ئیتر پەیامی ساموئێل بە هەموو ئیسرائیل گەیشت. ئیسرائیلیش بۆ بەرەنگاربوونەوەی فەلەستییەکان بۆ شەڕ چوونە دەرەوە و لەلای بەردی یارمەتی ئۆردوگایان دامەزراند، فەلەستییەکانیش لەلای ئەفێق. ئینجا فەلەستییەکان بەرەیان بەست بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئیسرائیل و شەڕ هەڵگیرسا، ئیسرائیل لە ڕووی فەلەستییەکان بەزین و ئەوانیش لە بەرەی جەنگەکەدا، نزیکەی لە چوار هەزار پیاویان دا. ئینجا سەربازەکان گەڕانەوە بۆ ئۆردوگاکە و پیرانی ئیسرائیل پرسییان: «بۆچی یەزدان ئەمڕۆ ئێمەی بەرامبەر بە فەلەستییەکان بەزاند؟ با سندوقی پەیمانی یەزدان لە شیلۆوە بهێنین بۆ ئێرە، با بێتە نێومانەوە و لە دەست دوژمنەکانمان ڕزگارمان بکات.» جا گەل ناردیان بۆ شیلۆ و لەوێوە سندوقی پەیمانیان هەڵگرت، کە هی یەزدانی سوپاسالارە، ئەوەی لەنێوان کەڕوبەکان لەسەر تەخت دانیشتووە. دوو کوڕەکەی عێلیش، حۆفنی و فینەحاس لەوێ لەگەڵ سندوقی پەیمانی خودا بوون. ئەوە بوو لە کاتی چوونە ناوەوەی سندوقی پەیمانی یەزدان بۆ ناو ئۆردوگاکە، هەموو ئیسرائیل بە دەنگێکی بەرز هاواریان کرد کە زەوی لەرزاند. فەلەستییەکانیش گوێیان لە دەنگی هاوارەکە بوو و گوتیان: «دەنگی ئەم هاوارە بەرزە چی بوو لەناو ئۆردوگای عیبرانییەکان؟» جا کە زانییان سندوقی یەزدان هاتووەتە ناو ئۆردوگاکە، فەلەستییەکان ترسان، چونکە گوتیان: «خوداوەندێک هاتووەتە ناو ئۆردوگاکەوە!» هەروەها گوتیان: «قوڕمان بەسەر! چونکە هەرگیز پێشتر شتی وا نەبووە. قوڕمان بەسەر! کێ لە دەست ئەو خوداوەندە توانادارانە فریامان دەکەوێت؟ ئەوانە ئەو خوداوەندانەن کە لە چۆڵەوانیدا گەلی میسریان تووشی هەموو جۆرە دەردێک کرد. فەلەستییەکان بەهێزبن و پیاوبن! ئەگینا دەبنە کۆیلەی عیبرانییەکان، وەک چۆن ئەوان کۆیلەی ئێوە بوون. جا پیاوبن و بجەنگن!» ئیتر فەلەستییەکان جەنگان و ئیسرائیل بەزی و هەریەکە و بەرەو چادرەکەی هەڵات و کوشتارەکە زۆر گەورە بوو، سی هەزار سەربازی پیادە لە ئیسرائیل کوژران. سندوقی خودا دەستی بەسەردا گیرا و هەردوو کوڕەکەی عێلیش، حۆفنی و فینەحاس کوژران.
یەکەم ساموئێل 4 بخوێنەوە
گوێگرتن لە یەکەم ساموئێل 4
هاوبەشی بکە
هەموو وەشانەکان بەراورد بکە: یەکەم ساموئێل 1:4-11
ئایەتەکان پاشەکەوت بکە، ئۆفلاین بخوێنەرەوە، سەیری کلیپی فێرکاری بکە و زۆر شتی تر!
ماڵەوە
کتێبی پیرۆز
پلانەکان
ڤیدیۆکان