‌وسا هه‌مووان سوستینسی پێشه‌وای كه‌نیشتیان گرت و له‌به‌رده‌م دادگا لێیان دا، گالیۆنیش گوێی به‌مه‌ نه‌دا. پۆڵۆس ڕۆژانێكی زۆر مایه‌وه‌، ئینجا ماڵئاوایی له‌ برایان كرد و له‌گه‌ڵ پریسقیلا و ئه‌كیلا به‌ ده‌ریادا به‌ره‌و سوریا ڕۆیشت. دوای ئه‌وه‌ی له‌ كه‌نخریا سه‌ری تاشی، چونكه‌ نه‌زری له‌سه‌ر بوو. گه‌یشتنه‌ ئه‌پیسۆس و ئه‌وانی له‌وێ به‌جێهێشت، به‌ڵام خۆی چووه‌ كه‌نیشت و له‌گه‌ڵ جووه‌كان گفتوگۆی ده‌كرد. ئه‌وانیش داوایان لێكرد ماوه‌یه‌كی زیاتر له‌لایان بمێنێته‌وه‌، به‌ڵام قاییل نه‌بوو. به‌ڵكو ماڵئاوایی لێكردن و وتی: “به‌هه‌رحاڵ ده‌بێ جه‌ژنی داهاتوو له‌ یروشلایم بكه‌م، به‌ڵام به‌خواستی خودا ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ لاتان”. ئینجا له‌ ئه‌پیسۆسه‌وه‌ به‌ ده‌ریادا ڕۆیشت. كاتێ له‌ قه‌یسه‌ڕییه‌ دابه‌زی، سه‌ركه‌وت و سڵاوی له‌ وارگه‌ كرد، ئینجا بۆ ئینتیاكیا شۆڕبووه‌وه‌. ماوه‌یه‌ک له‌وێ مایه‌وه‌ و ده‌رچوو، به‌ ڕیز به‌ ده‌ڤه‌ری گه‌ڵاتیه‌ و پرۆگیادا تێپه‌ڕی و وره‌ی هه‌موو قوتابییه‌كانی به‌رز ده‌كرده‌وه‌. جووێكی خه‌ڵكی ئه‌سكه‌نده‌ریه‌ به‌ ناوی ئه‌پۆلۆس هاته‌ ئه‌پیسۆس، زمان پاراو و له‌ سیپاره‌كان به‌توانا بوو. شاره‌زای ڕێگای په‌روه‌ردگار بوو، له‌ ڕووحدا گه‌رم بوو، به‌ دروستی سه‌باره‌ت به‌ په‌روه‌ردگار ده‌دوا، ته‌نها عه‌مادكردنه‌كه‌ی یوخه‌ننه‌نی ده‌زانی. ئه‌م ده‌ستی پێكرد به‌ئاشكرا له‌ كه‌نیشت قسه‌ بكات. كه‌ ئه‌كیلا و پریسقیلا گوێیان لێیبوو، بردییان و دروستتر ڕێگای خودایان بۆ ڕوونكرده‌وه‌. كاتێ ئه‌پۆلۆس حه‌زیكرد بچێته‌ ئه‌خائیه‌، برایان هانیان دا و بۆ قوتابییه‌كانیان نووسی پێشوازی لێ بكه‌ن. كاتێ هات یارمه‌تییه‌كی زۆری ئه‌وانه‌ی دا كه‌ به‌هۆی به‌خشش باوه‌ڕیان هێنابوو. چونكه‌ به‌ هێزه‌وه‌ و به‌ ئاشكرا جووی بێده‌نگ ده‌كرد، به‌هۆی سیپاره‌كان ده‌یسه‌لماند ئیشۆع مه‌سیحه‌كه‌یه‌.

هاوبەشی بکە
کردار 18 بخوێنەوە

کردار 9:18-28 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

شەوێک مەسیحی خاوەن شکۆ لە بینینێکدا بە پۆڵسی فەرموو: «مەترسە، بەڵکو قسە بکە و بێدەنگ مەبە، چونکە من لەگەڵتدام، کەس هێرش ناکاتە سەرت بۆ ئەوەی ئازارت بدات، چونکە خەڵکێکی زۆرم هەیە لەم شارە.» ئیتر پۆڵس ساڵێک و شەش مانگ لەگەڵیان مایەوە و پەیامی خودای فێر دەکردن. لەو سەردەمەی گالیۆن فەرمانڕەوای ئەخایا بوو، جولەکە هەموویان پێکەوە هێرشیان کردە سەر پۆڵس و بردیان بۆ دادگا، گوتیان: «ئەم پیاوە قەناعەتی بە خەڵک دەهێنا کە بە پێچەوانەی تەورات خودا بپەرستن.» کە پۆڵس خەریک بوو دەمی بکاتەوە، گالیۆن بە جولەکەکانی گوت: «جولەکەکان، ئەگەر بابەتەکە ناڕەوایی یان تاوانێکی خراپ بووایە، وەک هۆیەک گوێم لە سکاڵاتان دەگرت. بەڵام ئەگەر بابەتەکە لەسەر وشە و ناو و تەوراتتانە، خۆتان تەماشای بکەن. نامەوێت لەم بابەتانەدا ببمە دادوەر.» ئیتر لە دادگا دەریکردن. ئیتر هەموو خەڵک سۆستانیسی پێشەوای کەنیشتیان گرت و لەبەردەم دادگا لێیاندا، گالیۆنیش گوێی بەمە نەدا. پۆڵس ڕۆژانێکی زۆر مایەوە، ئینجا ماڵئاوایی لە برایان کرد و لەگەڵ پریسکیلا و ئەکیلا بە دەریادا بەرەو سوریا ڕۆیشت. پاشان لە کەنخریا سەری تاشی، چونکە نەزری لەسەر بوو. کاتێک گەیشتنە ئەفەسۆس، پۆڵس پریسکیلا و ئەکیلای لەوێ بەجێهێشت و خۆی چووە کەنیشت و لەگەڵ جولەکەکان دەستی بە گفتوگۆ کرد. ئەوانیش داوایان لێکرد ماوەیەکی زیاتر لایان بمێنێتەوە، بەڵام ڕازی نەبوو. ئیتر ماڵئاوایی لێکردن و گوتی: «خودا حەز بکات دەگەڕێمەوە بۆ لاتان.» ئینجا لە ئەفەسۆسەوە بە دەریادا ڕۆیشت. لە بەندەری قەیسەرییە دابەزی، بەرەو ئۆرشەلیم سەرکەوت و سڵاوی لە کڵێسا کرد، ئینجا بەرەو خوار چوو بۆ ئەنتاکیا. پۆڵس ماوەیەک لە ئەنتاکیا مایەوە و پاشان ڕۆیشت و لە ناوچەکانی گەلاتیا و فریجیا شوێن بە شوێن دەگەڕا، ورەی هەموو قوتابییەکانی بەرز دەکردەوە. جولەکەیەکی خەڵکی ئەسکەندەریە بە ناوی ئەپۆلۆس هات بۆ ئەفەسۆس، زمان پاراو و لە نووسراوە پیرۆزەکان شارەزا بوو. فێری ڕێگای مەسیحی خاوەن شکۆ کرابوو، بە دڵگەرمی دەدوا و بە دروستی خەڵکی فێری پەیامی عیسا دەکرد، هەرچەندە تەنها لەئاوهەڵکێشانەکەی یەحیای دەزانی. بە چاونەترسییەوە دەستی کرد بە قسەکردن لە کەنیشت. کە پریسکیلا و ئەکیلا گوێیان لێی بوو، بانگهێشتی ماڵی خۆیان کرد و دروستتر ڕێگای خودایان بۆ ڕوونکردەوە. کاتێک ئەپۆلۆس حەزی کرد بچێت بۆ ناوچەی ئەخایا، برایان هانیان دا و بۆ قوتابییەکانیان نووسی پێشوازیی لێ بکەن. کاتێک هاتە ئەوێ، یارمەتییەکی زۆری ئەوانەی دا کە بەهۆی نیعمەتی خوداوە باوەڕیان هێنابوو، چونکە بە هێزەوە و بە گفتوگۆی ئاشکرا جولەکە بەرهەڵستکارەکانی بێدەنگ دەکرد، لە ڕێگەی نووسراوە پیرۆزەکانەوە دەیسەلماند کە عیسا مەسیحەکەیە.

هاوبەشی بکە
کردار 18 بخوێنەوە