لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

دووەم تیمۆساوس 6:4-22

دووەم تیمۆساوس 6:4-22 KSS

سەبارەت بە من، وا وەک شەرابی پێشکەشکراو دەڕژێم و کاتی کۆچکردنم هاتووە. تێکۆشانێکی باش تێکۆشاوم، پێشبڕکێکەم تەواو کرد و باوەڕەکەم پاراست. ئێستا تاجی ڕاستودروستیم بۆ دانراوە، ئەوەی مەسیحی خاوەن شکۆ کە دادوەری ڕاستودروستە لەو ڕۆژەدا دەمداتێ، تەنها بۆ من نییە، بەڵکو بۆ هەموو ئەوانەشە کە پەرۆشی دەرکەوتنین. کۆشش بکە زوو بێیتە لام، چونکە دیماس بەجێی هێشتم، ئەم جیهانەی خۆشویست و چوو بۆ سالۆنیکی، کریسکینیش بۆ گەلاتیا و تیتۆس بۆ دەلماتیا. بە تەنها لۆقام لەلایە. مەرقۆس لەگەڵ خۆت بهێنە، چونکە لە خزمەتکردندا سوودی بۆم هەیە. تیخیکۆسم ناردووە بۆ ئەفەسۆس. کاتێک هاتیت، ئەو کەوایە لەگەڵ خۆت بهێنە کە لە ترۆئاس لەلای کارپۆس بەجێم هێشت، تۆمارەکانیش بهێنە، بە تایبەت دەستنووسەکان. ئەسکەندەری مسگەر زۆر خراپەی لەگەڵ کردم، مەسیحی خاوەن شکۆ تۆڵەی لێدەکاتەوە لەسەر کردارەکانی. خۆتی لێ بپارێزە، چونکە زۆر بەرهەڵستی پەیامەکەمانی کرد. لە بەرگری یەکەمم کەس لەگەڵم نەهات، بەڵکو هەموو بەجێیان هێشتم. خودایە، لەسەریان هەژمارد مەکە. بەڵام مەسیحی خاوەن شکۆ لەگەڵم وەستا و بەهێزی کردم، تاکو بە منەوە جاڕدانەکە بە تەواوی بدرێت و هەموو گەلان بیبیستن. ئیتر لە دەمی شێر دەرباز بووم. مەسیحی خاوەن شکۆ لە هەموو خراپەیەک دەربازم دەکات و ڕزگارم دەکات بۆ شانشینە ئاسمانییەکەی. با هەتاهەتایە مەسیح شکۆدار بێت! ئامین. سڵاو لە پریسکیلا و ئەکیلا و خێزانی ئۆنیسیفۆرۆس بکە. ئەراستۆس لە کۆرنسۆس مایەوە، بەڵام تروفیمۆسم بە نەخۆشی لە میلیتۆس بەجێهێشت. کۆشش بکە پێش زستان بێی. یۆبۆلۆس و پودیس و لینۆس و کڵاودیا و هەموو خوشکان و برایان سڵاوت لێدەکەن. مەسیحی خاوەن شکۆ لەگەڵ ڕۆحت بێت. با نیعمەتتان لەگەڵ بێت.