لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

بینین 9:21-27

بینین 9:21-27 PNTZS

پاشان یه‌كێک له‌و حه‌وت فریشته‌یه‌ی حه‌وت جامه‌كه‌یان پێیه‌ كه‌ به‌ دوایین حه‌وت ده‌رده‌كه‌ پڕكراون، له‌گه‌ڵم دوا، وتی: “وه‌ره‌ بووكه‌كه‌ت پیشان ده‌ده‌م، ژنی كاوڕه‌كه‌”. به‌ ڕووح بردمی بۆ چیایه‌كی مه‌زن و به‌رز، شاره‌ مه‌زنه‌كه‌، یروشلایمی‌ پارسا‌ی پیشاندام، له‌ ئاسمانه‌وه‌ له‌لایه‌ن خودا ده‌هاته‌ خواره‌وه‌. شكۆی خودای هه‌بوو، دره‌وشانه‌وه‌ی وه‌ک گرانبه‌هاترین به‌رد، وه‌ک یه‌شب، ڕوون وه‌ک شووشه‌. شوورایه‌كی مه‌زن و به‌رز و دوازده‌ ده‌رگای هه‌بوو، له‌سه‌ر ده‌رگاكان دوازده‌ فریشته‌ هه‌بوون، ناوی دوازده‌ هۆزه‌كه‌ی ڕۆڵه‌كانی ئیسڕائیل له‌سه‌ر ده‌رگاكان نووسرابوون. له‌ خۆرهه‌ڵاته‌وه‌ سێ ده‌رگا، له‌ باكووره‌وه‌ سێ ده‌رگا، له‌ باشووره‌وه‌ سێ ده‌رگا، له‌ خۆرئاواوه‌ سێ ده‌رگا بوون. شوورای شاره‌كه‌ دوازده‌ بناغه‌ی هه‌بوو، دوازده‌ ناو له‌ سه‌ریان هه‌بوو، ناوی دوازده‌ په‌یامبه‌ره‌كه‌ی كاوڕه‌كه‌. ئه‌و فریشته‌یه‌ی له‌گه‌ڵم ده‌دووا دارێكی پێوانه‌ی زێڕینی پێبوو، تاكو شاره‌كه‌ و ده‌رگاكانی و شووراكه‌ی بپێوێت. شاره‌كه‌ به‌ چوار گۆشه‌یی دانرابوو، درێژییه‌كه‌ی هێنده‌ی پانییه‌كه‌ی بوو. شاره‌كه‌ی به‌ داره‌كه‌ پێوا، دوازده‌ هه‌زار ستادیا بوو، درێژی و پانی و به‌رزییه‌كه‌ی یه‌كسان بوون. شووره‌كه‌شی پێوا، سه‌د و چل و چوار باڵ بوو به‌ باڵی مرۆڤ كه‌ فریشته‌كه‌ به‌كاری ده‌هێنا. بینای شووراكه‌ له‌ یه‌شب بوو، شاره‌كه‌ش له‌ زێڕی ساف بوو، وه‌ک شووشه‌ی ساف. بناغه‌كانی شوورای شاره‌كه‌ به‌ هه‌موو به‌ردێكی گرانبه‌ها ڕازابووه‌وه‌. بناغه‌ی یه‌كه‌م یه‌شب، دووه‌م یاقووتی شین، سێیه‌م عه‌قیقی سپی، چواره‌م زمروود، پێنجه‌م شیلانه‌، شه‌شه‌م عه‌قیقی سوور، حه‌وته‌م زه‌به‌رجه‌د، هه‌شته‌م زمروودی سه‌وز، نۆیه‌م یاقووتی زه‌رد، ده‌یه‌م عه‌قیقی سه‌وز، یازده‌یه‌م یاقووتی زه‌عفه‌رانی، دوازده‌یه‌م جه‌مشت. دوازده‌ ده‌رگاكه‌ش دوازده‌ مروارین، هه‌ر ده‌رگایه‌ک له‌ یه‌ک ده‌نكه‌ مرواری بوو. بازاڕی شاره‌كه‌ له‌ زێڕی ساف بوو وه‌ک شووشه‌ی ڕوون. په‌رستگام تیایدا نه‌بینی، چونكه‌ په‌روه‌ردگار خودای توانادار به‌سه‌ر هه‌موو شتێک، له‌گه‌ڵ كاوڕه‌كه‌ په‌رستگای ئه‌ون. شاره‌كه‌ش پێویستی به‌ خۆر و مانگ نییه‌ به‌سه‌ریدا بدره‌وشێنه‌وه‌، چونكه‌ شكۆی خودا ڕووناكی كردۆته‌وه‌ و كاوڕه‌كه‌ چرایه‌تی. گه‌لی ڕزگاربووان به‌ ڕووناكییه‌كه‌ی ڕێ ده‌كه‌ن، پاشاكانی زه‌وی شكۆی خۆیانی بۆ ده‌هێنن. ده‌رگاكانی به‌ ڕۆژ هه‌رگیز داناخرێن، چونكه‌ له‌وێ شه‌و دانایه‌ت. شكۆ و ڕێزی نه‌ته‌وه‌كانیشی بۆ ده‌هێنن. هیچ شتێكی گڵاو ناچێته‌ ناوی، نه‌ک ئه‌وانه‌ی قێزه‌وه‌نن و درۆزنن، به‌ڵكو ته‌نها ئه‌وانه‌ی كه‌ ناویان له‌ سیپاره‌ی ژیانی كاوڕه‌كه‌دا نووسراوه‌.