لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

بینین 1:8-13

بینین 1:8-13 PNTZS

كاتێ‌ مۆری حه‌وته‌می كرده‌وه‌، نزیكه‌ی نیو كاژێر بێده‌نگیه‌ک ئاسمانی گرته‌وه‌. حه‌وت فریشته‌كه‌م بینی كه‌ له‌به‌رده‌م خودا ڕاده‌وه‌ستن، حه‌وت كه‌ڕه‌نایان پێدرابوو. فریشته‌یه‌كی دیكه‌ش هات و له‌لای قوربانگا وه‌ستا، بخووردانێكی زێڕینی پێبوو. بخوورێكی زۆریشی پێدرا تاكو له‌گه‌ڵ نوێژه‌كانی پارساكان له‌سه‌ر قوربانگا زێڕینه‌كه‌ی به‌رده‌م ته‌خت پێشكه‌شی بكات. له‌گه‌ڵ نوێژه‌كانی پارساكان دووكه‌ڵی بخوور له‌ ده‌ستی فریشته‌كه‌ له‌به‌رده‌م خودا به‌رز‌بووه‌وه‌. فریشته‌كه‌ش بخووردانه‌كه‌ی برد و له‌ قوربانگاكه‌ پڕی كرد له‌ ئاگر و فڕێیدایه‌ سه‌ر زه‌وی، له‌وێدا بووه‌ ده‌نگه‌ده‌نگ و هه‌وره‌تریشقه‌ و بروسكه‌ و بوومه‌له‌رزه‌. ئیتر حه‌وت فریشته‌كه‌ی حه‌وت كه‌ڕه‌ناكه‌یان پێبوو خۆیان بۆ لێدانی كه‌ڕه‌نا سازكرد. فریشته‌ی یه‌كه‌م كه‌ڕه‌ناكه‌ی لێدا، ته‌رزه‌ و ئاگری تێكه‌ڵ به‌ خوێن په‌یدابوو، فڕێدرانه‌ زه‌وی. سێیه‌كی دره‌خته‌كانی زه‌وی سووتان و هه‌موو گیایه‌كی سه‌وز سووتا. فریشته‌ی دووه‌م كه‌ڕه‌ناكه‌ی لێدا و شتێكی وه‌كو چیایه‌كی گه‌وره‌ی گڕگرتوو فڕێدرایه‌ ده‌ریاوه‌. سێیه‌كی ده‌ریاكه‌ش بووه‌ خوێن، سێیه‌كی بوونه‌وه‌رانی زیندووی ده‌ریا مردن، سێیه‌كی كه‌شتییه‌كانیش تێكشكان. فریشته‌ی سێیه‌م كه‌ڕه‌ناكه‌ی لێدا، هه‌ساره‌یه‌كی گه‌وره‌ی پرشنگداری وه‌ک چرا له‌ ئاسمانه‌وه‌ كه‌وته‌ سه‌ر سێیه‌كی ڕووبار و كانیاوه‌كان. هه‌ساره‌كه‌ش ناوی تاڵاو بوو. سێیه‌كی ئاو تاڵ بوو، خه‌ڵكانێكی زۆریش له‌به‌ر تاڵی ئاوه‌كه‌ مردن. فریشته‌ی چواره‌میش كه‌ڕه‌ناكه‌ی لێدا، سێیه‌كی خۆر و سێیه‌كی مانگ و سێیه‌كی ئه‌ستێره‌كان لێدران، تاكو سێیه‌كیان تاریک بن و ڕۆژ سێیه‌كی ڕووناكی نه‌دات و شه‌ویش ئاوا. پاشان ته‌ماشام كرد، بیستم فریشته‌یه‌كی هه‌ڵفڕیو له‌ناوه‌ڕاستی ئاسماندا، به‌ ده‌نگێكی به‌رز ده‌یووت: “واوه‌یلا! واوه‌یلا! واوه‌یلا بۆ دانیشتووانی سه‌ر زه‌وی، له‌به‌ر ئه‌و ده‌نگه‌ی كه‌ڕه‌نا كه‌ ماوه‌ و سێ فریشته‌كه‌ی دیكه‌ كه‌ خه‌ریكن كه‌ڕه‌ناكانیان لێده‌ن!”.