لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

ڕۆما 18:8-38

ڕۆما 18:8-38 PNTZS

پێم وایه‌ ئازاره‌كانی ئێستا له‌گه‌ڵ شكۆی داهاتوو كه‌ تیاماندا ئاشكرا ده‌كرێت به‌راورد ناكرێت. چونكه‌ ئافریده‌ چاوه‌ڕێ ده‌كات ڕۆڵه‌كانی خودا ئاشكرا بكرێن. چونكه‌ ئافریده‌ بۆ وه‌ڕسبوون ملكه‌چ كرا، نه‌ک به‌ ئاره‌زوو، به‌ڵكو له‌پێناوی ئه‌وه‌ی ملكه‌چی كرد، به‌ هیوای ئه‌وه‌ی ئافریده‌ له‌ كۆیلایه‌تی گه‌نده‌ڵی ئازاد بكرێت به‌ره‌و سه‌ربه‌ستیی شكۆمه‌ندی ڕۆڵه‌كانی خودا. ده‌زانین هه‌موو ئافریده‌ تا ئێستا به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت و ژانیگرتووه‌. نه‌ک ته‌نها ئه‌مه‌، به‌ڵكو ئێمه‌ش كه‌ نۆبه‌ره‌ی ڕووحمان هه‌یه‌، خۆشمان له‌ ناخماندا ده‌ناڵێنین كه‌ به‌ په‌رۆشه‌وه‌‌ چاوه‌ڕێی ڕۆڵه‌یێتین، به‌ قوربانیدانی جه‌سته‌مان. چونكه‌ به‌ هیواوه‌ ڕزگارمان بوو. به‌ڵام هیوای بینراو هیوا نییه‌. چونكه‌ ئه‌وه‌ی ده‌یبینی هیوای چی پێ ده‌خوازیت؟ به‌ڵام ئه‌گه‌ر هیوای شتێک بخوازین كه‌ بینراو نییه‌، ئه‌وا به‌ دانبه‌خۆداگرتنه‌وه‌ چاوه‌ڕێی ده‌كه‌ین. به‌ هه‌مان شێوه‌ ڕووح له‌ لاوازییه‌كانماندا یارمه‌تیمان ده‌دات. چونكه‌ نازانین پێویسته‌ له‌پێناوی چی نوێژ بكه‌ین، به‌ڵام ڕووح خۆی به‌ ناڵه‌وه‌ داكۆكیمان لێده‌كات به‌ شێوه‌یه‌ک كه‌ باس ناكرێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی دڵ ده‌پشكنێت، ده‌زانێت بایه‌خی ڕووح چییه‌، چونكه‌ به‌گوێره‌ی خواستی خودا داكۆكی له‌ پارساكان ده‌كات. ئێمه‌ ده‌زانین كه‌ هه‌موو شته‌كان بێگه‌وه‌ كارده‌كه‌ن بۆ چاكه‌ی ئه‌وانه‌ی خودایان خۆشده‌وێت، ئه‌وانه‌ی به‌گوێره‌ی مه‌به‌ستی ئه‌و بانگكراون. چونكه‌ ئه‌وانه‌ی پێشتر ناسیبوونی، پێشتر دیاری كردن بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ک وێنه‌ی ڕۆڵه‌كه‌ی ئه‌ویان لێ بێت، تاكو له‌نێو برایانی زۆردا ئه‌و ببێته‌ نۆبه‌ره‌. ئه‌وانه‌ی پێشتر دیاری كردن بانگیشی كردن، ئه‌وانه‌ی بانگی كردن بێتاوانیشی كردن، ئه‌وانه‌ی بێتاوانی كردن شكۆداریشی كردن. ئیتر چی به‌مه‌ بڵێین؟ ئه‌گه‌ر خودا له‌گه‌ڵمان بێت كێ دژمانه‌؟ ئه‌وه‌ی به‌زه‌‌یی به‌ ڕۆڵه‌كه‌ی خۆی نه‌هاته‌وه‌، به‌ڵكو له‌ پێناوی هه‌موومان به‌ختی كرد، ئیتر چۆن له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو شتێكمان پێ نابه‌خشێت؟ كێ سكاڵا له‌ بژارده‌كانی خودا ده‌كات؟ خودایه‌ ئه‌وه‌ی بێتاوان ده‌كات. كێیه‌ تاوانبار ده‌كات؟ مه‌سیحه‌ كه‌وا مرد، به‌ڵكو هه‌ستاشه‌وه‌، هه‌ر ئه‌ویش له‌لای ڕاستی خودایه‌ و داكۆكیمان لێده‌كات. كێ له‌ خۆشویستنی مه‌سیح جیامان ده‌كاته‌وه‌؟ توندی یان ته‌نگانه‌ یان چه‌وسانه‌وه‌ یان برسیێتی یان ڕووتی یان مه‌ترسی یاخود شمشێر؟ وه‌ک نووسراوه‌: {له‌ پێناوی تۆ به‌ درێژایی ڕۆژ ڕووبه‌ڕووی مه‌رگ ده‌بینه‌وه‌، وه‌ک كاوڕ بۆ سه‌ربڕین داده‌نرێین} . به‌ڵام له‌ هه‌موو ئه‌مانه‌دا سه‌ركه‌وتنمان مه‌زن ده‌بێت به‌وه‌ی خۆشیویستووین. چونكه‌ دڵنیام نه‌ مه‌رگ و نه‌ ژیان، نه‌ فریشته‌كان و نه‌ سه‌رۆكه‌كان و نه‌ هێزه‌كان، نه‌ شته‌كانی ئێستا و نه‌ شته‌كانی داهاتوو