لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

بینین 1:17-10

بینین 1:17-10 PNTZS

ئینجا یه‌كێک له‌و حه‌وت فریشته‌یه‌ی حه‌وت جامه‌كه‌یان پێبوو پێی وتم: “وه‌ره‌ با سزای داوێنپیسه‌ مه‌زنه‌كه‌ت پیشان بده‌م كه‌ له‌سه‌ر ئاوه‌ زۆره‌كان دانیشتووه‌. ئه‌وه‌ی پاشاكانی زه‌وی داوێنپیسییان له‌گه‌ڵ كردووه‌، دانیشتووانی زه‌وی به‌ مه‌یی داوێنپیسییه‌كه‌ی سه‌رخۆش بوون”. ئه‌ویش له‌ ڕووحدا بردمییه‌ چۆڵه‌وانیه‌ک، بینیم ژنێک له‌سه‌ر دڕنده‌یه‌كی قرمزی دانیشتووه‌ كه‌ به‌ ناوی كفر داپۆشرابوو، حه‌وت سه‌ر و ده‌ قۆچی هه‌بوو. ژنه‌كه‌ به‌ ئه‌رخه‌وانی و قرمزی پۆشرا بوو، به‌ زێڕ و به‌ردی گرانبه‌ها و مرواری ڕازابووه‌وه‌، جامێكی زێڕینی به‌ده‌سته‌وه‌ بوو، پڕ له‌ قێز و گڵاویی داوێنپیسییه‌كه‌ی. له‌سه‌ر نێوچه‌وانیشی ناوێک نووسرابوو: “نهێنیه‌ک. باڤلی مه‌زن، دایكی داوێنپیسان و قێزه‌وه‌نانی زه‌وی”. هه‌روه‌ها بینیم كه‌ ژنه‌كه‌ به‌ خوێنی پارساكان و خوێنی شه‌هیدانی ئیشۆع سه‌رخۆش ببوو. به‌ بینینی زۆر سه‌رسام بووم! فریشته‌كه‌ پێی وتم: “بۆچی سه‌رسام بوویت؟ نهێنی ژنه‌كه‌ و ئه‌و دڕنده‌یه‌ی هه‌ڵیگرتووه‌ پێت ده‌ڵێم، كه‌ حه‌وت سه‌ر و ده‌ قۆچی هه‌یه‌: ئه‌و دڕنده‌یه‌ی بینیت هه‌بووه‌ و ئێستا نییه‌، خه‌ریكه‌ له‌ دۆڵی بێبن ده‌رده‌چێت و بۆ له‌ناوچوون ده‌ڕوات. دانیشتووانی زه‌وی، ئه‌وانه‌ی له‌ دامه‌زراندنی جیهانه‌وه‌ ناویان له‌ سیپاره‌ی ژیاندا نه‌نووسراوه‌، سه‌رسامیان ده‌كات كه‌ ده‌بینن دڕنده‌كه‌ هه‌بووه‌ و ئێستا نییه‌ كه‌ دێته‌وه‌ش. ئه‌مه‌یه‌ هزری دانا! حه‌وت سه‌ره‌كه‌: حه‌وت چیان كه‌ ژنه‌كه‌ له‌سه‌ریان دانیشتووه‌، حه‌وت پاشاكه‌ش: پێنجیان كه‌وتن و یه‌كێكیان هه‌یه‌ و ئه‌وی دیكه‌ هێشتا نه‌هاتووه‌. كاتێكیش دێت پێویسته‌ كه‌مێک بمێنێته‌وه‌.