لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

بینین 6:13-13

بینین 6:13-13 PNTZS

ئیتر ده‌می كرده‌وه‌ و كفری به‌ خودا كرد و جنێوی به‌ ناوی خودا و نشینگه‌كه‌ی و دانیشتووانی ئاسمان ده‌دا. ڕێگای پێدرابوو له‌ دژی پارساكان بجه‌نگێت و بیانبه‌زێنێت، ده‌سه‌ڵاتیشی پێدرابوو به‌سه‌ر هه‌موو هۆز و زمان و نه‌ته‌وه‌یه‌كدا. هه‌موو دانیشتووانی سه‌ر زه‌ویش كڕنۆشی بۆ ده‌به‌ن ئه‌وانه‌ی ناویان له‌ سیپاره‌ی ژیانی كاوڕه‌كه‌ نه‌نووسراوه‌ كه‌ له‌ دامه‌زراندنی جیهانه‌وه‌ سه‌ربڕاوه‌. ئه‌وه‌ی گوێی هه‌یه‌، با ببیستێت! ئه‌گه‌ر یه‌كێک بۆ ڕاپێچكردن بچێت، ڕاپێچ ده‌كرێت. ئه‌گه‌ر یه‌كێک به‌ شمشێر بكوژێت، به‌ شمشێر ده‌كوژرێت. ئه‌مه‌ بۆ دانبه‌خۆداگرتنی پارساكانه‌. دڕنده‌یه‌كی دیكه‌م بینی له‌ زه‌وییه‌وه‌ ده‌رده‌چوو، دوو قۆچی وه‌ک كاوڕی هه‌بوو، وه‌ک ئه‌ژدیها ده‌دووا. به‌ ته‌واوی ده‌سه‌ڵاتی دڕنده‌ی یه‌كه‌م بۆ ئه‌و په‌یڕه‌و ده‌كات، وا له‌ زه‌وی و دانیشتووانی سه‌ری ده‌كات كڕنۆش بۆ دڕنده‌ی یه‌كه‌م ببه‌ن، كه‌ برینه‌ كوشنده‌كه‌ی ساڕێژ ببوو. په‌رجوی گه‌وره‌ ده‌كات، ته‌نانه‌ت وا ده‌كات له‌به‌رچاوی خه‌ڵک ئاگر له‌ ئاسمانه‌وه‌ بێته‌ خواره‌وه‌ بۆ زه‌وی.