لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

په‌سنییه‌كان 1:69-15

په‌سنییه‌كان 1:69-15 PNTZS

خودایه‌ ڕزگارم بكه‌، چونكه‌ ئاو تا لووتم هاتووه‌، له‌ زه‌لكاوێكی قووڵ نوقوم ده‌بم، جێی پێی تێدا نییه‌. چوومه‌ته‌ نێو قووڵایی ئاو، لافاو ڕایماڵیوم. ماندووبووم له‌ هاواركردن، گه‌رووم وشک بوو، چاوه‌كانم كز بوون هێنده‌ چاوه‌ڕوانی خوداوه‌ندم كرد. ئه‌وانه‌ی به‌بێ‌ هۆ ڕقیان لێمه‌ له‌ مووی سه‌رم زۆرترن، زیاد بوون ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت تێكم بشكێنن، ئه‌وانه‌ی به‌ سته‌م دژی منن. ئه‌وه‌ی نه‌مدزیوه‌، ئێستا ده‌بێت بیده‌مه‌وه‌. خودایه‌ تۆ ده‌به‌نگی من ده‌زانیت، تاوانه‌كانم له‌ تۆ شاراوه‌ نین. ئه‌ی باڵاده‌ست، په‌روه‌ردگاری سوپاسالار، با ئه‌وانه‌ی هیوایان به‌ تۆیه‌، به‌هۆی منه‌وه‌ ڕیسوا نه‌بن. ئه‌ی خودای ئیسڕائیل. با ئه‌وانه‌ی تۆیان ده‌وێت، به‌هۆی منه‌وه‌ شه‌رمه‌زار نه‌بن. له‌ پێناوی تۆ به‌رگه‌ی سه‌رشۆڕیم گرت. شه‌رمه‌زاری ڕووی داپۆشیم. له‌لای براكانم بووم به‌ بیانی، لای كوڕانی دایكم بووم به‌ بێگانه‌. دڵگه‌رمی بۆ ماڵه‌كه‌ت ده‌مخوات، جنێوی ئه‌وانه‌ی جنێوت پێده‌ده‌ن كه‌وته‌ سه‌ر من. به‌ ڕۆژووگرتن گیانی خۆم هێنایه‌ گریان، بوو به‌ سووكایه‌تی بۆم. گووشم پۆشی، بووم به‌ په‌ند لایان. بووم به‌ جێی سه‌رنجی ئه‌وانه‌ی له‌به‌ر ده‌روازه‌ داده‌نیشن، مه‌سته‌كانیش ده‌رباره‌ی من گۆرانی گاڵته‌ئامێز هه‌ڵده‌به‌ستن. به‌ڵام من نوێژه‌كانم بۆ تۆیه‌، ئه‌ی په‌روه‌ردگار، له‌ كاتی ڕه‌زامه‌ندیت، خودایه‌، به‌ زۆریی میهره‌بانیه‌كه‌ت، به‌ ڕزگاریه‌ دڵسۆزانه‌كه‌ت وه‌ڵامم بده‌ره‌وه‌. ده‌ربازم بكه‌ له‌ زه‌لكاو، با نوقم نه‌بم. له‌ دوژمنه‌كانم و له‌ قووڵایی ئاو ده‌رباز ده‌بم. با لافاو ڕام نه‌ماڵێت، قووڵایی ئاو قووتم نه‌دات، دۆڵی بێبن له‌سه‌رم دانه‌خرێت.

ڤیدیۆ پەیوەندیدارەکان