لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

ڕۆما 6

6
1 ئیتر‌ چی بڵێین؟ ئایا له‌ گوناه‌دا بمێنینه‌وه‌ تاكو به‌خشش زیاد بێت؟ 2 حاشا! ئێمه‌ كه‌ سه‌باره‌ت به‌ گوناه‌ مردین، ئیتر چۆن تیایدا بژین؟ 3 ئایا نازانن هه‌موومان كه‌ له‌ ئیشۆعی مه‌سیحدا عه‌مادكراین، له‌ مردنه‌كه‌یدا عه‌مادكراین؟ 4 بۆیه‌ به‌ عه‌مادبوونمان له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆ مه‌رگ نێژراین، تاكو چۆن مه‌سیح له‌نێو مردووان به‌ شكۆی باوكه‌وه‌ هه‌ستایه‌وه‌، ئێمه‌ش له‌ نوێیه‌تی ژیاندا بژین. 5 چونكه‌ ئه‌گه‌ر له‌ شێوه‌ی مه‌رگه‌كه‌ی له‌گه‌ڵیدا یه‌كمان گرتبێت، له‌ هه‌ستانه‌وه‌كه‌شی ئاوا ده‌بین. 6 ئه‌مه‌ ده‌زانین: مرۆڤه‌ كۆنه‌كه‌مان له‌گه‌ڵ ئه‌و له‌خاچدرا، تاكو له‌شی گوناهبار په‌كی بكه‌وێت، چیتر كۆیله‌ی گوناه‌ نه‌بین 7 چونكه‌ ئه‌وه‌ی مرد له‌ گوناه‌ ئازاد كراوه‌. 8 به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ مه‌سیح مردووین، باوه‌ڕمان هه‌یه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌ویش ده‌ژین، 9 ده‌زانین مه‌سیح كه‌ له‌نێو مردوواندا هه‌ستێنرایه‌وه‌، نامرێته‌وه‌. ئیتر مه‌رگ به‌سه‌ریدا سالار نییه‌. 10 چونكه‌ ئه‌و مردنه‌ی مرد، به‌ جارێک بۆ گوناه‌ مرد. به‌ڵام ئه‌و ژیانه‌ی ده‌ژیێت بۆ خودا ده‌ژیێت. 11 ئێوه‌ش سه‌باره‌ت به‌ گوناه‌ خۆتان به‌ مردوو دابنێن، به‌ڵام بۆ خودا زیندوو بن له‌ ئیشۆعی مه‌سیحدا. 12 كه‌واته‌ مه‌هێڵن گوناه‌ حوكمڕانیی له‌شی له‌ناوچووتان بكات، تاكو گوێڕایه‌ڵی ئاره‌زووه‌كانی بن. 13 ئه‌ندامانتان وه‌ک ئامێری ناڕه‌وایی بۆ گوناه‌ پێشكه‌ش مه‌كه‌ن، به‌ڵكو خۆتان پێشكه‌شی خودا بكه‌ن، وه‌ک زیندووی نێو مردووان و ئه‌ندامانتان وه‌ک ئامێری خوداناسی بۆ خودا. 14 جا گوناه‌ به‌سه‌رتانه‌وه‌ سالار نابێت، چونكه‌ له‌ ژێر سایه‌ی ته‌وراتدا نین، به‌ڵكو له‌ ژێر سایه‌ی به‌خشش.
15 كه‌واته‌ چی؟ ئایا گوناه‌ بكه‌ین چونكه‌ له‌ ژێر ته‌وراتدا نین به‌ڵكو له‌ ژێر به‌خشش؟ حاشا! 16 نازانن ئه‌وه‌ی وه‌ک كۆیله‌ی ملكه‌چ خۆتانی پێشكه‌ش ده‌كه‌ن، ده‌بنه‌ كۆیله‌ی ئه‌وه‌ی ملكه‌چن بۆی: یان بۆ گوناه‌ كه‌ به‌ره‌و مه‌رگه‌ یان بۆ گوێڕایه‌ڵی كه‌ به‌ره‌و بێتاوانییه‌؟ 17 به‌ڵام سوپاس بۆ خودا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كۆیله‌ی گوناه‌ بوون، له‌ دڵه‌وه‌ ملكه‌چی ئه‌و شێوه‌ فێركردنه‌ بوون كه‌ پێتان سپێردرا. 18 ئێوه‌ له‌ گوناه‌ ئازاد كران و بوونه‌ كۆیله‌ی بێتاوانی. 19 له‌به‌ر لاوازی جه‌سته‌تان مرۆڤانه‌ ده‌دوێم. چونكه‌ چۆن له‌پێشا ئه‌ندامانی له‌شتان وه‌ک كۆیله‌ی گڵاوی و خراپه‌ بۆ خراپه‌ پێشكه‌ش كرد، ئێستاش ئه‌ندامانتان وه‌ک كۆیله‌ی بێتاوانی بۆ پارسایی پێشكه‌ش بكه‌ن. 20 چونكه‌ كاتێ كۆیله‌ی گوناه‌ بوون، سه‌باره‌ت به‌ خوداناسی ئازاد بوون. 21 ئه‌و كات چ به‌رهه‌مێكتان هه‌بوو له‌و شتانه‌ی ئێستا شه‌رمتان پێیه‌تی؟ چونكه‌ ده‌رئه‌نجامی ئه‌و شتانه‌ مه‌رگه‌. 22 به‌ڵام ئێستا كه‌ له‌ گوناه‌ ئازاد كراون و بوونه‌ كۆیله‌ی خودا، به‌رهه‌متان بۆ پارسایی هه‌یه‌ و ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی ژیانی جاویدانیه‌. 23 چونكه‌ كرێی گوناه‌ مه‌رگه‌، به‌ڵام دیاریی خودا ژیانی جاویدانیه‌ له‌ ئیشۆعی مه‌سیحی په‌روه‌ردگارمان.

دیاریکراوەکانی ئێستا:

ڕۆما 6: PNTZS

بەرچاوکردن

هاوبەشی بکە

لەبەرگرتنەوە

None

دەتەوێت هایلایتەکانت بپارێزرێت لەناو ئامێرەکانتدا> ? داخڵ ببە